رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
ئاژانسی نێودەوڵەتى دەڵێت، ئێران لە بەدەستهێنانى بۆمبی ئەتۆمی نزیکتر دەبێتەوە
ئاژانسی جیهانیی ووزەى ئەتۆم رایگەیاند، لە رووی تیۆرییەوە ئێران لە دوو کیلۆگرام لە دروستکردنی چوار بۆمبی ئەتۆمەوە دوورە.
دوو راپۆرتى نهێنى، کە ئاژانسی جیهانیی ووزەى ئەتۆم بۆ ووڵاتانی ئەندامى ناردووە، روونى دەکاتەوە ئێران لەماوەى سێ مانگى رابردوودا ئاستى سووتەمەنى ئەتۆمی بەرزکردووەتەوە و رێژەى دەستخستنى یۆرانیۆمى پوخت و پیتێنراوی گەیاندووەتە 60%.
دەشڵێت، 22 کیلۆگرامی زیادەى بەدەستهێناوە و گەیاندوویەتییە 104.7 کیلۆگرام.
بەگوێرەى پێوەرەکانى ئاژانسی جیهانیی وزەى ئەتۆم، ئەو رێژە پوختەی ئێران دەستى خستووە، لە رووی تیۆرییەوە دوو کیلۆگرامى ماوە بۆ ئەوەى بگات بە دروستکردنى چوار بۆمبی ئەتۆم.
قودسی عەرەبی
ئەڵمانیا مافى مانەوە لە بەڕێوەبەری ناوەندی ئیسلامی وەردەگرێتەوە، تۆمەتى پەیوەندیی لەگەڵ ئێران و حزبوڵاى خراوەتە پاڵ
دوای داخستنى ناوەندی ئیسلامی هامبۆرگ، کە خرایە لیستى بانگەشەکردن بۆ ئێران لە وڵاتانى رۆژئاوا، محەمەد هادی مەفاتح، بەڕێوەبەری پێشووى ناوەندەکە، رووبەڕووی بریارێکی دەرکردنی لە ئەڵمانیا بووەوە.
مەفاتحی 57 ساڵ، ئەم هەفتەیە نووسراوی فەرمی دەرکردنەکەى لە لایەن دەسەڵاتدارانى هامبۆرگەوە رادەست کراوە و 14 رۆژی بۆ دیاریکراوە تاوەکو خاکی ئەڵمانیا جێبهێڵێت، ئەگەرنا لەسەر تێچووی خۆی و بە زۆرەملێ دووچاری دەرکردن دەبێتەوە.
عەرەب
تورکیا دەستیداوەتە گێچەڵپێکردنى سەربازیی لە کەرکوک دوای ئەوەى لە کۆنتڕۆڵکردنى حکومەتى خۆجێیی شکستیهێنا
لێکتێگەیشتنەکانى نێوان بەغداد و ئەنقەرە، بە زوویی لەسەر زەمینى راستى رەنگی دایەوە، ئەوەش بە فراوانکردنى ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانى تورکیا لە قوڵایی خاکی عێراق، بەتایبەت ئەو ناوچانەی جێگەى هەڵپەی تورکیان و ناوچەى ستراتیژیی و دەوڵەمەند بە سامانە سروشتییەکان، لە نمونەى پارێزگای کەرکوک، کە بووتە خاڵی خۆهەڵقورتاندنی تورکیا لە کاروبارە سیاسیی و ئیدارییەکانی.
رۆژی پێنجشەممە راگەیەندنەکان هەواڵی خستنەخوارەوەى فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوانى تورکیایان بەسەر ئاسمانى پارێزگای کەرکوکدا بڵاوکردەوە، ئەوەش لەچوارچێوەى فراوانکردنى ئۆپراسیۆنەکانى دژ بە چەکدارانى پارتى کرێکارانى کوردستان.
عەرەبی جەدید
نەتانیاهۆ دەڵێت، کارەکە لەگەڵ لوبنان کۆتایی نەهاتووە
دوای تێپەڕبوونى چەند کاتژمێرێک بەسەر بڕیاری درێژکردنەوەى مانەوەى هێزەکانى سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، ناسراو بە یونیڤێڵ لە لوبنان، کە ئەنجومەنى ئاسایشی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاری مانەوەی ئەو هێزانەی تاکو ساڵێکی دیکە و تاکو 31ـى ئابی ساڵی 2025 درێژکردەوە.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ناوچە سنوورییەکانى ئیسرائیل-لوبنان بەسەر دەکاتەوە و دەڵێت، هێشتا جەنگەکە لە باکووری ئیسرائیل و باشوری لوبنان لەگەڵ حزبوڵا کۆتایی نەهاتووە.
