زووم..
بەرەبەیانى ئەمڕۆ، هێزێکى زۆرى حەشدى شەعبى چوونە سنوورى ناحیەى کوڵەجۆى گەرمیان و کێڵگەى نەوتى چاڵاو خالید، ئەفسەرێک لە لیواى پێنجى پیادەى هێزى پێشمەرگە بە زوومى راگەیاند، هێزەکە بە تەواوى کشاونەتەوە، بەڵام سەرچاوەیەکى پێشمەرگە لە ناوچەکە بە زوومى راگەیاند، تائێستا بەشێک لە هێزەکە نەکشاونەتەوە و لە کێڵگە نەوتییەکە جێگیربوون.
رائید ئومێد محەمەد، ئەفسەر لە لیواى پێنجى پیادەى هێزى پێشمەرگە رایگەیاند، کاتژمێر چوار و نیوى بەرەبەیانى ئەمڕۆ ئەو هێزەى حەشدى شەعبى هاتوونەتە سنوورەکە و هیچ هەماهەنگیان لەگەڵ هێزەکانى پێشمەرگە نەکردووە، تەنانەت بەبێ ئاگادارى ئۆپراسیۆنەکانى دیالەش هاتوون.
گوتیشى، وەزارەتى پێشمەرگە پەیوەندى بە بەغدادەوە کردووە و دواى ئەوە هێزەکەى حەشدى شەعبى دەستیان بە کشانەوە کرد و ئێستا ناوچەکە لەژێر کۆنتڕۆڵى هێزى پێشمەرگەدایە.
پێچەوانەى لێدوانى ئەو ئەفسەرە، فەرماندەیەکى پێشمەرگە لە سنوورە کە لەبەر هەستیاریی بابەتەکە پێى باش نەبوو ناوى ئاشکرابکرێت، بە زوومى راگەیاند، لەسەدا 80ـى هێزەکەى حەشدى شەعبى کشاوەتەوە، بەڵام بەشێک لە هێزەکە ماونەتەوە و لە کێڵگە نەوتییەکەى کوڵەجۆ جێگیربوون.
فەرماندەکەى پێشمەرگە گوتیشى، هێزەکەى حەشدى شەعبى 550 ئۆتۆمبێل و ئامێری سەربازییان پێبووە کە لەو ژمارەیە نزیکەی 150ـیان ئۆتۆمبێلی سەربازی بوون.
هاوکات سەرچاوەیەکى ئەمنى عێراقى بە زوومى گەرمیانى راگەیاند، کۆمپانیایەکى ئیماراتى داواى هاتنى ئەو هێزەى حەشدى شەعبى کردووە بۆ پاراستنیان بە پاساوى ئەوەى لە ناوچەکە بە دواى نەوتدا دەگەڕێن.