زووم..
رۆژنامە عەرەبیەکان
شەرقلئەوسەت
ئەمریکا نیازى گەڕانەوەى بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران نییە
ئێران سەرقاڵی دەستگەیشتنە بە چەکی ئەتۆم و ئەمریکاش نایەوێت بەو ئاسانییە دەستى پێیى بگات، سەرەداوەکانیش وانیشان دەدەن لە دواى کۆتاییهاتنى جەنگى ئیسرائیل و حەماس ئێران ببێتە یەکێک لە وڵاتە خاوەن بڕیارەکانى ناوچەکە و لەو رێیەوە لە سزاکانى سەرى دەربازیی ببێت.
رۆژنامەى شەرقلئەوسەت نووسیویەتى ئێران دەیەوێت لاپەڕەیەکى نوێ لەگەڵ وڵاتانى رۆژئاوا بکاتەوە، و لە ئێستاشدا ئەمریکا توندە.
عەباسی عەراقچى، وەزیری دەرەوەى ئێران رایگەیاند، رێککەوتنى ئەتۆمی لەرابردودا هەبووە و راگیراوە، بەو شێوەیە دەستپێناکەینەوە و پێویستە گفتوگۆیەکی نوێ دەستپێبکرێتەوە بۆ ئەوەى زیندووی بکەینەوە.
عەراقچی لەچەند رۆژی پێشوودا لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنی وڵاتەکەیدا بە ئاشکرا رایگەیاند، هەنگاوەکە قورسە، پێویستى بە گۆڕینى هەندێک لە مادە و بەند و رێککارەکانى هەیە، ئەمەش ئاڵنگارییەکى قورسە بۆ ئێستاى ئێران.
لە هەمان کاتیشدا گوتەبێژی وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا رایگەیاند، دەستپێکردنەوەى گفتوگۆ لەبارەى ئەتۆمەوە لەگەڵ ئێران لە بەرنامەى کارى ئێستاماندا نییە، بەڵام ئەوەى لای ئەمریکا گرنگە ئەوەیە ئێران نابێت ببێتە خاوەنى چەکى ئەتۆم، بۆ گەیشتن بەو مەبەستە هەرچییەکمان لە توانادا بێت دەیکەین، یەکێک لە لایەکى دیکەشەوە یەکێک لە بەرنامەى کارى مەسعودى پزیشکیان ئەوەیە لاپەڕەیەکى نوێ لەگەڵ رۆژئاوا بکاتەوە.
مەدا
عێراق و ناتۆ لە گفتوگۆدان و دەڵێن کارکردنى هاوبەشمان لەدژى کەس نییە
هاوپەیمانى ئەتڵەسى ناسراو بە ناتۆ رایگەیاند، شاندێکى باڵاى عێراق بەسەرۆکایەتى قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق بەسەرۆکایەتى شاندێک لە برۆکسلە و لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى ناتۆدا دیدار و گفتوگۆیان هەیە، تۆم جوفوس یاریدەدەرى سکرتێری گشتى ناتۆ رایگەیاند، پەیوەندییەکانى نێوان عێراق و ناتۆ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2018 و لەسەر داواى بەرپرسانى باڵای عێراق بووە، ئێمەش درێغیمان نەکردووە لەبوارى راوێژکاریدا بەتایبەتى لە رووبەڕووبوونەوەى تیرۆر و نەگەڕانەوەى داعشدا.
بەگوتەى ئەو بەرپرسە باڵایەى ناتۆ، پێکەوە کاردەکەن بۆ بەهێزکردنى هێزى سەربازیی عێراق و دروستکردنەوەى دامەزاراوە ئەمنییەکان لەگەڵ ئەوەشدا رێز لە سەروەریی عێراق و یەکپارچەیی خاکەکەى دەگرن.
