زووم..
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
شازادە راوێژ بە دۆستەکانی دەکات بۆ گەڕانەوە
لە پاش ئەوەی رۆژنامەی دەیلی مەیل ئاشکرای کرد، پاشای بەریتانیا ئامۆژگاریی کراوە داوا بکات کوڕەکەی بگەڕێنێتەوە بەریتانیا، زانیارییە نوێیەکان دەڵێت پاشا ئامادەیی پیشانداوە گفتوگۆ لەگەڵ هاریی کوڕیدا دەست پێبکات.
شازادە هاری پرس و راوێژی بە چەند دۆستێکی دێرینی لە بەریتانیا کردووە، بۆئەوەی ئامۆژگاریی بکەن و شێوازی گونجاوی بۆ گەڕانەوەکەی پیشانبدەن.
سەرچاوەیەک دەڵێت ئێستا لە بری راوێژکارە ئەمریکییەکان، پرس بە قەشەی ساسێکسدا دەکرێت، ئەویش لە ئەزموونیی تەمەنی خۆیەوە بە هاریی گوتووە، پێویستە لەمەودوا زۆرتر سەردانی بەریتانیا بکاتەوە و زۆرتریش بمێنێتەوە.
دەیلی تەلەگراف
زیادبوونی باج بەریتانیا لە دەوڵەمەندەکان چۆڵ دەکات
سەرمایەدار و خاوەنی کۆمپانیا گەورەکان دەستیان کردووە بە جێهێشتنی بەریتانیا، چونکە ئەو بەرنامەی کارەی راشێڵ ریڤز بۆ سیستمی باج رایگەیاندووە پەستانی زۆر دەخاتە سەریان.
سەرمایەدارانی کاری بانکی، راوێژکارانی ئابووری، خاوەنکارەکان لەو کەسانەن دەیانەوێت وڵات جێبهێڵن.
کەسێکی پسپۆر لەم رووەوە هۆشداریی داوە بە وەزیری گەنجینە، پێی گوتووە ئەو ئومێدەی وەزیرەکە لەسەر زیادکردنی باج هەڵیچنیوە، وڵات بەرەو وێرانە دەبات.
تایمز
ژیانی ژنان لە سەردەمی تاڵیباندا زۆر سەخت بووە
یاسایەکی نوێی تاڵیبان دەڵێت بیستنی دەنگی ژن بەدڕەوشتییە، بۆیە گۆرانی گوتنی ژنان لە نێو ماڵی خۆشیاندا قەدەغەیە.
هەفتەی رابردوو ژنێک باگهێشتی ئاهەنگێکی هاوسەرگیری کرابوو، دەڵێت: لە پێش کەوتنی کابوڵ بۆ بۆنەی لەمشێوەیە خۆیان دەگۆڕی و جلی رەنگاوڕەنگیان لەبەردەکرد، ماکیاژیان دەکرد، هەموو ژنان کۆدەبوونەوە بە ئارەزووی خۆیان قسەیان دەکرد، هەڵدەپەڕین و دەفیشمان لێدەدا، بەڵام ئێستا ساڵۆنەکان قەدەغەن و داخراون.
لە سایەی دەسەڵاتی تاڵیباندا مۆسیقا و سەما و هەڵپەڕکێش نەماوە.
هەموویان عەبا رەشەکە و ماسکەکەی سەر دەموچاویان پێووەبوو، لە کۆبوونەوەکەشدا جگە لە قسەکردنێکی بێدەنگ هیچ شتێک رێگەپێدراو نەبوو.
فاینەنشیەڵ تایمز
کەمبوونەوەی دانیشتووانی ژاپۆن گرفتی بۆ سوپا دروستکردووە
لە هەوڵێکدا بۆ چارەسەری ئەو گرفتەی بەهۆی کەمیی ژمارەی سەربازانی سوپادا دروست بووە، وڵاتی ژاپۆن بڕیاریداوە هەرکەس بچێتە ریزی سوپاوە باشترین جێی نوستن و گەورەترین و زۆرترین پلە گۆشتی بدەنێ.
دانیشتوانی ئەم وڵاتە بە تێکڕای گشتی بەساڵدا چوون، لە رووی ژمارەوە کەمبوونەتەوە، ئەمە وایکردووە ژمارەی سەربازانی سوپا کەم ببێتەوە.
