زووم..
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
سودانى بە سیسی دەڵێت، عێراق دەتوانێت ببێتە گۆڕەپانى پێکهێنانەوەى دەوڵەتەکانى ناوچەکە
محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق ئێوارەى سێشەممە گەیشتە میسر و پەیامێکی گرنگى بۆ ناوچەکە و جیهان هەڵگرتبوو، گرنگترینیان ئەوە بوو عێراق بەهۆی ئەو دیپلۆماسییەى حکومەتەکەى پیادەی کردووە لە پاراستنى بەرژەوەندییە باڵاکانى، دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ و کاریگەر لە ناوچەکە ببینێت و ببێتە گۆڕەپانێک بۆ پێکهێنانەوە و پێکگەیاندنى وڵاتانى ناوچەکە.
جموجوڵە دەرەکییەکانى سودانی چەند هەنگاوێکی دیکەى سەرپێخستنەوەى عێراقن لە چەندین بوار کە عێراقییەکان خەو بە چارەسەرییەوە دەبینن.
سودانى لە قەسرلعەلەمەین عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسری بینى، لە سەردانێکیدا کە بەنیازبووە بچیتە میسر و تونس.
قودسی عەرەبی
فەرمانى دەستگیرکردن بۆ تۆمەتباری “دزیی سەدە” دەرچوو بەڵام لە دادگا ئامادەنەبوو
دادگای تاوانەکانى بەگژاچوونەوەى گەندەڵى عێراق، فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ نور زوهێر، یەکێک لە دیارترین تۆمەتبارەکانى دۆسیەى دزیى پارەى باجەکان دەرکرد، کە بە “دزیی سەدە” ناسراوە، چونکە ئامادەی دادگاییکردنەکەی نەبوو، کە بڕیار بوو رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە بەرێوەبچێت.
بەگوێرەى لێدوانەکانى مستەفا سەنەد، پەرلەمانتارى عێراق، کە چاودێریی دۆسیەکە دەکات، دادوەرى دۆسیەکە تاوەکو نۆی مانگى ئەیلولی داهاتووى داوەتە دەستەبەرکارە یاساییەکانى، چونکە زوهێر لە دەرەوەی خاکى عێراقە.
مستەفا سەنەد، لە گرتەیەکدا دەردەکەوێت و بەشێوەزارى عێراقی دەڵێت، کارەکە باش دەڕوات، نوور ئەى پێم نەگووتى دێم و پەلکێشی زیندانت دەکەم؟!
عەرەب
هێرشەکانى حزبوڵا پاڵ بە ئیسرائیلەوە دەنێت زەبرێکى توند لە لوبنان بوەشێنێت
هێرشەکانی ئیسرائیل، کە چەند بنکەیەکى حزبوڵایان لە لوبنان کردە ئامانج، کە خۆی ئامادە کردبوو بۆ ئەنجامدانی سەدان هێرش بۆ سەر بنکە سەبازییەکانى ئیسرائیل، ئەگەری فراوانبوونی جەنگەکەى لە ناوچەکەدا سنووردار کرد، بەڵام لە بەرامبەردا، خواستی تەلئەبیبیشی زیاترکرد بۆ هێرشی توندتر دژی لوبنان، هاوشێوەی ئەو وێرانکارییە کە لە کەرتی غەزە پیادەى دەکات.
هێرشەکانى حزبوڵا بۆ سەر ئیسرائیل، نابێتە رێگر لەبەردەم حکومەتەکەى بنیامین ناتانیاهۆ و هاوپەیمانە راستڕەوە توندڕەوەکانى لە بەئامانجگرتنی بەرپرسانی باڵای حزبوڵا، تەنانەت ئەگەر لەنێو بەیروتیش بن.
سەرەڕای خۆ نمایشکردنی حزبوڵا، ئیسرائیل زۆربەی ئەو مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی حزبوڵا ئاراستەى خاکى ئیسرائیلی کردوون پێش گەیشتن بە ئامانجەکانی خراونەتە خوارەوە.
شەرقلئەوسەت
جەنگى ناوخۆی سودان 500 رۆژ جەنگ و 25 ملیۆن ئاوارە و 40 هەزار کوژراوى لێکەوتووەتەوە
ناوەڕاستى مانگى نیسانى 2023 ژیلەمۆی جەنگی ناوخۆی سودان بۆ جارێکى دیکە گەشایەوە و تائێستاش بەردەوامە، لە کۆی 18 پارێزگاى ئەو وڵاتە 15 یان بوونەتە گۆڕەپانى جەنگێکى ماڵوێرانکەر، چرکەساتێک نییە فڕۆکە و درۆن و بۆمب و تۆپى دوورهاوێژ و تفەنگەکان بێدەنگ بن.