قاسم ئەعرەجی رایگەیاندووە، کارى هاوبەشیان لەگەڵ ناتۆ راوێژکارییە، هاوبەشییەکانمان بۆ پەرەپێدانى هێزەئەمنى و چەکدارییەکانى عێراقە و لە دژى هیچ کەسێک نییە، ئامانج بەهێزکردنى عێراق و دابینکردنى ئەمن و ئاسایشى وڵاتەکەیە، ئەمەش لەبەرژەوەندى هەردوولامانە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە ناتۆ لەم دواییانەدا سەرقاڵی پلانێکى نەرم و درێژخایەنە کە دەستى بگاتە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باشوور و کەنارەکانى کیشوەرى ئەفریقا و دروستکردنى هاوپەیمانێتى نوێ لەگەڵ عێراق دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە.
سەباح
بەشێک لە ژنان بوونەتە قوربانى ئارایشگەکانى جوانکاری
سوهام موسەوی، ئەندامی لیژنەى تەندروستى و ژینگە لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، تیمێکیان پێکهێناوە بۆ بەدواداچوونى کارى ئارایشگەکانى جوانکاریی خانمان لەبەر ئەوەى بەشێکى زۆریان مۆڵەتى کارکردنیان نییە، بەڵام لە لایەن کەسانى ناودار و بەناوبانگەوە بەڕێوەدەبرێن.
دەڵێت، وەزارەتى تەندروستیمان ئاگادارکردووەتەوە توندترین سزاى ئەو ئارایشگە و ناوەندانە بدات، کە مۆڵەتیان نییە و کارى نەشتەرگەریی جوانکاری دەکەن.
ئەو راشیگەیاندووە، قوربانى دەستى ئەو ئارایشگە و سەنتەرانە، ژنانن. لە بەغداد و چەند پارێزگایەکى دیکە چەند جارێک کارکراوە بۆ داخستنیان، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
بەگوێرەى سەرچاوەکان تەنها لە بەغداد زیاتر لە 400 ئارایشگە و سەنتەرى نایاسایی و بەبێ مۆڵەت هەن و بەشێکیان لە لایەن کەسانێکەوە بەڕێوەدەبرێن، کە بڕوانامەى ساختەی پزیشکییان لە دەرەوەى وڵات بۆخۆیان دروستکردووە و بەشێکى دیکەشیان لە لایەن کەسانى بیانییەوە بەڕێوەدەبرێن و کەسایەتییە بەناوبانگەکانى نێو سۆشیاڵ میدیا بەڕێوەیان دەبەن.
عەرەب
رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەفریقیا بوونەتە گۆڕەپانى جەنگى بە وەکالەتى روسیا و رۆژئاوا
رۆژنامەى وڵ ستریت جۆرناڵى ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، روسیا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بە پێدانى موشەکى پێشکەوتوو بە حوسیەکانى یەمەن، ئەمەش بەماناى گەرمکردنى جەنگەکەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دێت، ئەوە لە کاتێکدا هەمیشە ڤلادیمێر پۆتن خۆی لەوە پاراستووە جەنگەکە فراوانتر ببێت.
رۆژنامەى عەرەب ئاماژەى بەوەکردووە، روسیا بەبەردەوامى هاوکاریی حزبوڵاى لوبنانى کردووە، فەرماندەکانى بردووەتە وڵاتەکەى و راهێنانى سەربازیی پێکردوون، لە سوریاش بەردەوام کار بۆ مانەوەى بەشار ئەسەد دەکات و خوازیاری مانەوەیەتى لەسەردەسەڵات.
رۆژنامەکە باس لەوەدەکات هێزەکانى روسیا لە لیبیا سەرقاڵى کارکردنن، لەڕێى کۆمپانیاى جۆراوجۆرەوە دەرمان و چەک و تەقەمەنى کۆدەکەنەوە و رەوانەى وڵاتەکەیانى دەکەن بەمەبەستى درێژەدان بەو جەنگەى لەدژى ئۆکراین هەڵگیرساندووە.
رۆژنامەى عەرەب دەڵێت، روسیا ئەو ستراتیژیەتەى سەرۆکى وڵاتەکەى جێبەجێ دەکات کە نایەوێت راستەوخۆ بچێتە نێو جەنگەکە و دەیەوێت لەڕێى وەکالەتەوە کارەکانى خۆی بکات.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
ئەو شەڕەی پارتی کرێکاران لە دژی چینی ناوەڕاست دەستی پێکردووە هەموویان دەپلیشێنێتەوە
ئەم رۆژنامەیە لە گوتارێکیدا نووسیویەتی ستامەر ناپاکی بەرامبەر بە خەڵکی سەر بە چینی ناوین دەکات، بە درۆکردن و نەشارەزایی و رق هەموویان مایەپووچ دەکات.