بەڵام لەسایەی ئەو نائارمییەدا، کە جیهانی گرتووەتەوە، هەروەها چین و کۆریای باکوور هەڕەشە بۆ تۆکیۆ دروست دەکەن، ژاپۆن بیر لە باشترکردنی رەوشی سوپاکەی دەکاتەوە.
دوێنێ وەزارەتی بەرگری داوای بودجەیەکی 59 ملیار دۆلاریی کرد بۆ خەرجی ساڵی داهاتوو.
دەیانەوێت بودجەی تەرخانکراو بۆ سوپا بەرێژەی لەسەدا دوو بەرزتربێت.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا ناکشێنەوە
ئیسان گۆڵدرێچ یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروبارى رۆژهەڵات و بەرپرسی دۆسیەى سوریا لە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا بە رۆژنامەى شەرقلئەوسەتى راگەیاند، لە سوریا ناکشێنەوە.
رەتیکردەوە ئیدارەى بایدن پلانێکى لەو جۆرەى لەبەرنامەدا هەبێت، راشیگەیاند ئەمریکا پابەندە بەو بەڵێن و هەماهەنگییانەى لەگەڵ هێزە ناوخۆییەکانى سوریا هەیەتى.
سەبارەت بە ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانیش لەگەڵ سوریا گوتى: تا ئەسەد ئامانجەکانى نەهێنێتەدى پەیوەندییەکانیان ئاسایی ناکەنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا گوتی، ئەو وڵاتانەى لە پشتى ئەسەدەوە وەستاون پێویستە هانی بدەن بگەڕێتەوە سەر جێبەجێکردنى بڕیارە نێودەوڵەتییەکان.
سەباح
بەمزووانە عێراق ناوى باڵیۆزە نوێیەکانی یەکلا دەکاتەوە
جەبار کینانى جێگری سەرۆکی لیژنەى پەیوەندییە دەرەکییەکان لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، لە چەند رۆژى داهاتوودا لیژنەیەکى تایبەت لە وەزارەتى دەرەوە بە سەرۆکایەتى فوئاد حسێن چوارەمین کۆبوونەوەى تایبەت بە دیاریکردنى 40 باڵیۆز کۆدەبێتەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا دۆسیەى ئەو کەسانە یەکلایی دەکرێتەوە کە پاڵێوراون بۆ باڵیۆزى عێراق، دواى یەکلاکردنەوەی ناوەکانیان، دۆسییەکانیان رەوانەى لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن.
کینانی گوتویەتی، 40 کەسیان ئەزموونى پێشوویان هەیە و دادەنرێنەوە.
هەروەها 40ـى دیکەشیان بە گوێرەى پێوەرەکان دیاریدەکرێن.
عەرەب
داعش بۆ ئاڕاستەکردنى چەکدارەکانى سود لە ژیری دەستکرد دەبینێت
سەرەڕای ئەوەى داعش بە رێکخراوێکى توندڕەوى ئیسلامی دادەنرێت، کە هەمیشە بانگەشەى گەڕانەوە بۆ سەردەمەکانی رابردوو دەکات، بەڵام تواناى بەکارهێنانى تەکنۆلۆژیاى سەردەمییانەی، واى لە توێژەران کردووە کە دیدگایەکى دیکەیان هەبێت و پێیان وابێت ئەم رێکخراوە توانایەکى بەهێزى شاراوەى هەیە لە بوارى تەکنەلۆژیادا.
لە نوێترین پێشهات بەکارهێنانى ژیری دەستکردە، ئەمەش ئەو شەش پێوەرەى کۆمپانیاى مایکرۆسۆفت دەخاتە ژێرپرسیارەوە کە بریتین لە مامەڵەکردن وەک یەک و متمانە، پاراستن، تایبەتمەندی، ئاسایش، شەفافیەت و لێپێچینەوە.