سەندیکاى پزیشکانى وڵاتەکە لە 500 هەمین رۆژى جەنگەکەدا رایگەیاند ژمارەى کوژراوەکان گەشتوونەتە 40 هەزار کەس، 11 هەزار کەس زیاتر لە سێ جار ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتووە، دوو ملیۆن کەس سودانیان جێهێشتووە و روویانکردووەتە وڵاتانى دراوسێ، لە کۆی 48 ملیۆن دانیشتووى وڵاتەکە 25 ملیۆنیان پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە، 80%ـی نەخۆشخانەکان لەکارکەوتوون و سەرخان و ژێرخانیان تێکچووە.
رێکخراوى فاوى سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکانیش رایگەیاند، گەنم خۆراکی سەرەکیى خەڵکى سودانە و لە ماوەى جەنگەکەدا بە رێژەى 40% کەمی کردووە، نیوەى دانیشتوانى وڵاتەکە کارەکانیان لەدەستداوە و نرخى هەموو شتومەکێک لەو وڵاتە شەش بەرامبەر بەرزبووەتەوە.
رۆژنامەکە لە زارى شرۆڤەکارانەوە رایانگەیاندووە لە ئێستادا هیچ ئاسۆیەکى روون بەدیناکرێت کە باس لە راوەستانى جەنگەکە بکات.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
ئۆرشەلیم پۆست
ئەمریکا دەیەوێت ئەوکاتە شەڕ تەواوببێت، کە سەرۆکی نوێ دەستبەکاردەبێت
سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا ترامپ بێت یان کامالا هاریس، جیاوازیی نێوانی روانینەکانیان بە ئاشکرا دیارە. جیاوازییەکانیان لەسەر چەند پرسێکى وەک رۆڵی یاسا، ئاسایشی سنوورەکان، شەڕی ئۆکراین و ناتۆ، هەروەها هەڵوێست لەبارەی ئیسرائیلن. جیاوازیی نێوانیان هێندە زۆرە دەتوانرێت کتێبی تەواویان لەبارەوە بنوسرێت. بەڵام ئەم جیاوازبوونەی ئەوان هیچیان بەلای ئیسرائیلەوە گرنگ نییە. چونکە هەردووکیان لەبارەی ئیسرائیلەوە هەر یەک روانینیان هەیە.
هەردوولا دەیانەوێت ئەم شەڕەی ئێستای ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی پێبێت. تاوەکو کۆتاییهاتنەکەشی زووتر بێت باشترە.
هەر لە مانگی کانوونی یەکەم و دووەمی رابردووەوە ئیدارەکەی بایدن بە ئاشکرا کار لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دەکات.
عەرەب نیوز
جێگری سەرۆکی ئێران لە دەستلەکارکێشانەوەکەی خۆی پەشیمان دەبێتەوە
لەکاتی گەڕانەوەی ئەمیشدا سەرۆکی نوێ ئێرانییەکان نیگەران دەکات، کە لەوانەیە نرخی بەنزین گران بکات.
جەواد زەریف جاران جێگری سەرۆکی نوێ بوو، پاشان نەما، ئێستا جارێکی دیکە گەڕایەوە و بوەوە بە جێگر.
محەمەد جەواد زەریف رۆژی سێشەممە گەڕایەوە بۆ پۆستە کۆنەکەی خۆی و بووەوە بە جێگری مەسعود پزیشکیان، سەرۆکە نوێیەکەی وڵات.
پزیشکیان، زەریفی وەک جێگری خۆی ناساند بۆ گرتنەدەستی کاروبارێکی ستراتیژیی وڵات رایسپارد دەستبەکاربێت.
مۆرنینگ ستار
دەگوترێت سیاسەتی سکهەڵگووشین کاری پێدەکرێت، چونکە سەرۆکوەزیران باسی بودجەیەکی خراپ دەکات
پەرلەمانتارى سەر بە چەپەکان رەخنەیان هەیە و دەڵێن لەژێر دەسەڵاتی پارتی کرێکاراندا دەبێت چاوەڕوانی ئازارچەشتن و نەداری بکەین.
پاش ئەوەی کە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی، بودجەیەکی خراپمان دەبێت، دوێنێ ئەندام پەرلەمانە چەپەکان رەخنەیان لێگرت و گوتیان نەداری و ئازارچەشتنی هەژاری پێشمان پێدەگرن، بۆیە رەوشەکان خراپتر دەبن.
لە گوتارەکەی دوێنێیدا ستامەر گوتی، رەوشی بودجەمان خراپ دەبێت، بۆیە ئەو گرووپە پێنج کەسییەی ئەندام پەرلەمانە چەپە سەربەخۆکان بە راگەیاندنێک گوتیان سیاسەتکردن واتە رەخساندنی هەلی بڕیاردان و هەڵبژاردن، بەڵام ئەو شتەی سەرۆکوەزیران هەڵیبژاردووە ئازار و نەداری بەنێو وڵاتەکەدا بڵاودەکاتەوە.