دەگوترێت ئەو بودجەیەی ستامەر دایناوە خراپترین بودجەیە لە دەیان ساڵی رابردوودا، ئەمە نیشانەیەکی روونە لەسەرئەوەی بەریتانیا رووی لە خزان کردووە.
دیارە ئەم کارە بەرهەمی تێکەڵەیەکی رق و نەشارەزاییە لە بواری ئابوریدا. لە کاتی سوێندخواردن و بەڵێنداندا پارتی کرێکاران گوتی، هیچ پلانێکی وای نییە باج زیاد بکات، بەڵام ئەوەتا دەیبینین لە ئێستاوە هۆشداری لە زیادکردنێکی پڕئازاری باج لسەر ئەوکەسانە دەکات، کە شانیان پانە بۆ کارکردن.
تایمز
ئازادکردنی زیندانییەکان لە بەریتانیا رەنگە رێژەی تاوان زیاد بکات
کاتێک 2000 کەس ئازادبکرێن، بە مسۆگەری ئەنجامی خراپیش لە ئازادکردنەکەیان دەکەوێتەوە.
یەکێک لە پشکنەرەکانی دەوڵەتی بەریتانی هۆشداری دەدات، کە وەزیرەکانی حکومەت بەرنامەیان هەیە مانگی داهاتوو زارێک فڕێ بدەن، هەزاران زیندانیکراو ئازادبکەن بۆئەوەی هەندێک قەیرانی نەمانی جێگە لەنێو زیندانەکاندا چارەسەر ببێت.
مارتن جۆنز، پشکنەرەکەی حکومەتە و دەڵێت، هیچ گومانێکی نییە لەوەی کاتێک بەگوێرەى ئەم بڕیارە ئەو هەموو زیندانیکراوە ئازادبکرێن، بارودۆخەکان بەرەو خراپتر دەڕۆن، چونکە کە ئەمان چوونەوە نێو خەڵک ئیدى ئەستەمە بتوانرێت چاودێری بکرێن، بۆیە ئەم گۆڕانکارییە بەبێ پەیدابوونی مەترسی تێناپەڕێت.
دەیلی ئێکسپرێس
سەرۆکوەزیرانەکەمان تەنانەت یەک وشەشی لەبارەی قەیرانی بەلەمەکانی پەنابەرانەوە نەگوت
نایجڵ فاراج، رەخنەی ئەوە لە ستامەری سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەگرێت، کە لە گوتارەکەیدا تەنانەت یەک وشەشی لەبارەی قەیرانی گەیشتنی پەنابەران لەرێگای بەلەمەکانەوە نەگوتووە.
دوێنێ سەرۆکوەزیران گوتی، ویستویەتی هاریکارییەک لە نێوانی بەریتانیا و ئەڵمانیادا بۆ ئەنجامدانی کاری هاوبەشی پێکەوەیی ئەنجام بدات، بۆئەوەی وابکەن پەنابەران نەتوانن بگەن بە باکووری فەرەنسا، بەڵام نەیتوانی خۆی لە باسکردنی ئەو مەسەلەیە بدات، کە تەنها لە رۆژی سێشەممەدا 520 کەس لە سنووری کەناڵی ئینگلیزیدا دەستگیرکراون. هەر ئەم سێشەممەیە 520 کەس توانیویانە لە کەناڵی ئینگلیزییەوە بپەڕنەوە و بچنە نێو خاکی بەریتانیاوە.
