زووم…
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەناردەکردنی نەوت بە تانکەر لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ساڵانە نۆ ملیار دۆلار زیان بە عێراق دەگەیەنێت.
مستەفا سەنەد ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە پەرەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نوسیویەتی: بەهۆی بەقاچاخبردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەتانکەر، عێراق پابەندبووە بە داواکاری رێکخراوی ئۆپێک بۆ کەمکردنەوەی 100 هەزار بەرمیلی نەوتی رۆژانە.
بە گوتەی مستەفا سەند، بەهۆی ئەو کەمکردنەوەیە، عێراق ساڵانە سێ ملیار دۆلار زیانی بەردەکەوێت، ئەمە جگە لەوەی بەهۆی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەتانکەر بە نرخێکی هەرزان، ساڵانە شەش ملیار دۆلاری دیکە زیانی بەردەکەوێت.
هەروەها ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، قەیرانی دواکەوتنی مووچە لە هەرێمی کوردستانەوە گواستراوەتەوە بۆ عێراق، “حەشدی شەعبی و فەرمانبەرانی وەزارەتی کارەبا ماوەی 40 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە.”