زووم..
فیلمی ژیانی بزنێک بەرهەمێی وڵاتی هندستانە و دەربارەی کەسێکی هندییە کە بۆ کارکردن دەچێتە وڵاتی سعودییە، بەڵام لەوێ بەجۆرێک ژیانی دەشێوێت کە ئەو کەسە لە مرۆڤ بوون دەکەوێت.
عەرەبستانی سعودی ساڵانێکی زۆرە ملیاران دۆلار خەرج دەکات بۆئەوەی وێنەیەکی جوان پیشانی وڵاتانی رۆژئاوا بدات، فیلمێکی هیندی خەریکە ئەو وێنەیە لە پێشچاوی ئەوروپییەکان دەسڕێتەوە.
ژیانی بزنێک ئەو فیلمە هیندییە خەریکە رایگشتی، پێچەوانەی خواستی سعودییەکان دروست دەکات.
فیلمەکە باس لە سیستەمی دەستەبەری دەکات لە وڵاتی سعودیە، لە رێی ئەم سیستەمەوە ساڵانە دەیان هەزار کرێکار روو لەم وڵاتە دەکەن، بەڵام خاوەنکارەکانیان وەکو کۆیلەکیان کڕیبێت، بەو شێوەیە ماڵەمەڵەیان لەگەل دەکەن.
فیلمی ژیانی بزنێک بە چیرۆکێکی سەرنجراکێش و هەستبزوێن وێنای ئەو دۆخە دەکات.
نەجیب گەنجێکی هندییە، لە سەرەتای نەوەدەکان خاوەن کارێك لە سعودیە دەدۆزێتەوە، تا دەستەبەری بکات.
لەخۆشیا ماڵەکەی دەفرۆشێت و دەچێتە سعودیە.
خاوەنکارەکەی دەیبات بۆ شوێنی کارەکەی لە نێو بیابانەکانی سعودییە، بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ژێر سایەی رەفتاری نابەجێی خاوەنکارەکەی گیردەخوات.
دۆخێک بۆ نەجیب دروست دەکات، ناچار بێت لەگەڵ بزنەکان بژێت، تەنانەت نانی بزن بخوات و وەکو بزن بباڕێنێت.
سەرئەنجام قسەکردنیشی بیردەچێتەوە لە مرۆڤایەتی دەکەوێت.
ئەم فیلمە، کە چیرۆکی راستەقینەی کرێکارێکی هیندی دەگێڕێتەوە، لە ماوەی مانگێک لە پیشاندانی لە نێتفلێکس، توانیوییەتی رایگشتی بەخۆیەوە سەرقاڵ بکات، بووە یەکێک لە پڕبینەرترین فیلمەکان.
تەنها لە قۆناغی یەکەمی پیشاندانیدا، زیاتر لە ١٠ ملیۆن دۆلار داهاتی کۆکردووەتەوە.
ئەوکات فیلمەکە مشومڕێکی زۆری لە وڵاتانی کەنداو دروستکرد، بەشێک لە عەرەبی سعودیە و وڵاتانی کەنداو رەخنەیان لە چیرۆکی فیلمەکە و شێوازی وێناکردنی سیستەمی دەستەبەری گرت، بەڵام بەشێک لە خەڵکی پێیانوابوو بەرهەمێکی هونەرییە و تێڕوانینێکی دیکەیە، بۆ گۆشەیەکی دیکەی رووداوەکان.