فاینەنشیەڵ تایمز
برۆکسل لێکۆڵینەوە لەبارەی پێشێلکردنی یاساکانی کارکردنی دیجیتاڵییەوە دەکات
ئەپڵیکەیشنی تەلەگرام نەیویستووە ژمارەی بەکارهێنەرانی خۆی بە راستی ئاشکرا بکات. بۆیە برۆکسل کەوتووەتە لێکۆڵینەوەکردن، دەیەوێت بزانێت ئایا ئەم کارەی تەلەگرام بە پێشێلکردنی یاساکانی کارکردنی دیجیتاڵیی نێو یەکێتیی ئەوروپا هەژماردەکرێت یان نا! چونکە ئێستا بەرپرسانی ئەم بوارە لە ئەوروپادا دەیانەوێت چاودێریی تەلەگرام بکەن.
چاودێرانی ئەوروپا گومانیان لەوە هەیە تەلەگرام پەیڕەویی لەو یاسایە کردبێت، کە نابێت ژمارەی بەکاربەرانی لە 45 ملیۆن کەس تێپەڕبکات، چونکە ئەگەر تێپەڕی کردبێت ئەوا ئەم کارەی بە پێشێلکردنی یاسا دیجیتاڵییەکانی یەکێتیی ئەورپا لە قەڵەم دەدرێت.
رۆژنامە تورکییەکان
جمهوریەت
دەسەڵاتى تورکیا خۆی نەکردە خاوەنی جووتیاران
پسپۆڕان هۆشدارییان دابوو لە بڵاوبوونەوەی سن لەنێو بێستانەکانی بوندوقدا، لە وەرزێکی پێش خۆیدا، ئەویش بەهۆی گونجاوی کەشوهەوا بۆ گەشەیان، ئەوکات پێش سێ مانگ رایانگەیاندبوو، ئەگەر رێوشوێن نەگیرێتەبەر، لانیکەم 70-80%ـى بەرهەمی بوندوق کەم دەبێتەوە.
یەنی شەفەق
مەزڵوم عەبدی جارێکی دیکە لە بنکەی سەربازیی ئەمریکیەکان بینرا
ئەمریکا بە سەدان بارهەڵگر چەکی رادەستی پەکەکە کردووە، ئەم جارەش لەگەڵ مەزلوم عەبدیدا لە حەسەکە بینراوە، لەکاتێکدا ناوبراو لە لیستی داواکراوەکانی تورکیادایە.
مەزلوم عەبدیە جارێکی دیکە بە هەلیکۆپتەری ch47 چینۆک هێنراوەتە بنکەی سەربازیی ئەمریکیەکان، لەوێ لەگەڵ هەندێک لە نوێنەرانی عەشیرەتەکانی سوریا، بەرپرسانی رژێم و نوێنەری میلیشیا ئێرانیەکان کۆبووەتەوە. لەدوای کۆبوونەوەکە بەهەمان هەلیکۆپتەر گەڕاوەتەوە.
یەنی بیرلیک
روسیا ئاماژە بە تورکیا دەکات وەک کڕیاری غازی سروشتی
دیمیتری پەسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملن دەڵێت، ئەگەر بێت و ئۆکراین لە رێککەوتنی ترانسێت بکشێتەوە، ئەوا دەتوانرێت ئاراستەی جێگرەوە بدۆزرێتەوە، دەشێت لە تورکیا پلانی بە مەرکەزیکردنی غازی سروشتی دابنرێت.
ئەم ناوەندە کارەکانی خێراتر کراوە، لەکاتێکدا ئۆکراین کشایەوە لە رێککەوتنەکە، ئەوا گەیاندنی غازی سروشتی بۆ وڵاتانی ئەوروپا، لەرێگای دیکەوە دەکرێت ئەنجام بدرێت و تورکیا یەکێکە لەو ئاراستانەی دەکرێت کاری لەسەر بکەین.
بیرگون
نەقەڵغانی ماوە و نە زرێپۆش
هەرچەندە وڵاتی بەرەو ئاراستەیەکی خراپ برد بە خەیاڵی دروستکردنی رژێمێکە، بەڵام ئێستا کوتلەکەی خۆیشی روویان لێوەرگێڕاوە.
ئیدارەی ئەردۆغان بە ماناى کەلیمە لەگەڵ هاوبەشەکانی کۆشکەکەیدا وڵاتەکەیان بەرەو ئاگرێکی گەورە برد. لە ئابووریەوە بگرە تاوەکو تەندروستی، لە پەروەردەوە بۆ بنەما سەرەتاییەکانی ئازادیدا، هەمووی لە خراپیدان.
