زووم, سلێمانى
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2022، کۆشکی پاشایەتی مالیزیا، سەرۆکی هاوپەیمانی هیوای ئۆپۆزسیۆنی راسپارد بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە.
کۆشکی پاشایەتی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەدا، دانانی ئەنوەر ئیبراهیم، بە دەیەمین سەرۆکوەزیرانی مالیزیا، دوای رەزامەندی پاشای وڵات و ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ویلایەتەکان بووە.
کاتژمێر 5:00ى ئێوارەى ئەمڕۆ، بە کاتی مالیزیا، کە دەکاتە 12:00ى شەو بە کاتی هەولێر، ئەنوەر ئیبراهیم، سوێندی دەستوری دەخوات لەبەردەم پاشادا.
هاوپەیمانی هیوا براوەى هەڵبژاردنەکان بوو
رۆژی شەممەی رابردوو 19ی تشرینی دووەم، هەڵبژاردنە گشتیەکان بۆ پەرلەمانی مالیزیا بەرێوەچوو، دوو هاوپەیمانی سەرەکی رکابەریان دەکرد، هاوپەیمانی هیوا، بە سەرۆکایەتی ئەنوەر ئیبراهیم، لەگەڵ هاوپەیمانی گرێبەستی نیشتیمانی، بە سەرۆکایەتی محێدین یاسین، سەرۆکوەزیرانی پێشوو.
کۆی کورسییەکانی پەرلەمانی مالیزیا 220 کورسییە، هەر هاوپەیمانێتی یان فراکسیۆنێک پێویستە 112 ئەندام پەرلەمان پشتگیری لێبکات بۆ ئەوەی حکومەت پێکبهێنێت.
هیچ کام لە دوو هاوپەیمانێتیە سەرەکیەکە دەنگی تەواویان بەدەستنەهێنا و نەبوونە زۆرینە، بەڵام هاوپەیمانی هیوا بە 82 کورسی سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەرامبەر هاوپەیمانی گرێبەستی نیشتیمانی بە 73 کورسی.
لەلایەن فراکسیۆنە جیاوازەکانی دیکەی پەرلەمان پشتگیری لە ئەنوەر ئیبراهیم کرا، ئەمەیش بووە هۆی بەدەستهێنانی پۆستەکە.
ئەنوەر ئیبراهیم کێیە؟
لەدایکبووی ساڵی 1947ی کوالامپوری پایتەختی مالیزیایە.
لە ساڵی 1991 و کاتێک مەهاتیر محەمەد، بووە سەرۆکوەزیرانی مالیزیا، پۆستی وەزیری دارایی وەرگرت و وەک سیاسیەک دەرکەوت.
لە ساڵی 1993 بوو بە جێگری سەرۆکوەزیرانی ئەو کات مەهاتیر محەمەد، تاوەکو ساڵی 1998.
زۆرینەی خەڵک وەک جێگرەوەیەک بۆ مەهاتیر محەمەد سەیریان دەکرد و چاوەرێبوون ببێتە سەرۆکوەزیران، بەڵام ناکۆکیەکانی لەگەڵ سەرۆکوەزیران هاوکێشەکەی پێچەوانە کردەوە.
ئەنوەر ئیبراهیم، لە ساڵی 1998 لە سەرجەم پۆستەکانی دورخرایەوە و راپێچی دادگا کرا بەتۆمەتی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی هەروەها بەتۆمەتی لادانی سێکسی، زۆرینەی هاوڵاتیان ئەو تۆمەتانەیان بە سیاسی لە قەڵەم دا.
دادگا سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر ئەنوەر ئیبراهیم سەپاند، ساڵی 2004 لە زیندان ئازاد کرا.
مەهاتیر محەمەد و ئەنوەر ئیبراهیم یەکیانگرتەوە
پارتێکی سیاسی بە ناوی دادپەروەی نیشتیمانی دامەزراند، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2008 توانی 31 کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت، بەڵام بوو بە ئۆپۆزسیۆن لەنێو.
لە ساڵی 2010 دووبارە دادگا بەتۆمەتی لادانی سێکسی، بانگهێشتی کردەوە و سزای دا، ئەنوەر دادگاکەی بە پیلانگێری لەقەڵەمدا و رایگەیاند پاڵنەری سیاسی لە پشتەوەیە.
دواجار دادگا بێتاوانی ئەنوەری سەلماند و لە ساڵی 2018 ئازاد کرا.
ئەنوەر ئیبراهیم لەگەڵ هاوپەیمان و نەیارى کۆنی مەهاتیر محەمەد یەکیان گرتەوە و هاوپەیمانێتیەکیان پێکهێنا و توانیان سەرکەوتن بەدەستبهێننەوە.