زووم..
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
نیویۆرک تایمز
باشوری ئەفریقا لەبەر ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگدایە
پەندێکی سۆماڵی هەیە دەڵێت، کێشەکان شاخیان هەیە شەڕی پێبکەن، بەڵام کە کەوتنە شەڕکردن ئیدى کلکیان نییە بیانگریت بۆئەوەی بیانگێڕیتەوە. مەبەست لەم پەندە ئەوەیە، کارەسات تاوەکو ئەوکاتەی دەکەوێتەوە دەتوانیت خۆتی لێبپارێزیت، بەڵام کە کەوتەوە ئیدى کۆنترۆڵکردنی ئەستەمە.
ئەم پەندەی ئەوان بۆ رەوشی ئێستای ناوچەی رۆژهەڵاتی ئەفریقا زۆر راست و گونجاوە. هەڵپە و هەڵەشەییەکانی ئابێی ئەحمەدی سەرەکوەزیرانی ئەسیوپیا ئاماژەن بۆئەوەی ناوبراو شاخی شەڕ و ئاژاوەی لێڕاوە. بۆیە ناوچەکە کەوتووەتە بەر ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ و گریمانی ئەوە دروستبووە، کە جیهان تووشی هەڵگیرساندنی شەڕێکی دیکە بکات. بۆیە پێویستە پێش ئەوەی رەوشەکان بتەقێنێتەوە، لە ئاستی خۆیدا رابگیردرێت. ئەو مەبەستەی ئابی ئەحمەد دەیەوێت شەڕی لەسەربکات ئەوەیە، کە کەوتووەتە هەڵپەکردن بۆئەوەی سنوورێکی ئاوی بۆسەر دەریا بۆ وڵاتی ئەسیوپیا دروست بکات.
ئەوەبوو ساڵی رابردوو گوتی ئەسیوپیا ناتوانێت وەک وڵاتێکی وشک بمێنێتەوە، دەبێت سنوورێکی ئاویی بۆ دروست بکرێت، بە شەڕکردن بێت یان بە ئاشتی. سۆماڵیش وڵاتێکی لاوازی دراوسێی ئەسیوپیایە، کە ئەسیوپیا گێچەڵی پێدەکات. دەیەوێت خاکێکی وای لێ وەربگرێت، کە سنورێکی ئاویی سەر دەریای بۆ دروست ببێت.
عەرەب نیوز
میسر بە ئیسرائیل دەڵێت، سەربازەکانت لە سنووری ئێمە دووربخەرەوە
داواکارییە نوێیەکانی نەتانیاهۆ قوفڵی کۆتایی دەدات لە گفتوگۆکانی ئاشتی. چەند ناوەندێکی دیپلۆماسیی میسری رۆژی دووشەممە گوتیان، قاهیرە ناتوانێت چاوپۆشی لەوەبکات سوپای ئیسرائیل بەدرێژایی سنووری میسر و کەرتی غەزە سەربازی خۆی بڵاوبکاتەوە. ئەم داوا نوێیەی بنیامین نەتانیاهۆ کە دەڵێت دەبێت هێزێک لەسەر سنوور جێگیربکرێت گرفتی بۆ بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانی دۆحە و گەڕاندنەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکانی لای حەماس دروستکردووە. گفتوگۆکان لە قاهیرە هەر درێژەیان هەیە، بەڵام لەوەدەچێت لەسەر ئەم مەرجەی سەرەکوەزیرانی ئیسرائیل قوفڵێکی وایان لێدرابێت نەتوانرێت بگەن بە هیچ ئەنجامێک.
تایمز
ستامەر دەڵێت، متمانە بۆ سیاسەتکردن لە بەریتانیادا دەگەڕێنمەوە
بڕیارە ئەمڕۆ کییە ستامەری سەرەکوەزیرانی بەریتانیا لەنێو باخچەکەی داونینگ ستریتدا گوتارێکی هەبێت. لەو گوتارەیدا دەڵێت، کە جارێکی دیکە هیوا و ئومێد بۆ خەڵک دەگەڕێنێتەوە و وادەکات خەڵکیش متمانەیان بە سیاسەتکردن هەبێت. ئەو باخچەیەی ئەمڕۆ ستامەر گوتارەکەی تێدا دەدات، هەر هەمان ئەو باخچەیە، لە سەردەمی قەدەغەکردنی هاتوچۆکەی پەتای کۆرۆنادا بۆریس جۆنسنی سەرۆکوەزیرانی پێشووتر ئاهەنگێکی تایبەتیی تێیدا سازکرد بۆ دەستەکەی خۆی.