تایمز
پسپۆران داوادەکەن هەندێک میهرەبانی ببەنە نێو پەیڕەوی خوێندنی خوێندنگەکانەوە
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەڵێت، هاوسۆزبوون لەگەڵ کەسانی دیکەدا تەنها وزە و بەهرەیەکی خۆڕسک نییە، بەڵکو شتێکیشە، دەکرێت منداڵ لەنێو پۆلەکانی خوێندنیدا فێری ببێت. بوونی وانەی فێرکردنی هاوسۆزی وا لە منداڵان دەکات هەستێک و هەڵسوکەوتێکی ئەرێنیی باشی لەلا دروست ببێت.
ئێد کیروان، مامۆستای وانەی زانستە، ئەزموونێکی زۆری وانەگوتنەوەی هەیە، لەڕێی بینینی راستەوخۆ و دیداری ڤیدیۆییەوە چەندان خولی راهێنانی کردووەتەوە.
راپۆرتێکی زانستیی بڵاوکردۆتەوە، تێیدا دەڵێت، منداڵانی خوێندنگەکان بە وەرگرتنی خولێکی 10 هەفتەیی دەتوانن فێری هەست و سۆزی زیاتر ببنن، دەکرێت بە بینینی خولی لەوشێوەیە هەڵسوکەوتی منداڵان باشتر ببێت.
رۆژنامە تورکییەکان
جمهورییەت
جەهەپە کار بۆ بردنەوەى پۆستی سەرۆککۆمارى تورکیا دەکات
سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، ئامانجیان ئەوەیە لە هەڵبژاردنى داهاتوودا سەرۆککۆمارى تورکیا ببەنەوە و وڵات بەڕێوەبەرن.
بڕیارە لە 6ـى ئەیلول لە ئەنقەرە کۆنگرەى ئەندامانى پارتەکە بەڕێوەبچێت، ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی گشتیی پارتەکە رایگەیاند، هەموو جەهەپەییەکان بە یەک تیم کار بۆ سەرکەوتنى پارتەکەیان دەکەن، تاکە ئامانجمان ئەوەیە جەهەپە بکەینە دەسەڵات و سەرۆککۆمارێکی جەهەپەیی دەسەڵات بگرێتەدەست.
تورگون
لە ئیستەنبول تەرزە دەبارێت
کەشناسیی تورکیا پێشبینی کردووە لەمڕۆوە بۆ ماوەى شەش رۆژ باران و تەرزە لە ئیستەنبوڵ ببارێت.
کەشناسی رایگەیاند، شەپۆلی بارانبارینەکە بەهێز دەبێت. دوێنێ لە بەشی ئەوروپای ئیستەنبوڵ باران باری و کاریگەریی لەسەر هاتوچۆ دروستکرد. بەجۆرێک ئاستەنگی بۆ هێڵەکانی پاس و ئۆتومبێلی هاووڵاتیان دروستبوو، گەشتەکانى میترۆى ناوشارەکە راگیران. ئاو چووە نێو بەشێک لە ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان.
یەنیچاخ
بەهۆی گرانییەوە پینەچییەکان لە تورکیا سەریان قاڵە
لەگەڵ نزیکبوونەوەى ساڵی نوێی خوێندن، دایک و باوکی خوێندکاران بەهۆی گرانی شتومەکەوە روو لە پینەچییەکان دەکەن بۆ چاککردنی جانتا و پێڵاوی مناڵەکانیان.
خوێندکارانی قۆناغی سەرەتایی، ناوەندیی، ئامادەیی لەبەر گرانیی ناتوانن جانتای نوێ بکڕن، بەوهۆیەوە جانتا کۆنەکانیان پینەدەکەنەوە و دووبارە بەکاریدەهێننەوە.
یەشار کایماز، پیشەی پینەچییە دەڵێت، ئەگەر ئێمە ئەو کارە نەکەین، خوێندکاران لەم گرانییەدا چی بکەن، لەمڕۆدا نرخی جانتایەک لایەنی کەم گەیشتووەتە دوو هەزار لیرە. ئەوەی جانتای کۆنی هەبێت بە 200 بۆ 300 لیرە چاکی دەکەینەوە.
