زووم..
بە گەرمبوونی هەوا و بەهەڵمبوونی خێرای ئاو لە دەریاچەی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم ناوچەیە ئاوییە بووەتە یەکێک لە خاڵە گرینگەکانی ژینگەیی.
بەگوێرەی راپۆرتی پەیامنێری ئیرنا، لە بارودۆخێکی ئاساییدا رەنگی لە دەریاچەکەدا سەوزە، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی چڕیی خوێ و زۆربوونی باکتریای “دۆنالینا سالینا” لە ئاوەکەدا رەنگی بۆ سوور دەگۆڕێت.
بەرپرسی رێکخراوی ژینگەی پارێزگای ورمێ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئیرنا دەڵێت: سووربوونی ئەم دەریاچەیە لە لایەکەوە سەرنجڕاکێشە بۆ گەشتیاران، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاماژەیە بۆ دۆخێکی مەترسیدار بۆ وشکبوونی دەریاچەکە و کەمبوونەوەی ئاوەکەی.
ناسا لەم دواییانەدا وێنەیەکی نوێی دەریاچەی ورمێی بڵاوکردەوە، کە رەنگی سووری ئاوەکە لە روانگەی وێستگەی ئاسمانی نێودەوڵەتییەوە نیشان دەدات.
دەریاچەی ورمێ، کە دووەم خوێترین دەریاچەی جیهانە، بەهۆی قەیرانی ئاو و کێشەی ژینگەییەوە رووبەڕووی دۆخێکی مەترسیدار دەبێتەوە و هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی دەریاچەکە بۆ دۆخی ئاسایی ناسەرکەوتوو بووە.