ستامەر گوتارێکی بۆ رۆژنامەی تایمزی ئەمڕۆ نووسیوە، تێیدا دەڵێت، ئەوکاتە متمانە بە حکومەت دروستدەبێت، کە ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بکات لەکاتی بەنگەشەکاندا بە خەڵکی داوە.
ئیندیپێندەنت
جارێکی دیکە لێکۆڵینەوە لەبارەی تەلارێکەوە دەستیپێکردەوە، کە حەوت ساڵ پێش ئێستا سووتا
بەرپرسی ناوەندی ئاگرکوژاندنەوەی لەندەن دەڵێت، ئەوەی روودەدات کەتنێکە لە ئاستی نیشتمانیدا، دەبێت حسابی بۆ بکرێت. شەوی دووشەممە جارێکی دیکە دانیشتوانی ئەو گوزەرەی تەلارەکەی تێدایە بە ترس و تۆقانەوە هەڵاتن و ماڵ و حاڵی خۆیانیان بەجێهێشت، پاش ئەوەی کە بۆیان دەرکەوت بە حەوت ساڵ پاش سووتانەکەی هێشتا تەلارەکەی گرینفێل کەرەستە و مەوادی ترسناکی تێداماوە. ئەو تەلارە دەکەوێتە ناوچەی دۆگینهام لە لەندەنی پایتەختدا. خەڵکی دەوروبەری ئەو تەلارە شەوی دووشەممە ناچاربوون ئەو ناوە چۆڵ بکەن، چونکە بەهۆی کەرەستەکانی ناویەوە تووشی کۆکە و هەناسەتوندیی قورس هاتبوون. بۆیە ناوەندە پەیوەندیدارەکان ناچاربوون نزیکەی هەشتا کەس لە ئەو ناوچەیە بگوێزنەوە.
رۆژنامە عەرەبیەکان
شەرقلئەوسەت
لە سوریا خواست لەسەر فێربوونى زمانى روسی زیادی کردووە
باسم تەویل، گوتەبێژى وەزارەتى پەرەوەردەى سوریا ئاشکرایکرد خواست لەسەر فێربوونى زمانى روسی و چوونە نێو قوتابخانە روسیەکان زۆر زیادیانکردووە و بۆ دەستپێکى ساڵى خوێندنى ئەمساڵ (2024- 2-25) 39 هەزارو 500 کەس لە پۆلى حەوتەمى بنەڕەتى ناوى خۆیان تۆمارکردووە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە لە ساڵی 2020 دا تەنها چوار هەزار قوتابی لە قوتابخانە روسییەکان خوێندویانە و ساڵی 2021 یش ژمارەکە زیادی کردووە بۆ 31 هەزار، بۆ خوێندنى ئەمساڵیش نزیکبووەتەوە لە چل هەزار قوتابی، رۆژنامەکە ئاماژەى بەوە کردووە لە 12 پارێزگاى سوریا 217 قوتابخانە هەیە وانەى روسى دەخوێنن و 190 مامۆستاى تایبەتى زامانى روسی هەیە.
ئاماژەى بەوەشکردووە لە ساڵی 2014ـەوە روسیا دەستێوەردانى سەربازی کردووە لە سوریا بەردەوام کار لەسەر قوڵکردنەوەى دەسەڵاتى نەرمی خۆی دەکات و دەیەوێت رۆشنبیریی وڵاتەکەى لەناوچەکەدا بچەسپێنێت و وەک یەکەم هەنگاویش لە کۆلێژى زمانى زانکۆی دیمەشق بۆ یەکەمجار زمانى روسى کراوەتەوە و لە ئێستاشدا نزیکەى پێنج هەزار قوتابی خوێندنى باڵاى ئەو وڵاتە لە روسیا سەرقاڵی بەدەستهێنانى بڕوانامەى ماستەر و دکتۆران.
سەباح
فەرمانى دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە بۆ 36 بەرپرسی باڵاى عێراق دەرچووە
دەستەى دەستپاکی ئاشکرای کرد، تەنها لە مانگی تەمموزی رابردوودا فەرمانى دەستگیرکردن و لێپێچینەوەى بۆ 36 بەرپرسی باڵاى عێراقى دەرکراوە، کە دوو وەزیری پێشوو، یەک وەزیری پێشووتر و بریکارێکى وەزیری پێشوو، ئەندامێکى پێشووى پەرلەمان و شەش بەڕێوەبەرى گشتى ئێستا و 14 بەڕێوەبەرى گشتى پێشوون.
