ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا، لە نوێترین دەرکەوتنیدا وڵاتەکانى دراوسێى توڕە دەکات، پاشئەوەى کە ملپێچێکى لە مل کردبوو، لەسەر ملپێچەکە نەخشەیەکی کۆنی هەنگاریا هەبوو، کە مێژووەکەی دەگەڕایەوە بۆ پێش جەنگی یەکەمی جیهانی؛ لە نەخشەکەدا هەندێک ناوچە دەردەکەون کە ئێستا خراونەتە سەر نەمسا، سلۆڤاکیا، رۆمانیا، کرواتیا و ئۆکراینا.
بە گوێرەی بەندەکانى “رێککەوتننامەى تریانۆن” کە لە 4ی حوزەیرانی 1920 لە ڤێرسای فەرەنسا واژۆ کرا و لە ساڵی 1921 چووە بواری جێبەجێکردنەوە، هەنگاریا 75%ى خاکەکەی لەدەستدا، بەراورد بەو رووبەرەى کە پێشتر لە چوارچێوەی ئیمپراتۆریەتی ” نەمسا هەنگاریا” خاوەنی بوو.
زۆرینەى زەوییەکانى “هەنگاریاى مەزن” لەوکاتەدا دران بە رۆمانیا و چیکوسلۆڤاکیا و یوگوسلاڤیا، بەم جۆرەش 33%ى خەڵكی بەرەچەڵەک هەنگاریی، خۆیان لەنێو وڵاتانى دیکەدا دۆزییەوە.
نەخشەی “هەنگاریاى مەزن” لەسەر ملپێچەکە هەیە، ئەوەش توڕەیی وڵاتانى دراوسێى لێکەوتەوە
دەرکەوتنەکەی ئۆربان بەو ملپێچەوە کە توڕەیی و نیگەرانى بەدواى خۆیدا هێنا، لەمیانی ئامادەبوونى بوو لە یارییەکی دۆستانەی تۆپی پێ لە نێوان هەڵبژاردەی هەنگاریا و یۆنان.
لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت کە ئۆربان دەچێتە شوێنى مانەوەى یاریزانەکان لەنێو یاریگەکەدا و سڵاو لە یاریزانى هەڵبژاردەى هەنگاریا دەکات، ئۆربان دەڵێت “هەڵبژاردەی هەنگاریا هەڵبژاردەی هەموو هەنگارییەکە لە هەر شوێنێک بێت”، دەشڵێت “تۆپی پێ سیاسەت نییە”.
لە کاردانەوەی لە ملکردنى ئەو ملپێچە، رۆمانیا “ناڕەزایی توند” دەردەبڕێت، ئۆکرایناش داوا دەکات سەرۆکوەزیرانى هەنگاریا داوای لێبوردنی فەرمی بکات.
وەزارەتی دەرەوەی رۆمانیاش دەڵێت “هەر نەخشەیەکی دەستکاری کراوی هەنگاریا لە هەر فۆڕمێکدا بێت قبوڵ نەکراوە، چونکە لەگەڵ واقع ناگونجێت و دژی ئەو بەڵێننامانەیە کە لە نێوان هەنگاریا و رۆما هەن”.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراین: ئەم هەڵسوکەوتەی ئۆربان قبوڵ ناکەین
ئۆلیگ نیکۆلینکۆ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراین رایگەیاند “کیێڤ بانگهێشتی باڵیۆزی هەنگاریا دەکات، تا پێی رابگەیەنێت ئۆکراین ئەم هەڵسوکەوتەی ئۆربان قبوڵ ناکات”.
نیکۆلینکۆ لە پۆستێکى فەیسبووکدا قسەى زیاترى لەسەر ئەم بابەتە کردووە و دەڵێت “پڕوپاگەندە بۆ ئەم نەخشە دەستکاریکراوە، هاوکاری بەرەوپێشجوونی پەیوەندییەکانی ئۆکراین و هەنگاریا ناکات، یەکناگرێتەوە لەگەڵ بنەماکانی سیاسەتی ئەوروپی”.
ساڵی 2020ـیش ئۆربان بە بڵاوکردنەوەى نەخشەیەکى گۆى زەوی وڵاتە ئەوروپییەکانى توڕەکرد
ئەمە جارى یەکەم نییە کە ئۆربان بە ئاماژەدان بە “هەنگاریاى مەزن”، دەوڵەتە ئەوروپیەکان تووشی دڵەڕاوکێ دەکات، بەڵکو ساڵی 2020ـیش نەخشەیەکى گۆى زەوی بڵاوکردەوە، کە تێیدا سنورى هەنگاریا دەگەڕایەوە بۆ پێش جەنگی یەکەمى جیهانیی، ئەمەیش توڕەیی وڵاتانى وەکو رۆمانیا و کرواتیاى بەدواى خۆیداهێنا.
لە ماوەى رابردوودا ئۆربان لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە روبەروی رەخنەى فراوان بووەوە و دەڵێن “ئازادی راگەیاندنی سنوردارکردووە و مافی کەمایەتییەکانى پێشێل کردووە”.
لەو کاتەشەوە کە جەنگی روسیا و ئۆکراین لە 24ى شوباتى رابردووەوە دەستیپێکردووە، ئۆربان چەند جارێک سزاکانی یەکێتی ئەوروپای بۆ سەر کرملین پشتگوێ خستووە و داوای دانوستانی ئاشتی لە نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن کردووە، هەندێک وڵاتى ئەوروپى ئەم هەڵوێستانەى ئۆربان وا لێکدەدەنەوە کە “روسیا پاداشتی غازی داوەتە هەنگاریا”.