زووم…
رۆژنامەیەکی تورکیا بڵاویکردوەتەوە، لە رۆژەکانى داهاتوودا سوپای تورکیا و سوپای عیراق ئۆپراسیۆنێکی گشتگیرتر و هاوبەش بۆ سەر چیای گارە و دەوروبەری ئەنجامدەدەن.
رۆژنامەى یەنی شەفەق ئاماژەی بەوە کردووە، نزیکەى هەزار ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان لە چیای گارە هەن و سەربازەکانى سوپای عێراقیش لە بنکەی بەعشیقە بۆ ماوەى 32 هەفتە راهێنان پێکراوە بۆئەوەى لە ئۆپراسیۆنەکە بەشداربن.
رۆژنامەکە دەشڵێت، بنکەى بەعشیقە بووەتە بنکەیەکی سەرەکی بۆ “ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان بۆ سەر گارە، سوپای تورکیا و سوپای عێراق لەو بنکەیە راهێنانی سەربازیی دەکەن.”
لە درێژەى هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە کراوە: کۆنتڕۆڵکردنی گارە، بۆ دابینکردنى ئاسایشی پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان گرنگە کە پڕۆژەیەکی بازرگانییە لەنێوان تورکیا و عیراق، لەبەرئەوەی رێگای ئاسنین و رێگەی وشکانی لەنێوان موسڵ و تورکیا بەو سنورەدا تێدەپەڕێت.
رۆژنامەکە نوسیوێتی بۆ جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیە “پێویستە ناوچەی گارە و شەنگال لە پارتی کرێکارانی کوردستان پاک بکرێتەوە.”
لە رۆژی 15ـی ئەم مانگە بەغداد و ئەنقەرە لێکتێگەشتنێکی ئەمنییان واژۆکرد بۆ “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.” لێکتێگەشتنەکە لە ئەنقەرە لەلایەن سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق و یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا واژۆکرا.
لە شاندەکەی عێراق کە سەردانی ئەنقەرەیان کردبوو هەریەک لە فواد حسێن، وەزیری بەرگریی عێراق و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەشداربوون.
لەدوای واژۆکردنی لێکتێگەشتنەکە فواد حسێن رایگەیاند: سەربازگەی بەعشیقە دەبێتە سەربازگەیەکی مەشقپێکردنی هێزهكانی عێراق.