نەتانیاهۆ پێداگریی دەکات لە بەردەوامیی سوپای ئیسرائیل لە رووبەڕووبوونەوەی حزبوڵا و ئەنجامدانى ئۆپراسیۆنەکانی.
ئەمە لەکاتێکدایە ووڵاتانى جیهان و ناوچەکە ترسیان لە فراوانبوونى جەنگەکە لێنیشتووە، بەتایبەت بەرەى جەنگی نێوان ئیسرائیل-حزبوڵا.
رۆژنامە تورکییەکان
تورکیا
خستنەخوارەوەى درۆنە تورکییەکە لەدژى پڕۆژەى گەشەپێدانە
خستنەخوارەوەى درۆنێکی تورکی لە ئاسمانی عێراق هاوکات بوو لەگەڵ بەڕێوەچوونی چوارەمین کۆبوونەوەى لوتکەى نێوان تورکیا و عێراق بۆ گفتوکردن لەسەر پڕۆژەى هێڵی گەشەپێدان، درۆنەکە لە فڕۆکەخانەى کەرکوکەوە بە سێ موشەکی فەڕەنسی کراوەتە ئامانج.
بەگوێرەى زانیارییەکان درۆنەکە پێش ئەوەی بخرێتە خوارەوە بە ئاسمانیی رێگەى سلێمانیدا کەشفی بۆ پەکەکە و داعش دەکرد.
چاودێران باس لەوە دەکەن ئێران لە پشت ئەو هێرشەوە هەبێت، بەو هۆیەی ئێران لەدژى پێشکەوتنى پەیوەندییەکانى عێراق و تورکیا و پڕۆژەى هێڵی گەشەپێدانە.
یەنی شەفەق
دوو هەزار و 500 تاکسی بۆ ئیستەنبوڵ زیاددەکرێت
ساڵانێکە پرسی کەمی ژمارەى تاکسی لە ئیستەنبوڵ هەیە و حکومەت رێگەی نەداوە ژمارەى تاکسییەکانى ئەو شارە زیادببێت. ئەمەش کێشەى کەمی تاکسی بۆ شارێکی گەورەى 16 ملیۆن کەسی دروستکردووە.
لەدواهەمین پێشهاتدا لایەنی پەیوەندار بڕیاریداوە دوو هەزار و 500 تاکسی بۆ ئیستەنبوڵ زیادبکات.
بەگوێرەى بڕیارەکە لەمەودوا داواکردنى تاکسی لەڕێى ئۆنڵاینەوە دەبێت، ئەمەش کارئاسانی بۆ شۆفێران و سەرنشینان دروستدەکات.
قەرار
رێ بە پلانگێڕی لەدژی کڵچدارئۆغڵو نادەین
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی گشتیی جەهەپە سەبارەت بە داوایەکی یاسایی لەسەر کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی جەهەپە رایگەیاند، دەبێت بەسەر لاشەمدا بڕۆن ئەگەر بتانەوێت کڵچدارئۆغڵو بخەنە زیندان.
ماوەیەکە مەهەپە لە هەوڵی ئەوەدایە دۆسیەى یاسایی لەسەر ئەندامانی جەهەپە و دەم پارتی بکاتەوە.
یەنیچاخ
لە سێ ساڵدا حەوت هێندە نرخی خواردن گران بووە
لەماوەى سێ ساڵدا حەوت هێندە نرخی خواردن و شتومەک لە مارکێتەکان گران بووە.
پڕۆفیسۆر ئۆسمان ئاڵتوگ، شارەزا لە ئابووری رایگەیاندووە، هۆکاری بەرزبوونەوەى نرخی شتومەک، بۆ نادادپەروەری لە سیستمى باج، بەرزبونەوەى رێژەى هەڵاوسان و زۆری رێژەى سوودی بانکییە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
ستامەر تابلۆیەکی وێنەی تاتچەری لابردووە، ئەم کارە تووڕەی دروستکردووە
ستامەر تەنها حەوت هەفتەیە بووە بە سەرۆکوەزیران، بۆیە ئەم کارە نوێیەی کە تابلۆی وێنەی کەسایەتیەکی سیاسیی گەورەی لەنێو تەلاری حکومەتدا لابردووە، هەر لە تۆڵەسەندنەوەیەکی بێمانا دەچێت، کە بووە بە مایەی سەرسووڕمان. ناوبراو دوێنێ تابلۆکەی تاتچەری لاداوە، کە بەهاکەی بە 100 هەزار پاوەند دەخەمڵێندرێت و لەلایەن ریچارد ستۆنی وێنەکێشی پادشاییەوە کێشراوە.
