زووم، ئاژانسەکان:
هەشت یاریگەکەی قەتەر پاش کۆتاییهاتنی مۆندیال دیمەنی نوێ وەردەگرن، یەکێکیان دەکرێتە قوتابخانە و یەکەی نیشتەجێبوون، یەکێکی دیکەشیان ئاسەوای یاریگەی پێوە نامێنێت. زۆرینەشیان کورسییەکانیان کەمدەکرێنەوە، لەکۆتاییشدا زیاتر لە 170 هەزار کورسی دەبەخشنە وڵاتانی هەژار، ئەوانەی توانای دابینکردنی کورسیی نێو یاریگەکانیان نییە.
حكومەتی قەتەر لەخۆڕا نزیكەی 220 ملیار دۆلاری لە رێكخستنی مۆندیالی تۆپی پێی 2022دا خەرج نەكردوە و وەك ئەوەی دەگوترێت “پارەكەی بە فیڕۆ دەڕوات”، بەڵكو دەزانێت چی كردوە و لەئایندەشدا چی دەكات.
ئەوكاتەی قەتەر دۆسێی خۆی پێشكەش بە یەكێتیی تۆپی پێی جیهان (فیفا) كرد، هەموو پلانەكانی ئێستای بە ورد و درشتی خستبوەڕو، بڕیاریدابوو ئەگەر متمانەی فیفا وەربگرێت، ئەوا 8هەشت یاریگەی سپێشەڵ وەن بۆ مۆندیال ئامادەدەكات.
قەتەر 220 ملیار دۆلاری لە رێكخستنی مۆندیالی تۆپی پێی 2022دا خەرجكردوە
فیفا متمانەكەی بە قەتەر دا و ئەویش حەوت یاریگەی دروستكرد و ستادیۆمی خەلیفەشی بۆ ئەم روداوە گرنگە نوێكردەوە و خستییە خزمەت مۆندیالەوە، بەڵام پرسیارەكە گەورەكە لێرەدا ئەوەیە: پاش مۆندیال كە تەنها نزیكەی مانگێك دەخایەنێت، قەتەر چی لەو هەموو یاریگە گەورە و فراوانانە دەكات؟ وڵاتێكی وا بچوك ئەو هەموو یاریگە تایبەتەی بۆچییە؟ ئەوەی پلانی میواندارییەكەی داناوە، بیری لە چارەنوسی یاریگەکانیش کردووەتەوە و دەزانن چییان لێدەكەن.
لێرەوە دەچینە ناو پرسی چارەنوسی یاریگەکانی مۆندیالەوە:
یەكەم: یاریگەی لوسێل
ئەم یاریگەیە گەورەترینی مۆندیالی قەتەرە و میوانداریی یاریی كۆتایی دەکات لە 18ی کانونی یەکەم.
زیاتر لە 80 هەزار هاندەر لەخۆدەگرێت و رەنگێكی ئاڵتونیی نایابی هەیە و شێوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ فۆلكلۆری فەتەری و ئیسلامی، بەڵام لە دوای مۆندیال كورسییەكانی هەڵدەوەشێنرێت و حكومەتی قەتەر یاریگەکە دەكاتە چەندین قوتابخانە و یەكەی نیشتەجێبوون و كلینیكی پزیشكی و زنجیرە ماركێت.
هەرچەندە وەك یاریگە نامێنێتەوە، بەڵام شێوە و رووخساری وەك خۆی دەهێڵدرێتەوە، تاوەکو نەوەكانی داهاتوی قەتەر بزانن وڵاتەكەیان چی بۆ مۆندیالی 2022 بنیاتناوە.
دووەم: یاریگەی شاری فێركاری (المدینة التعلیمیة)
دەكەوێتە شاری رەییان و لەناوەڕاستی چەندین زانكۆی ئاستبەرزی قەتەردا بنیاتنراوە، كە 40 هەزار هاندەر دەگرێت و میوانداریی كۆمەڵێك یاریی مۆندیال دەکات.