محەمەد رەحیم روبەیعی، سەرۆکی دەستەى دەستپاکی عێراق رایگەیاند، دۆسیەى دزی سەدە، سنورى عێراقى تێپەڕاندووە و بووەتە بابەتێکى نێودەوڵەتى و چەندین کەسى دیکەش لەو دۆسیەیەدا تێوەگلاون و پارەیان سپیکردووەتەوە.
راشیگەیاند، لەگەڵ پۆلیسى ئینتەرپول و پۆلیسی دادى ئەوروپى و ئەنجومەنى دادوەریی و وەزارەتەکانى داد و دەرەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی ئەوەن هەر کەسێک پەیوەندى بەو دۆسییەیەوە هەبێت دەستگیری بکەن و رادەستى یاسای بکەن.
دەستور
پلاستیک هەڕەشە لە عێراق دەکات و خواردن و ژینگەى ژەهراویی کردووە
فازڵ غەڕاوى، سەرۆکی ناوەندى ستراتیژیی بۆ مافەکانى مرۆڤ لە عێراق داوا لە حکومەت دەکات بەخێرایی هاوردەى پلاستیک قەدەغە بکات و رێگەش نەدات لە ناوخۆی وڵاتیش بەرهەمبهێنرێت بەتایبەتى لە بوارى خواردن و خواردنەوەدا و نانەواخانە و سەمونخانەکان و چێشتخانەکانیش ناچار بکات بەکارى نەهێنن و لە جێی ئەو مقەبا و کارتۆن بەکار بهێنن.
راشیگەیاندووە، بەهۆی بەکارهێنانى پلاستیکەوە 700 جۆر لە گیاندارى کێوى و دەریایی رووبەڕووى کێشە بوونەتەوە و هەندێکیان هەڕەشەى لەناوچوونیان لەسەرە.
بەگوێرەى گوتەکانى غەڕاوى، عەلاگەى سپی کێشەى بۆ کیسەڵەکان دروستکردووە دەیخۆن وادەزانن قندیلى دەریاییە، رێگە لە گەیشتنى تیشکى خۆر دەگرێت، کە بگاتە گژوگیا مروارییەکانى ژێر دەریا، لەسەر زەویش کێشەى گەورە بۆ ئاژەڵەکان دروستبووە و بەشێکى زۆریان پلاستیک دەخۆن و ئەوەش کاریگەریی لە سەر گۆشت و بەرهەمەکانیان دادەنێت و چەندین پێکهاتەى کیمیایی دەرژێتە نێویان و دواجار دەگەڕێتەوە بۆ مرۆڤ.
راشیگەیاندووە، مادەى پلاستیکى ئەگەر خەڵک بیەوێت لە ژینگەشدا نەیهێڵێت و بیسووتێنێت دیسانەوە کێشەى گەورە بۆ ژینگە دروستدەکات لەبەر ئەوەى چەندین مادەى کیمیایی دەکاتەوە بەرگە هەوا و شیبوونەوەشیان پێویستی بە 10 بۆ 20 ساڵ زیاترە.
عەرەب
جەنگ ئابووریی ئیسرائیلى ماندوو کردووە
کارنیت فلوغ، سەرۆکى پێشووى بانکی ناوەندى ئیسرائیل، کە ئێستا جێگری سەرۆکی توێژینەوەیە لە پەیمانگاى ئیسرائیل لە قودس رایگەیاند، ئابووریى ئیسرائیل لە گێژاودایە و پەیوەندى راستەوخۆی بە ئاسایش و کورت و درێژیی جەنگەکەوە هەیە، تاوەکو زیاتر درێژە بکێشێت زیانەکان زیاتر دەبن.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە زیانەکانى ئابووریى ئیسرائیل هەر ئەوانە نییە لەجەنگەکەدا خەرجدەکرێن، بەڵکو دروستکردنەوەى ئەو شوێنانەى بەهۆی جەنگەکەوە تێکچوون، قەرەبووکردنەوەى کەس و کارى قوربانییەکان، کێشەى سەربازە یەدەگەکان لە مووچە و دابینکردنى شوێنى مانەوەیان بوونەتە زیانێکى دیکەى ئابوورى ئیسرائیل.
لە لایەکى دیکەوە جموجوڵى بەندەرەکانى ئیسرائیل بە رێژەى 16% کەمیان کردووە لەچاو ساڵی رابردوودا، رێژەى بێکاریی بەرزبووەتەوە بۆ 4.8% بەشێکى زۆر کە کارگە بچووک و مامناوەندەکان داخراون بەهۆی ئەوەى کە خاوەنەکانیان لە یەدەگ و خانەنشینەکان بوون و بانگکراونەتەوە بۆ خزمەتى سەربازیی.