ئەڤرەنسەل
24 منداڵ لە تورکیا بە دەستی خێزانەکانیان بوونەتە قوربانی
لە شەش مانگدا 24 منداڵ بە دەستی خێزانەکانیان کراونەتە قوربانی و بەهۆکاری جۆراوجۆر گیانیان لەدەستداوە. ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی پار 36 منداڵ لەلایەن خێزانەکانیانەوە کرابوونە قوربانی. لە دوا رووداودا لە ئیزمیر سێ منداڵ بەدەستی باوکیان بە چەک کوژران.رێکخراوەکانی ژنان رایانگەیاندووە، هۆکاری زیادبوونى قوربانی منداڵان بەدەستی خێزانەکانیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دەسەڵاتى تورکیا سزایەیەکی قورسی تاوانباران نادات.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەبرار
تیمی ئۆڵۆمپیادی فەلەکناسی ئێران بوو بە قارەمانی جیهان
لە خولی حەڤدەهەمی ئۆڵۆمپیادی جیهانی فەلەکناسی و فیزیای ئەستێرەناسیدا، خوێندکارانی ئێران بە بردنەوەی پێنج میدالیای زێڕ سەرکەوتنێکی بەرچاویان بەدەستهێنا.
ئەم پێشبڕکێیە لە بەرازیل بەڕێوەچوو و زیاتر لە 250 خوێندکار لە 57 وڵاتەوە تێیدا بەشدار بوون. ئەم سەرکەوتنە ئێرانی خستە پلەی یەکەمی ئەم کێبڕکێیانە و بەم سەرکەوتنە جارێکی دیکە توانای زانستیی ئێران لە گۆڕەپانی جیهانیدا خۆی نیشاندا و پێگەی زانستیی وڵاتەکەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەهێزتر کرد.
ئەفکار
ئاو بۆ هەر ئێرانییەک یەک لەسەر سێی تێکڕای جیهانییه
گوتەبێژی پیشەسازی ئاوی ئێران رایگەیاند، ئاوی بەردەستی هەر ئێرانییەک تەنها یەک لەسەر سێی تێکڕای جیهانە.
عیسا بزورگزادە، بە ئاماژەدان بەوەی کە ئێران وڵاتێکی وشک و نیمچە وشکە، جەختی لەوە کردەوە بارانبارینی ئەمساڵ ئاسایی بووە، بەڵام نابێ بە هەڵە بیربکرێتەوە ئەو وڵاتە ئاوی پێویستی هەیە و بارانبارینی ناوچەیەک ناتوانێت پێداویستییەکانی ناوچەکانی دیکه دابین بکات.
بزورگزادە ئاماژەی بە دۆخی ناسەقامگیری یەدەگی بەنداوەکان لە هەندێک ناوچەدا کرد و کۆکردنەوەی “نەخشەی رێگای ئاو”ـی وەک چارەسەرێک بۆ بەڕێوەبردنی باشی بەکارهێنانی ئاو راگەیاند.
خوب
بەکارهێنانی کارەبا له کرماشان بە رێژەی 20% کەم بووەتەوە
بەڕێوەبەری کارەبای کرماشان رایگەیاند، لە هاوینی ئەمساڵدا بەکارهێنانی کارەبای فەرمانگەکانی پارێزگاکە بە رێژەی 20% کەمی کردووە.
مورادی ئەم کەمبوونەوەیەی بە ئەنجامی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و گۆڕینی دەوامی فەرمانگەکان زانی و باسی پچڕانی کارەبای 123 فەرمانگەی کرد بەهۆی بەکارهێنانی زۆرەوە.
مورادی هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگاکانی بەرز نرخاند و جەختی لەوە کردەوە دەبێت بەڕێوەبەرایەتیەکان یەک کاتژمێر پێش کۆتاییهاتنی دەوام سیستمی ساردکەرەوە بکوژێننەوە.
جومله
97%ـی ئەو کۆچبەرانەی بۆ ئێران دێن ئەفغانین
ناوەندی ئاماری ئێران رایگەیاند، ژمارەی کۆچبەرە فەرمییەکانی ئەفغانستان لە ساڵی 2023 گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 788 هەزار کەس.
ئەم ئامارە کۆچبەرە تەنها کۆچبەرە فەرمییەکان دەگرێتەوە و کۆچبەرە نایاساییەکان لەم ئامارەدا نین.
بەگوێرەی ئەم راپۆرتە زیاتر لە 40%ـى کۆچبەرانی ئەفغانستان لە تەمەنی کارکردنی 25 بۆ 65 ساڵدان، کە ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بازاڕی کار هەیە.
هاوکات لەگەڵ ئەم ئامارانە، باسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان سەبارەت بە بوونی زۆری کۆچبەرانی ئەفغانستان لە ئێران چڕتربووەتەوە.
زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی ئەفغانییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران، بەتایبەتی لە شارە گەورە و سنوورییەکان، نیگەرانیی لەبارەی دەرئەنجامە کۆمەڵایەتی و ئەمنییەکانەوە دروستکردووە.