یاریگەکە لەپاش مۆندیال دەكرێتە سەنتەرێكی هەمیشەیی بۆ هەڵبژاردەی تۆپی پێی كچانی قەتەر، ژمارەی كورسییەكانی هاندەرانیش بۆ 20 هەزار کەمدەکرێتەوە.
سێیەم: یاریگەی باشور (الجنوب)
دەكەوێتە شاری وەكرەی باشور، یەكێكە لە ناوچە دێرینە قەرەباڵغەكانی قەتەر.
23 كیلۆمەتر لە دەوحەی پایتەختەوە دوورە و 40 هەزار هاندەر لەخۆدەگرێت.
دیزاینەری كۆچكردوی بەناوبانگی عێراقی “زوها حەدید” دیزاینەكەی كردوە و حكومەت بەنیازە وەك خۆی بیهێڵێتەوە، بەڵام ژمارەی كورسییەكانی بۆ نیوە کەمدەکاتەوە.
چوارەم: یاریگەی سەمامە (الثمامة)
دەكەوێتە باشوری دەوحەی پایتەخت و لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی حەمەد دروستكراوە. 40 هەزار هاندەر دەتوانن بچنە ناوی و وەك خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام ژمارەی کورسییەکانی بۆ نیوە کەمدەکەنەوە.
پێنجەم: یاریگەی ئەحمەد بن عەلی
بە هەمانشێوە لە شاری رەییان دروستكراوە و لە لێواری بیاباندا بنیاتنراوە و 20 كیلۆمەتر لە دەوحەی پایتەختەوە دوورە.
40 هەزار هاندەر لەخۆدەگرێت و حكومەت بەنیازە بیكات بە بارەگای یانەی بەناوبانگی رەییان، بەڵام كورسییەكانی بۆ 20 هەزار كەمدەكاتەوە.
شەشەم: یاریگەی ئەلبەیت (البیت)
ئەم یاریگایەیان دەكەوێتە شاری خۆر لە كەناری دەریا لە خۆرهەڵاتی وڵاتەكە و 60 هەزار هاندەر لەخۆدەگرێت و بەشێوەیەك دروستكراوە كە دەتوانرێت دوای مۆندیال كورسییەكانی لاببرێن و نیوەی دەهێڵنەوە.
حەوتەم: یاریگەی نێودەوڵەتیی خەلیفە
ئەم یاریگایە لە دڵی قەتەرییەكاندایە و مێژووییەكی دێرینتری هەیە و دەكەوێت شاری رەییان.
لیژنەی رێكخەری پاڵەوانێتییەكە، ئەم یاریگەیەی نوێكردەوە و 12 هەزار كورسی بۆ زیادكرد و كۆی گشتی 40 هەزار هاندەر دەگرێت.
یاریگەکە، دامەزراوەیەكی گەورەی وەرزشییە و ژێرخانێكی دەوڵەمەندی وڵاتەكەیە، بە دیاریكراویش ئەكادیمیای ئەسپایەری تێدایە و هیچ نیازێك نییە بۆ دەستكاریكردنی لە پاش مۆندیال.
هەشتەم: یاریگەی 974
یەكێكە لە یاریگەکانی ناو دەوحەی پایتەخت و بەناوی كۆدی پەیوەندیی نێودەوڵەتیی قەتەرەوە ناونراوە و بەمانای بەجیهانیبوون دەگەیەنێت.
یاریگاكە دەكەوێتە نزیك بەندەری دەوحە و 40 هەزار هاندەر لەخۆدەگرێت، لە دوای تەواوبونی مۆندیالیش دەتوانرێت هەڵبوەشێنرێت و حكومەتیش نیازی هەیە ئاسەواری نەهێڵێت.
ئەوەی جێی ئاماژەیە، سەرجەم ئەو یاریگەیانەی ژمارەی كورسییەكانیان كەمدەكرێتەوە، سود لە كورسییە لابراوەكان دەبینرێت و رەوانەی ئەو وڵاتە هەژارانە دەكرێن، كە ناتوانن كورسی بۆ یاریگەکانیان بكڕن و قەتەر پێیاندەبەخشێت و دەگاتە زیاتر لە 170 هەزار كورسی.