زووم…
رۆژنامەی عەرەب دەڵێت، سلێمانی بەردەوام لەبەردەم هێرشی تورکیادایە و بەغداد و هەولێریش لەسەر ئەم هێرشانە بێدەنگن.
رۆژنامەکە لەدوای هێرشە درۆنییەکەی سەیدسادق لە 23ـی ئەم مانگە کە هەردوو رۆژنامەنووس گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین تێیدا گیانیان لەدەستدا دەڵێت، سلێمانی کە لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە ئیدارە دەدرێت بووەتە گۆڕەپانی هێرشەکانی تورکیا، حکومەتی ناوەندی لە بەغداد و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
رۆژنامەکە دەشڵێت، ئەو بێدەنگییە “بووەتە هۆی نیگەرانییەکى قوڵ لاى هاووڵاتیانى کوردستان و بەشێک لە پارتە سیاسییەکان.”
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، “بەشێکى زۆر لە کوردەکان فەرمانگەکانى حکومەت تۆمەتباردەکەن بە پێدانى زانیاری بە سوپاى تورکیا و دەپرسن ئەو فڕۆکانە لە کوێوە دێن؟ بۆچى لە ئاسمانى دهۆکەوە دەگەنە سلێمانى و کەس هیچیان لەبارەوە ناڵێت؟ بۆچى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەغدادیش بێدەنگییان هەڵبژاردووە؟”
لە وەڵامی ئەو پرسیارانەدا رۆژنامەکە دەڵێت: پێدەچێت حکومەتى عێراق بیەوێت رێککەوتنە ئەمنییەکەى لەگەڵ تورکیا جێبەجێ بکات، کە لەبارەى پشتوێنەى ئەمنیى تورکیا و گەمارۆدانى پارتى کرێکارانى کوردستانەوە واژۆی کردووە.
لە رۆژی 14-08-2024 شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق بە سەرۆکایەتی فواد حوسێن، وەزیری بەرگریی عێراق و بە بەشداری رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەنقەرەیان کرد. دوای رۆژێک وەزیرانی بەرگریی هەردوو وڵاتەکە یاداشتێکی لێکتێگەشتنی سەربازیی و ئەمنییان واژۆکرد بۆ “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر”.
لەدوای واژۆکردنی یاداشتەکە فواد حسێن گوتی: پێموابێت ئەمە یەکەم یاداشتی لێکتێگەشتنە لەنێوان هەردوو وڵات… بەگوێرەی دەستوور هەر جموجۆڵێک لە خاکی عێراق دژی وڵاتانی دراوسێ دژی بنەماکانی دەستوورە و ئێمەش بەرەو ئەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێین، هەڕەشەکان تەنیا لەسەر لایەنی تورکیا نییە بەڵکو لەسەر عێراقیشە، ئەو رێکخراوانە [پەکەکە] بوونەتە هەڕەشە لەسەر دۆخی سیاسی و دیموکراسی عێراق.”
هاوکات هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: دڵخۆشین بەوەی لە عێراق هۆشیاریی بەرامبەر بە پەکەکە زیادیکردووە، راگەیاندنی پەکەکە وەک هەڕەشەی هاوبەش زۆر بەنرخە.