زووم..
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاریانداوە مانگانە منحەیەک بدرێتە مامۆستایانی ئاینی خۆبەخش کە ھیچ داھاتێکی دیکە یان نییە.
وەزارەتەکە لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، مامۆستایانی ئاینیی خۆبەخش لەماوەی رابردوودا رۆڵی گەورەیان ھەبووە لە پڕکردنەوەی بەشێکی میلاکی مزگەوتەکان و خزمەتکردنی نوێژخوێنان و جێبەجێکردنی ئەرکە ئاینیی و نیشتمانی و مرۆییەکان، وێڕای برەودان بە پرەنسیپەکانی پێکەوەژیان و لێبوردەیی.
لە راگەیەنراوەکە ئاماژە بەوەش کراوە، تاکۆتایی ئەمساڵ وەک ئەرکی سەرشانیان، بڕیاریاندا کە مانگانە منحەیەک بدرێتە مامۆستایانی ئاینی خۆبەخش لەسەر بوودجەی وەزارەت. دەشڵێت، لە کاتی ئامادەکردنی پڕۆژە بوودجەی حکومەتی ھەرێم رێکاری کارگێری و یاسایی بۆیان دەگیرێتەبەر، بۆئەوەی بە مافەکانیان بگەن.