سەرچاوەیەکى ئەمنى فەرەنسی لە ماوەکانى پێشوودا بە رۆیتەرزی راگەیاندبوو، هەواڵگریی وڵاتەکەیان ئاگاداری ئەوەن چەندین کەسی شارەزاى بوارەکانى تەکنۆلۆژیا و ئینتەرنێت لە نێو داعشدا لە زۆرێک لە وڵاتانى دونیادا سەرقاڵی کارکردنن بۆ رازیکردنى لاوانى ئەوروپى تا بچنە ریزەکانیان.
بەشێکى زۆری ئەو شارەزایانە سەر بە داعشەکانى خۆراسانن، کە سنوورى چالاکییەکانیان دەکەوێتە وڵاتانى ئەفغانستان و ئێران و ئاسیاى ناوەڕاست.
شارەزایان بە دووری نازانن لە داهاتوویەکى نزیکدا داعش دەستى بگاتە بەکارهێنانى رۆبۆتەکان و ژیری دەستکردیش بکاتە یەکێک لە چەکەکانى.
دەستوور
عێراق وردبینی لە کاروباری دارایی بە کۆمپانیایەکى ئەمریکی دەسپێرێت
بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، شاندێکیان بە سەرۆکایەتى عەلى عەلاق لە ئێستادا لە نیۆرکە بۆ ئەوەى گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاى ئۆلیڤەر ویمان بکەن بۆ ئەوەى پێداچوونەوە بە دۆخی سەرجەم بانکەکانى عێراقدا بکەن، بەتایبەتى ئەو بانکانەى مامەڵکردنیان بە دۆلارى ئەمریکی لێقەدەغەکراوە.
بەگوێرەى بەیاننامەکە ئەو کۆمپانیایە دەیەوێت چارەسەرێک بۆ ئەو بانکانە بدۆزێتەوە و بە شێوەیەک لە شێوەکان بیانبەستێتەوە بە بانکە عێراقی و نێودەوڵەتییەکانەوە، لە هەمان کاتیشدا ئاستى مامەڵە بانکییەکانى عێراقیش بەرزبکاتەوە بۆ ئاستى پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
لە ئیستەنبوڵ 36 هەزار میراتی شوێنەواری کلتووری هەیە
ماهیر پۆڵات، دامەزرێنەری بەشی میراتی شوێنەواری ئیستەنبوڵ لە گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ رایگەیاند، لە ساڵی 2019ـەوە، کە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بووە بە سەرۆکشارەوانیی پارێزگاکە، نزیکەى هەزار شوێنەواری مێژوویی نۆژەن کراونەتەوە و 35 مۆزەخانە و هۆڵی نمایش دروستکراون. بە تێکڕا 36 هەزار میراتی شوێنەواری کلتووری لە ئیستەنبوڵ هەن.
سۆزجو
بەهۆی گرانییەوە 110 هەزار کەس هاوسەرگیرییان نەکردووە
ساڵی رابردوو 610 هەزار کەس لە تورکیا سەردانی شارەوانییەکانیان کردووە بۆ راییکردنی مامەڵەی هاوسەرگیری، بەڵام ئەمساڵ، بەهۆى گرانییەوە، تەنها 500 هەزاریان لەو ژمارەیە هاوسەرگیرییان کردووە.
هاوکات بەگوێرەی ئامارەکان، بەهۆی گرانییەوە لە هەر 10 کەسێک، چواریان ناتوانن پشووی ساڵانەى خۆیان وەربگرن و گەشت بکەن. هۆکارەکەشی بۆ ئەوەیە ناتوانن خەرجیی یەک هەفتەیان بە گەشتکردن بدەن.
سەباح
لەمساڵدا 11 ملیۆن گەشتیار سەردانى ئەنتاڵیایان کردووە
کان کاڤاڵئۆغڵو، سەرۆکی کۆمەڵەی هۆتێل و بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دەریای ناوەڕاست رایگەیاند، رێژەی گرتنی ژووری هۆتێلەکانی ئەنتاڵیا لەسەدا 90ـی تێپەڕاندووە. لەمساڵدا ژمارەی گەشتیاران زیاترە لە 11 ملیۆن کەس، ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجیان ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ پێشوازی لە 17 ملیۆن گەشتیار بکەن.
