زووم…
رۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکی بڵاویکردەوە، لەدوای رووداوی خستنەخوارەوەی درۆنە تورکییەکە لە کەرکوک فەرماندەیەکی سەربازیی عێراق بانگێشتی بەغداد کراوە.
رۆژنامەکە دەڵێت، بە بڕیاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەمید روکن عەبدولسەلام حەمودی، جێگری فەرماندەی هێزی ئاسمانیی عێراق لە ناوچەی باکوور بانگهێشتی بەغداد کراوە.
ئەم فەرماندە سەربازییە چەند ساتێک دوای خستنەخوارەوەی درۆنە تورکییەکە لە شوێنی رووداوەکە دەرکەوت و قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی: بە فەرمانی سەروخۆیان درۆنێکی تورکییان خستووەتە خوارەوە، دوای ئەوەی ئاسمانی کەرکوکی بەزاندووە.
ئەو فەرماندەیە لەدوای رووداوەکە قسەی بۆ زووم کرد و پشتڕاستیکردەوە درۆنەکە تورکی بووە و گوتی: درۆنەکە لە ئاسمانی قەرەهەنجیرەوە هاتووەتە نێو ئاسمانی کەرکوک.
پێشتر رۆژنامەی تورکیا رایگەیاند، درۆنەکە پێش ئەوەی لە کەرکوک بخرێتە خوارەوە بە ئاسمانیی رێگەى سلێمانیدا کەشفی بۆ پەکەکە و داعش کردووە.
رۆژی 29-08-2024 سوپای عێراق لە ناوچەی چیمەن لە نزیک کەرکوک چوار مووشەکی ئاراستەی درۆنەکە کرد و خستییە خوارەوە. بەشێکی درۆنەکە لە گەڕەکی تسعینی کەرکوک کەوتە خوارەوە و دواتر گڕیگرت کە کەسێک بە سووکی برینداربوو، رووداوەکە زیانی ماددیشی لێکەوتەوە.
درۆنەکە درۆنی تای ئاکسونگور بوو کە نرخەکەی لەنێوان 15-20 ملیۆن دۆلارە. درۆنەکە توانای هەیە بۆ ماوەی 50 کاتژمێر لە ئاسماندا بمینێتەوە و بۆ مەبەستی هێرشکردن و چاودێریی بەکاردەهێنرێت.