ئەو کوتلەیەی چواردەوریشی کە هاوبەشی بوون، ئێستا چاویان کراوەتەوە و ئەو کوتلەیەی کە بە قەڵغانی ئەردۆغان ناسرابوون، ئێستا کون بووە و پشتیان کردووەتە ئەردۆغان.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەفکار
نیوەی خەڵکی پارێزگای ورمێ بیمەی تەندروستی خۆڕاییان هەیە
بەڕێوەبەری گشتیی بیمەی تەندروستیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، یەک ملیۆن و 795 هەزار کەسی ئەو پارێزگایە بەبێ بەرامبەر بیمەی تەندروستی دەیانگرێتەوە.
فەریدە جەعفەری دەڵێت، لە ئێستادا دوو ملیۆن و 233 هەزار کەس لە پارێزگاکە خزمەتگوزاری بیمەی تەندروستی بەکاردەهێنن، کە 82%ـیان سوودمەند دەبن لە خزمەتگوزاری بیمەی تەندروستی بە خۆڕایی و ئەم کەسانە لە بیمەکراوانی گوندنشین و هەروەها چینی هەژاری شارەکانن.
ئەسکەناس
پۆستەخانەی پارێزگای سنە لە پلەی یەکەمی ئێرانی بەدەستهێنا
بەڕێوەبەری گشتیی پۆستەخانەی پارێزگای سنە رایگەیاند، ئەم فەرمانگەیە پلەی یەکەمی لە ریزبەندیی نیشتیمانیی ئێراندا بەدەستهێناوە و هەموو پێشبینییەکانی جێبەجێ کردووە.
محەممەد ئومێدی، ئاماژەی بەوەشکرد، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا 728 هەزار گواستنەوەی پۆستە لە پارێزگاکەدا تۆمارکراوە، کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بەڕێژەی 34% گەشەی کردووە.
هەروەها باسی گەشەی 7%ـی بازرگانی ئەلیکترۆنی لە پارێزگاکە کرد، کە ژمارەی فرۆشگا چالاکەکانی بازرگانی ئەلیکترۆنی لە پارێزگاکەدا گەیشتووەتە 280 فرۆشگا.
ئەبرار
نووسینی دەرمان لەلایەن پزشکانی ئێرانەوە دوو هێندەی ستانداردی جیهانییە
یونس پەناهی، جێگری لێکۆڵینەوەی وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، تێکڕای ژمارەی دەرمان لە یەک رەچەتەدا لە ئێران چوار دەرمانە، بەڵام پێویستە بۆ دوو دەرمان کەم بکرێتەوە.
پەناهی ئاماژەی بە رۆڵی دەرمانسازی لە بەرهەمهێنانی زانست کرد و گوتی، ئێران لە بەرهەمهێنانی زانستی جیهانیدا پلەی 16ـى هەیە و لە بواری دەرمانسازیدا پلەی دەیەمی هەیە.
دەڵێت، پێویستە دەرمانی نوێ بۆ نەخۆشییە تایبەتەکان بەرهەمبهێنین بۆئەوەی پلەی ئێران لە جیهاندا بەرزتر بێتەوە.
ئارمانی ئیمروز
یەکەم ژن له ئێران بوو به گوتەبێژی حکومەت
فاتمە موهاجرانی، یەکێک لە ئەندامانی گەنجی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی حکومەتی مەسعود پزشکیان بە گوتەبێژی حکومەت هەڵبژێردرا.
ئەو جگە لە چالاکییە سیاسییەکانی، حەزی لە پرسە زانستی و پەروەردەییەکانە و لە بوارەکانی وەک ستراتیژی فێربوونی خوێندکاران کاری کردووە.
ئەم هەڵبژاردنە گرنگیدان بە پسپۆڕییە نوێیەکان و پێکهاتەیەکی گەنج و هەروەها ژنان لە کابینەکەی پزشکیاندا نیشان دەدات و بوونی ئەو خانمە لە حکومەتدا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ داهێنان و گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی وڵاتدا.