ئەم تابلۆیە یادگاریی تاتچەر بووە لە ژوری خوێندنەوەکەی خۆی لە داونینگ ستریت دانرابوو. چیرۆکی سەرکەوتنی ئەو ژنە بووە، کە لەنێو کایەی سیاسیی بەریتانیدا بە ژنە ئاسنینەکە ناسراوبوو، لە ساڵی 1982 و لەپاش شەڕی فۆکلاندەوە بووە بە سەرەکوەزیرانی بەریتانیا، لە پاش ئەویش گۆردن براون چووەتە جێگاکەی. وادەزانرا ئەو تابلۆیە وەک یەکێک لە جوانییەکانی داونینگ ستریت دەمێنێتەوە، بەڵام دوێنێ لادرا.
دەیلی تەلەگراف
ئەو مافە بە کرێکاران دەدرێت داوابکەن هەفتەی چوار رۆژ کاربکەن
پارتی پارێزگاران لە دژی ئەم بەرنامەیە و پێیوایە کایەی کاری وڵاتەکە پەکدەخات.
بەرنامە هەیە مافێک بە کرێکاران بدرێت، کە بتوانن داوابکەن هەفتەی کارکردنیان بۆ بکرێت بە چوار رۆژ. بڕیارە ئەم بەرنامەیە لەم پایزەدا بخرێتە بواری کارپێکردنەوە.
تەلەگراف زانیویەتی ئەم سیستمە نوێیە وادادەڕێژرێت، کە لەبریی ئەوەی رۆژەکانی هەفتەی کارکردن پێنج رۆژ بێت وەک ئەوەی کە ئێستا باوە، چڕ بکرێتەوە بۆ چوار رۆژ. واتە کاتژمێرەکانی کارکردنی رۆژ درێژ بکرێنەوە، بەڵام لەبریی پێنج رۆژ کرێکارەکان چوار رۆژ بچن بۆ کارکردن.
تایمز
روسییەکان شۆک بوون، چونکە شەڕەکە گەشتووەتە بەردەرگاکانی خۆیان
گالینا ژنێکی روسییە، هەتا کاتی گۆڕانی رەوتی شەڕەکە، کە تەقە و کوشتارەکەی گەیاند بە بەردەرگاکەی ئەوان، بۆ چرکەیەکیش بیری لەوە نەکردبۆوە، کە لە ئۆکرایندا شەڕ هەیە. گالینا ژنێکی بەتەمەنی روسییە لەم رووەوە دەڵێت، ئەو شەڕەی کە روویدەدا چەندان میل لە ئێمەوە دووربوو، لە وڵاتێکی دیکەد بوو، کە وڵاتی من نییە. لەبەرئەوە هیچ بۆم گرنگ نەبوو.. بۆچی بیری لێبکەمەوە؟
بەڵام لەبەرئەوەی ماڵی گالینا لە ناوچەی سوودژەیە لە هەرێمی کورسک، لە ئێستادا، ئەگەر شەو بنوێت، بەیانیان بە دەنگی تۆپ و تەقینەوەکان بێداردەبێتەوە، چونکە هەزاران سەربازی ئۆکراینی بە تۆپ و تانک و چەکە قورسەکانیانەوە گەشتوون بە نێو کورسک و گالینا و یولیانای کچەزای ناچاربوون ماڵەکەی خۆیان بەجێبهێڵن و لە شوێنێکی دیکە لەنێو بینای قوتابخانەیەکدا بژین، کە وەک پەناگە دراوە بەوکەسانەی لە کورسک ئاوارەبوون.
عەرەب نیوز
پزشکیان داوای لێکۆڵینەوە لە مردنی کەسێک دەکات، کە لە زینداندا لەکاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا مردووە
ئەمە حەوتەمین کەسە کە لە زینداندا بمرێت، چونکە دەستگیرکراوە و ئەشکەنجەش دراوە.
مەسعود پزیشکیانی سەرۆککۆمارى ئێران داوای کرد لێکۆڵینەوە لەبارەی مردنی کەسێکەوە بکرێت، کە لە زینداندا لەکاتی لێکۆڵینەوەکردن لەگەڵیدا مردووە. دەگوترێت ئەم کەسە لە شاری لاهیجان لە باکووری ئێران دەستگیرکراوە. رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە راگەیاندنێکیدا گوتویەتی محەمەد میرموسەوی تەمەنی 36 ساڵە هەر لە یەکەم رۆژی دەستگیرکردنیدا بەهۆی ئەشکەنجەدانیەوە لە ناو زینداندا مردووە. ئەمە حەوتەمین مردنی کەسانی زیندانیکراوە، کە لەم ساڵدا لەژێر لێکۆڵینەوەدا بمرن.