میلاد
فڕۆکەجەنگییەکان بۆردومانى بارەگاکانی پەکەکە دەکەن
لە درێژەى ئۆپراسیۆنی چنگی قفڵ لە هەرێمی کوردستان و رۆژاڤا، سوپای تورکیا لەڕێى ئاسمانەوە بۆردومانى بنکە و بارەگاکانی پەکەکە دەکات.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاندووە، هێرشەکانمان لەڕێى ئاسمانەوە بەردەوام دەبێت و لە ناوچەی قەڵغانی فورات چەند گەریلایەکی پەکەکەیان بەئامانج گرتووە.
رۆژنامە فارسییەکان
خوب
پچڕانی تەزووی کارەبا لەگەڵ گەشەی ئابووری ناگونجێت
محەمەد رەزا عارف جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار لە رێورەسمی ناساندنی عەباس عەلی ئابادی وەک وەزیری نوێی وزە، جەختی لە گرنگیدان بە وزە نوێبووەکانی وەک وزەی خۆر و با کردەوە.
ئابادی بە رەخنەگرتن لە دۆخی ئێستای کارەبای ئێران، گوتی: سەرەڕای ئەوەی ئامانجمان لە ئابووریدا گەشەکردنی %8 ـه لە ئەمساڵدا، بەڵام رۆژانە 7 بۆ 8 کاتژمێر پچڕانی کارەبامان هەیە کە ئەمەش دەبێتە هۆی زیانی دارایی گەورە.
داوای کرد راپۆرتێکی ورد لەسەر دۆخی وزە ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ کاری وەزارەتی وزە بکرێت، بە دروستکردنی پرۆژەی وزەی نوێبووە، رێ لە پچڕانی بەردەوامی کارەبا بگیرێت.
روزگار
وەزارەتی دەرەوە بوونی سەربازی ئێران لە ئۆکراین رەتدەکاتەوە
ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بانگەشەی بوونی سەربازیی ئێرانی لە ئۆکراین بە مەبەستی راهێنانی هێزەکانی روسیا بە بێبنەما ناوبرد و رەتیکردەوە.
کەنعانی جارێکی دیکە جەختی لە هەڵوێستی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە دژایەتی شەڕ و پێویستی راگرتنی ململانێکان و چارەسەری ئاشتییانەی ناکۆکییەکانی نێوان روسیا و ئۆکراین کردەوە و گوتی: ئەم بانگەشە بێبنەمایە ئامانجی سیاسیی لە پشتە و پێچەوانەی هەڵوێستی ئێرانە سەبارەت بە شەڕی ئۆکراین.
مەردوم سالاری
هەناردەی نانەوتیی ئێران بۆ عێراق دوو هێندە گەشەی کردووە
بێهروز قەرەبەیگی، سەرپەرشتیاری گومرگی پارێزگای خوزستانی ئێران رایگەیاند، هەناردەی نانەوتیی پارێزگاکە بۆ عێراق لە پێنج مانگی رابردوودا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پێشوو، بە رێژەی زیاتر له دوو هێندە گەشەی کردووە.
بەهای هەناردەی نانەوتیی ئێران بۆ عێراق %30 زیادی کردووە، گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 380 هەزار تۆن کاڵا بە بەهای یەک ملیار و 38 ملیۆن دۆلار.
هەناردەی پارێزگاکە بۆ وڵاتانی دیکەش گەشەسەندنی به خۆوە بینیوە، لە رووی کێشەوە بە رێژەی %14 و لە رووی بەهاوە بە رێژەی %50 زیادی کردووە.
زۆرترین رێژەی هەناردە لە پارێزگای خوزستان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراقه.
ئەبراری ئیقتسادی
ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران و روسیا رووی لە داکشانە
بە گوێرەی داتاکانی گومرگی ئێران، ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران لەگەڵ روسیا و عومان لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا کەمیکردووە.
بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران لەگەڵ روسیا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە رێژەی %28 دابەزیوە.
لە لایەکی دیکەوە زیاتر لە نیوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێران لەگەڵ 15 وڵاتی دراوسێی خۆیدایە، ئیمارات، تورکیا و عێراق زۆرترین پەیوەندیی بازرگانییان لەگەڵ ئێراندا هەیە، نزیکەی %40 بازرگانیی ئێران لەگەڵ ئەم سێ وڵاتەیە.