یەعقوب شینین، پسپۆڕی ئابورى ئیسرائیلى دەڵێت، تێچووى ئەو جەنگە تائێستا زیاتر بووە لە 120 ملیار دۆلار.
رۆژنامە فارسییەکان
ئارمانی ئیمروز
تمەنی ئێرانی بوو بە لاوازترین دراوی جیهان
ماڵپەڕی فێکسی fxssi لیستی کەمنرخترین دراوەکانی جیهانی بڵاوکردەوە، کە تێیدا تمەنی ئێرانی وەک کەمنرخترین دراو تۆمارکراوە.
دابەزینی بەهای تمەن لە ساڵی 1979 دەستیپێکرد و هۆکاری جۆراوجۆری وەک شەڕی ئێران و عێراق، گەمارۆ ئابوورییەکان و ناسەقامگیری سیاسی کاریگەریی لەسەر بوو.
ئەم سزایانە بەتایبەتی دوای پێشێلکردنی رێکەوتنی ئەتۆمی و سزاکانی ئەمریکا لە ساڵی 2018 توندتر بوون و ئەمەش وایکرد ئێران نەتوانێت نەوتەکەی هەناردە بکات، کە بووە هۆی کورتهێنانی بودجەی نیشتمانی.
ئێران هەڵاوسانی توندی بەخۆیەوە بینیوە و بەهای تمەن بەڕێژەیەکی بێوێنە دابەزیوە و ئەم دۆخە وایکردووە تمەنی ئێرانی بە ناجێگیرترین و کەم نرخترین دراو لە جیهاندا بناسرێت.
ئەفکار
77 پڕۆژەی دابینکردنی غاز لە پارێزگای سنە دەستیپێکرد
ئەحمەد فێعلەگەری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای غازی پارێزگای سنە رایگەیاند، 77 پڕۆژەی دابینکردنی غاز بە بڕی بودجەی شەش ملیۆن دۆلار لە پارێزگای سنە دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە یان کارەکانی جێبەجێکردنیان تەواو دەبێت.
ئەم پڕۆژانە بریتین لە دابینکردنی غاز بۆ پێنج گوند، 22 پرۆژە لە شاری بانە، شەش بازگە لە ناوچە سنوورییەکان و 20 یەکەی پیشەسازی.
هەروەها شەش پڕۆژەی جێگیرکردنی وێستگەکان ئەنجام دەدرێت، کە گەیاندنی غازی سروشتی بۆ هەموو شار و گوندەکانی پارێزگای سنە دەگاتە ئەنجام.
مەردوم سالاری
ئێران ناکەوێتە داوی میدیای دوژمن
محەمەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران جەختی لەوە کردەوە کۆماری ئیسلامی ئێران لەژێر کاریگەریی میدیایی دوژمندا نییە و بڕیارەکانی تۆڵەسەندنەوەی بەدەر لە هەر گوشارێکی دەرەکی ئەنجام دەدات.
ئەو ئیدانەی تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیەی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بابەتە لەبیر ناکرێت و تۆڵەسەندنەوە لە خوێنی شەهیدان لەلایەن ئێران و بەرەی مقاومەتەوە حەتمییە.
بەڵام لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەشکرد هەر هێزێکی بەرەی مقاومەت بە شێوەیەکی سەربەخۆ کاردەکات و بە جیاواز تۆڵە دەکاتەوە.
کار و کارگەر
310 زیارەتکاری نەخۆش و 34 مردوو لە عێراقەوە گواسترانەوە بۆ ئێران
سەرۆکی رێکخراوی فریاگوزاریی مانگی سووری ئێران رایگەیاند، 310 زیارەتکارى نەخۆش و 34 زیارەتکار کە گیانیان لەدەستداوە لە عێراقەوە بۆ ئێران گواستراونەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە 101 رووداوی نەخوازراو لە ئەربەعیندا 24 کەس برینداربوون و 10 کەسیش گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکیش بە هۆکاری سروشتی و نەزانراو گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها زیاتر له نۆ هەزار زیارەتکار بەشێوەی دەرەوەی نەخۆشخانە چارەسەر کراون و 21 هەزار کەس سەردانی بنکە سنوورییەکانیان کردووە و سوودمەندبوون لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی وەک پشکنینی شەکری خوێن.
رۆژنامە تورکییەکان
حورییەت
ئەسەد دەڵێت، هیچ پێشمەرجێکم نیە بۆ تورکیا
لە کۆبوونەوەکەی بەشار ئەسەد لەنێو پەرلەمانی وڵاتەکەیدا، ئاماژەی بەوەداوە ئەوان هیچ پێشمەرجێکیان نیە بۆ تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی چاوپێکەوتنەکانیان.
لە وەڵامی ئەردۆغاندا، بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ، ئەسەد رایگەیاندووە، راست نیە، کە دەگوترێت ئێمە دەستناکەین بە گفتوگۆ تاوەکو تورکیا هێزەکانی خۆی نەکشێنێتەوە.
میللیەت
لە تورکیا بەهۆى گرانى نرخى تاکسى دایک و باوک خۆیان هاتوچۆ بە منداڵەکانیان دەکەن
تەکسیەکان کەمتر دەخوێننەوە، لەکاتێکدا خزمەتگوزاری گواستنەوە بۆ خوێندنگەکان لە هەندێک ناوچە 100% نرخەکانیان زیاد کراوە و گەیشتووەتە 100 هەزار لیرە. بەڵام خاوەن ئۆتۆمبێلەکان دەڵێن، لە خوێندنگەکانەوە وەک کۆمیسیۆن، بڕە پارەی خۆیان زیاد دەخەنە سەر بۆیە ئەوانیش ناچارن زیادی بکەن.
ئەم سیستمی گواستنەوانە، بۆ هەر 3.8 کیلۆمەترێک ساڵانە 60 هەزار لیرەیان دەوێت. لە ساڵێکدا خوێندکار کە 180 رۆژ پێویستی بە گواستنەوەیە، نرخی گواستنەوەی رۆژانەی تێکڕا دەگاتە 333 لیرە.
لەکاتێکدا ئەگەر خوێندکارەکە بە تەکسی بچێتە خوێندگەکە و بێتەوە هەموو رۆژێک، ئەوا تەنیا 200-220 لیرە خەرج دەکات، ئەمەش وای کردووە، کە زۆرێک لە باوکان، ناچار بن، کە خۆیان هاتوچۆ بە منداڵەکانیان بکەن، یان چەند دراوسێیەک پێکەوە کۆببنەوە و بەیەکەوە منداڵەکانیان بە تەکسی بەرنە خوێندنگە نەک بە پاسی خزمەتگوزاری گواستنەوەی تایبەت.
یەنیچاغ
لەدەستومەچەکدا نەماوە، هەژاری تاسەر ئێسقان هاتووە
لە وەڵامی رەجەب تەیب ئەردۆغاندا، کە ئاماژەی بەوە کردبوو هەژاری تەواو بوو لە تورکیا، هەندێک لە هاووڵاتییان دەڵێن، ”کار نیە، پارە نیە، ئەوەی تەواو بووە هەژاری نیە، ئێمەین تەواو بووین.ئەوە ئێمەین خنکاوین، مردووین، ئەگەر قسەش بکەین دەستگیر کراوین”.
هاووڵاتیەکی دیکە کە خانەنشینە، بەم شێوەیە باسی ژیانی خۆی دەکات و دەڵێت،”کار نیە و پارە نیە، دەچینە بازاڕ و دەگەڕێینەوە، ناتوانین گۆشت بکرین، 700-800 لیرەیە، بە 12 هەزار و 500 لیرە مووچەوە بەچی گۆشت بکڕین. واز لە گۆشت بهێنە، تەنانەت ناتوانین مریشکیش بکڕین.
یەنیسۆز
لە مالازگر جارێکی دیکە مێژوو خۆی دووبارە کردەوە
ئەردۆغان و ستافێکی تەواوی حکومەتەکەی و دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە، لەمالازگر یادی 953 ساڵەی سەرکەوتنی مالازگریان کردەوە.
ئەردۆغان گوتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا ئاماژەی بەوەدا دەرگای ئانادۆڵو بۆ یەکەم جار لەمالازگرەوە کرایەوە بە رووماندا، بەشێوەیەک جارێکی دیکە ئەو دەرگایانە دانەخرێن.
ئەو رۆژە هەموو پێکەوە بەشداربووین لە سەرکەوتنەکان، بە کورد و تورک و عەرەبەوە، کە داواجار رێگەی فەتحی قودسیشی بەرووماندا کردەوە. ئەمڕۆ بەهەمان بیرو باوەڕ و ئیمانەوە، لە مالازگرین.