زووم..
رۆژنامەی مەدا، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا، بابەتێکی لەبارەی داهاتی گومرگیی دەروازە سنوورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، جیاوازییەکی زۆر لە داهاتی دەروازە سنوورییەکانی نێوان دوو ئیدارەکەدا هەیە.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، دەرکەوتووە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان داهاتێکی زۆرتریان هەیە بەراورد بە دەروازە سنوورییەکانی عێراق، هۆکارەکانی ئەم جیاوازییەش مشتومڕی گەورەی لێکەوتووەتەوە.
عەبدولڕەحمان شەیخلی، شارەزای بواری ئابووری بە رۆژنامەی مەدای گوتووە، داهاتی ساڵانەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لەنێوان 650 ملیار تاوەکو یەک ترلیۆن دینارە و 50٪ـی داهاتی گشتی پێکدەهێنێت، بەڵام داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەگاتە ترلیۆنێک و 250 ملیار دینار و نزیکەی 70٪ـی داهاتی گشتی پێکدەهێنێت.
شەیخلی لەبارەی هۆکارەکانی دابەزینی داهاتی دەروازە سنوورییەکانی عێراقەوە دەڵێت، هۆکارەکەی زۆریی دۆسیەکانی گەندەڵییە، بەتایبەت کە ژمارەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بەراورد بە هەرێمی کوردستان زیاترە و 19 بەرامبەر شەش دەروازەیە، بەدەر لەوەش جووڵەی بازرگانی لەڕێی هەرێمەوە زیاترە بەوپێیەی هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا و ئێران.