زووم..
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی زووم، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت مووچەی مانگی حەوت و مووچەی مانگێکی دیکەش بە داهاتی ناوخۆی و داهاتی نەوت دابەش بکات.
بەغداد لە کۆی نزیکەی 957 ملیار دینار کە وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان بۆ مووچەى مانگى حەوت داواى کردبوو، تەنها 36 ملیار دینارى ناردووە، بەمەش بەو بڕە پارەیە ناتوانێت مووچەی مانگی حەوت دابەش بکات، بەڵام دەتوانێت لە داهاتی نەوت و نانەوتی حەوت مانگی رابردوو مووچەی ئەو مانگە دابەش بکات و پارەش دەمێنێتەوە بۆ مووچەی مانگێکی دیکە.
بەگوێرەى ئەو زانیاریانەى زووم لە سەرچاوە جیاوازەکان لە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى دارایی عێراق دەستیکەوتوون، بەغداد تائێستا ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەکى دیکە بۆ مووچەى مانگى حەوت بنێرێت.
ئەگەر بەغداد هیچ پارەیەکى دیکە نەنێرێت، ئایا حکومەتى هەرێم دەتوانێت خۆى مووچەى مانگى حەوت دابەش بکات؟
هەرێمى کوردستان دوو سەرچاوەى داهاتى هەیە، داهاتى ناوخۆ و داهاتى نەوت. بەگوتەی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، داهاتى ناوخۆ مانگانە نزیکەی 320 ملیار دینارە، لە حەوت مانگی رابردوودا دەکاتە نزیکەى دوو ترلیۆن و 240 ملیار دینار.
لەو بڕە حکومەتى هەرێم تەنها یەکجار و لە مانگی یەکی ئەمساڵ 325 ملیار دیناری لە داهاتی ناوخۆ بۆ مووچەی فەرمانبەران بەکارهێناوە، سێ جاریش داهاتی ناوخۆی بۆ بەغداد ناردووە بە هەر سێ جارەکە دەکاتە نزیکەی 230 ملیار دینار.
ئەگەر نزیکەی 700 ملیار دیناریشى بۆ خەرجی وەزارەتەکان تەرخان کردبێت، هێشتا 985 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆى حەوت مانگى رابردوو ماوەتەوە.
سەبارەت بە داهاتى نەوت، بەسەر نەوتى تانکەر و فرۆشى ناوخۆ بە پاڵاوگەکان دابەشبووە. فرۆشتنى نەوت بە تانکەر یاخود وەکو لە میدیا جیهانییەکان بە قاچاخبردنى نەوت ناوزەندکراوە، پشکى شێرى داهاتى نەوتى هەرێمى کوردستان پێکدێنێت.
هیچ زانیاریی و داتایەکى فەرمى لەبارەى داهاتى نەوتى تانکەر لەبەردەستدا نییە، بەڵام مانگى رابردوو ئاژانسی هەواڵى رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا ئاشکراى کردبوو، رۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوت بە قاچاخ دەبرێنە ئێران و تورکیا، بۆ هەر بەرمیلێک 30 بۆ 40 دۆلار وەردەگرێت کە نیوەی نرخی فەرمییە.
بەگوێرەى راپۆرتەکەى رۆیتەرز، داهاتی فرۆشتنی نەوت بە تانکەر مانگانە نزیکەی 210 ملیۆن دۆلارە کە دەکاتە زیاتر لە 277 ملیار دینارى مانگانە، لە حەوت مانگى رابردووشدا دەکاتە نزیکەى دوو ترلیۆن دینار.
لەبارەى فرۆشتنى نەوت بە پاڵاوگەکان، بۆ حەوت مانگى رابردوو هیچ داتایەکى فەرمى لەبەردەستدا نییە، بەڵام ئەگەر دوایین راپۆرتى کۆمپانیاى دیلۆیت بکەینە پێوەر، رۆژانە زیاتر لە 49 هەزار بەرمیل نەوت لە ناوخۆدا بە پاڵاوگە یاساییەکان فرۆشراوە بەوپێیەش لەم حەوت مانگەدا لانیکەم 64 ملیار دینار داهاتی هەبووە.
بەکۆى گشتى داهاتى نەوت لە حەوت مانگی رابردوودا دەکاتە نزیکەى دوو ترلیۆن و 64 ملیار دینار، ئەگەر سەدا پەنجای بۆ خەرجی کۆمپانیاکانیش بڕوات، هێشتا هەرێم زیاتر لە یەک ترلیۆن دینارى لە داهاتى نەوت دەستکەوتووە، بە داهاتى نانەوتییشەوە دەکاتە نزیکەى دوو ترلیۆن دینار، ئەوەش دەکاتە مووچەى دوو مانگى تەواوى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان.