زووم..
موحسین فەتحی، نوێنەری شارەکانی سنە و دیواندەرە و کامیاران لە پەرلەمانی ئێران بە دەربڕینی نیگەرانی لە بارەی دۆخی خوێندن لە پارێزگای سنە، رایگەیاند کە بۆ ساڵی نوێی خوێندن، پارێزگاکە رووبەڕووی کەمیی سێ هەزار مامۆستا بووەتەوە.
بە گوێرەی راپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیم، ئەم نوێنەرە کوردە ئاماژەی بە داخوازییە هەڵپەسێردراوەکانی مامۆستایان کرد و رایگەیاند، کە کێشەی کەمیی مامۆستایان تەحەدای جددی بۆ سەرەتای ساڵی خوێندنی داهاتوو دروست دەکات و لە ساڵی رابردووشدا پارێزگای سنە کەمیی سێ هەزار و ٤٦ مامۆستای هەبووە.
کەمیی مووچەی مامۆستایان بووە بەهۆی ئەوەی دەرچوانی زانکۆ کەمتر بیانەوێت ببن بە مامۆستا، لە ساڵانی رابردوودا مامۆستایانی رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرتاسەری ئێران چەندین ناڕەزایەتییان بۆ زیادکردنی مووچەکانیان و دژایەتی رێژەی هەڵاوسان ئەنجامداوە.
ئەم ناڕەزایەتی و گرفتە پەروەردەییانە لەگەڵ نەبوونی شوێنی گونجاوی پەروەردەیی و کۆنبوونی قوتابخانەکان، لەو کێشانەن کە ئاستەنگی بۆ کەرتی پەروەردە لە پارێزگای سنە دروستدەکەن.