زووم…
رۆژنامەی حورییەتی تورکی بڵاویکردەوە یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاندووە، عێراق بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنی دژی پەکەکە دەکات.
یەسار گولەر گوتوویەتی، بەگوێرەى ئەو رێککەوتنەى لە 15ـى ئابدا لەنێوان ئەنقەرە و بەغداد واژۆکراوە، گەیشتوونەتە هەماهەنگیی زیاتر لەبواری رووبەڕووبونەوەى تیرۆر.
وەزیری بەرگریی تورکیا دەشڵێت، “خۆشحاڵین حکومەتى عێراق تێڕوانینی لەسەر پەکەکە گۆڕاوە و بە رێکخراوێکی قەدەغەکراوى ناساندووە.”
گولەر رایگەیاندووە، لەکاتی پێویستیدا سوپای عێراق پشتیوانی لە سوپای تورکیا دەکات لە ئۆپراسیۆنی رووبەڕووبونەوەى پەکەکە.
پێش چەند رۆژێک رۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکی رایگەیاند، عێراق لە ئۆپراسیۆنی تورکیا لە چیای گارە بەشداری دەکات و بۆ ئەو مەبەستە سەربازەکانى سوپای عێراقی لە بنکەی بەعشیقە بۆ ماوەى 32 هەفتە راهێنان پێکراوە بۆ ئەوەى لە ئۆپراسیۆنەکە بەشداربن.
لە رۆژی 15ـی ئەم مانگە بەغداد و ئەنقەرە لێکتێگەشتنێکی ئەمنییان واژۆکرد بۆ “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.” لێکتێگەشتنەکە لە ئەنقەرە لەلایەن سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق و یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا واژۆکرا.
لە شاندەکەی عێراق کە سەردانی ئەنقەرەیان کردبوو هەریەک لە فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەشداربوون.
لەدوای واژۆکردنی لێکتێگەشتنەکە فواد حسێن رایگەیاند: سەربازگەی بەعشیقە دەبێتە سەربازگەیەکی مەشقپێکردنی هێزهكانی عێراق.