زووم..
بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ رایگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەیەکی دارایی حکومەتی عێراق بۆ بەدواداچوونی چەند پرسێکی دارایی دێتە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان.
شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ بە زوومی گوت، وەزارەتی دارایی عێراق ئاگاداری کردوونەتەوە، ئەمڕۆ لیژنەیەکیان بە مەبەستی سەیرکردنی تەرازووی کۆتایی و داهات و خەرجی، دێتە بەڕێوەبەرایەتیەکەیان. گوتیشی، خۆیان دەستنیشانی دەکەن کە داهاتی چ مانگێکیان دەوێت.
زووم لەگەڵ سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق قسەی کرد، نەیویست ناوی بهێنرێت، بەڵام هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی، سەردانی لیژنەکە بۆ پرسی داهات و هەناردەکردنی نەوتە بە تانکەر و لەڕێی دەروازە سنوورییەکانەوە.
زووم لە سەرچاوەیەکی دیکەوە، داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی باشماخی دەستکەوتووە، لە هەشت مانگی ئەمساڵدا 67 ملیار دیناری داهاتی هەبووە.
زووم زانیویەتی، لە هەشت مانگی یەکەمی 2024ـدا، 69 هەزار و 791 تەنکەر نەوت لە دەروازەی سنووریی باشماخەوە هەناردەکراوە، بەنزیکەیی بۆ هەر رۆژێک 300 تانکەر نەوت هەناردەکراوە.