زووم…
لیژنە داراییەکەى حکومەتى عێراق سەردانەکەی بۆ مەرزی باشماخ کۆتایی پێهێنا کە مەبەست لێی بەدواداچوون بوو بۆ چەند پرسێکی دارایی، لەنێویاندا پرسی هەناردەى نەوت بۆ ئێران لەڕێی تانکەرەوە، سەرچاوەک بە زوومى راگەیاند، بەهۆى هاتنى لیژنەکەوە ئەمڕۆ هیچ تانکەرێکى نەوت نەچووە بۆ مەرزەکە.
شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ بە زوومى راگەیاند، لیژنەکە بە مەبەستی سەیرکردنی تەرازووی کۆتایی و داهات و خەرجی، هاتووەتە بەڕێوەبەرایەتیەکەیان.
سەرجاوەیەک بە زوومی راگەیاند، لیژنەکەى حکومەتى عێراق سەردانەکەی بۆ مەرزى باشماخ کۆتایی پێهێناوە و بەهۆی هاتنی لیژنەکەوە ئەمڕۆ هیچ تانکەرێکى نەوت نەچووە بۆ مەرزەکە.
هاوکات زووم لەگەڵ سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق قسەی کرد، نەیویست ناوی بهێنرێت، گوتی، سەردانی لیژنەکە بۆ پرسی داهات و هەناردەکردنی نەوتە بە تانکەر و لەڕێی دەروازە سنوورییەکانەوە.
زووم زانیویەتی، لە هەشت مانگی یەکەمی 2024ـدا، 69 هەزار و 791 تەنکەر نەوت لە دەروازەی سنووریی باشماخەوە هەناردەکراوە، بە نزیکەیی بۆ هەر رۆژێک 300 تانکەر نەوت هەناردە کراوە.
مانگى رابردوو ئاژانسی هەواڵى رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا ئاشکراى کرد، رۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان بە قاچاخ دەبرێنە ئێران و تورکیا، بۆ هەر بەرمیلیک 30 بۆ 40 دۆلار وەردەگیرێت کە نیوەی نرخی فەرمییە.
رۆیتەزر باسى لەوەشکردبوو، داهاتى نەوتى قاچاخى هەرێمى کوردستان دیارنییە و تەنها دەچێتە گیرفانی بەرپرسانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانییەوە.