زووم..
رۆژنامە عەرەبیەکان
شەرقولئەوسەت
دزە گەورەکەى عێراق لە لوبنانەوە بە فڕۆکەیەکى تایبەت چووەتە تورکیا
میدیاکانى لوبنان بڵاویانکردەوە هاووڵاتییەکى عێراقى بەناوى نور زوهەیر موزەفەر، تووشى رووداوى هاتوچۆ بووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، کە تۆمەتبارە بە بردنى دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆلار و بە “دزى سەدە” ناسراوە.
سەرچاوەیەکى ئەمنیى باڵاى لوبنان بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە، ئەو لەڕێى فڕۆکەخانەى رەفیق حەریرییەوە بە فەرمی لە رۆژى 21ـى ئەم مانگە هاتووەتە لوبنان و لێی دەرچووە بەبێ ئەوەى هیچ لیپێچینەوەیەکى لەگەڵدا بکرێت و بۆ ماوەى سێ رۆژ لە لوبنان ماوەتەوە.
بەگوێرەى یاساى لوبنان هەرکەسێک تووشى رووداوى هاتوچۆ ببێت پێویستە لەنێو دۆسیەى رووداوەکانى نەخۆشخانە و پۆلیسى وڵاتەکەدا تۆمار بکرێت، بەڵام لەکاتى لێکۆڵێنەوەى ئەمنیدا لەگەڵ نەخۆشخانەى سانت تیریزى تایبەت دەرکەوتووە، زوهەیر تووشى رووداوێکى ئاسایی هاتوچۆ بووە و کەمێک برینداری هەبووە و دواى وەرگرتنى چارەسەر لەنەخۆشخانەکە نەماوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەک نەکراوە لە هۆکارى تۆمارنەکردنى.
لە لایەکى دیکەشەوە پۆلیسی هاتوچۆی لوبنان و خاچی سوریش لەشەوى هەینى لەسەر شەممە لەو شوێنەدا کە باسکراوە، هیچ رووداوێکى هاتوچۆ تۆمارنەکراوە. رۆژنامەنووسان و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانیش بڵاویان کردووەتەوە، کە ئەو وێنانەى بڵاوکراونەتەوە گوایە تووشى رووداوى هاتوچۆ بووە راست نین و بۆ سەرلێتێکدان بڵاوکراونەتەوە و بە فڕۆکەیەکى تایبەتیش لە بەیروتەوە چووەتە تورکیا.
بەگوێرەى گوتەى شارەزایەکى یاسایی بڕیارە 27ـى ئەم مانگە یەکەم دادگایی ناوبرا بەڕێوەبچێت.
عەرەب
سلێمانى بووەتە گۆڕەپانى هێرشەکانى تورکیا و بەغداد و هەولێریش بێدەنگن
پارێزگاى سلێمانى لە هەرێمى کوردستان، کە لە لایەن یەکێتیى نیشتمانى کوردستانەوە ئیدارە دەدرێت بەردەوام لەبەردەم هێرشەکانى تورکیادایە و حکومەتى ناوەندى لە بەغداد و هەرێمى کوردستانیش لە هەولێر بێدەنگییان هەڵبژاردووە، ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانییەکى قوڵ لاى هاووڵاتیانى کوردستان و بەشێک لە پارتە سیاسییەکان.
رۆژنامەکە ئاماژەى بە هێرشەکەى رۆژى هەینى رابردوو کردووە، کە لە نزیک سەیدسادق درۆنێکى تورکى هێرشى کردە سەر ئۆتۆمبێلێک و دوو کچە رۆژنامەنووسی تێدا کوژران و کەسێکى دیکەش برینداربوو.
رۆژنامەکە نووسیویەتى، بەشێکى زۆر لە کوردەکان فەرمانگەکانى حکومەت تۆمەتباردەکەن بە پێدانى زانیاری بە سوپاى تورکیا و دەپرسن ئەو فڕۆکانە لە کوێوە دێن؟ بۆچى لە ئاسمانى دهۆکەوە دەگەنە سلێمانى و کەس هیچیان لەبارەوە ناڵێت؟ بۆچى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەغدادیش بێدەنگییان هەڵبژاردووە؟
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە پێدەچێت وەڵامی ئەو پرسیارە ئەوە بێت، کە حکومەتى عێراق بیەوێت رێککەوتنە ئەمنیەکەى لەگەڵ تورکیا جێبەجێ بکات، کە لەبارەى پشتوێنەى ئەمنیى تورکیا و گەمارۆدانى پارتى کرێکارانى کوردستانەوە واژۆی کردووە.
جەریدە
کوەیت چەترى ئۆتۆمبێل دەخاتە بوارى جێبەجێکردنەوە
شارەوانى کوەیت بڕیاریداوە بەگوێرەى پلانێکى تایبەت دەستبکرێت بە دروستکردنى چەتری پاراستنى ئۆتۆمبێل لە شوێنە نیشتەجێبوونەکان، کۆمپانیاکانى وەبەرهێنان، بازرگانى، کشتوکاڵی، پیشەسازیی و سەرجەم بینا حکومییەکان و لە مانگى تشرینى یەکەمى ئەمساڵەوە دەیخاتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە حکومەت لە بەرامبەر ئەوکارەدا بۆ هەر مەترێک چوارگۆشە مانگانە نیودینارى کوەیتى وەردەگرێت و بڕیارە لەماوەى دوو هەفتەى داهاتوودا پرۆژەکە وەک ئەزموون بخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە. رۆژنامەکە ئاماژەى بەوە کردووە پرۆژەکە لە ئەنجامى داواکاریی هەزاران هاووڵاتییەوە سەرچاوەى گرتووە، چونکە نیگەران بوون لە گەرمبوونى زۆری ئۆتۆمبێلەکانیان و تێکچوون و گڕگرتن و خراپبوونیان و ئەو چەترانەش دەبنە هۆى کەمکردنەوەى کێشەکانیان.
عەرەبی جەدید
تاڵیبان داواى زیندانییە ئەفغانیەکان دەکاتەوە و گومان لە دادگاکانى ئێران دەکات
حەمدەڵا فیکرەت گوتەبێژى حکومەتى ئیسلامی ئەفغانستان، کە تاڵیبان سەرۆکایەتى دەکات داواى لە هاوتا ئێرانیەکەى کردووە سەرجەم ئەو هاووڵاتییە ئەفغانییانەیان رادەست بکاتەوە، کە لە ئێراندا سزاى لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە تاوەکو لەڕێى دادگاکانى وڵاتەکەى خۆیانەوە بۆیان دەربکەوێت شایانى ئەو سزایەن یان نە، بەگوێرەى سەرچاوە ئێرانیەکان لە ماوەى ئەمساڵدا 23 هاووڵاتى ئەفغانى بە هۆی ئەنجامدانى تاوانى جۆراروجۆرەوە لەسێدارە دراون، ژمارەیەکى زۆریش لە زیندانەکاندا چاوەڕوانى جێبەجێکردنى سزای لە سێدارەدانن.
حافز زیا ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتى دەرەوەى ئەفغانستان رایگەیاندووە، کابول زۆر نیگەرانە لە هەڵسوکەوتى هاووڵاتیان و بەرپرسانى ئێرانى لە بەرامبەر پەنابەرانى وڵاتەکەیدا.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
پاشای وڵات لەڕووی رۆحییەوە رێنمایی کراوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاریی باش بکاتەوە
رۆژنامەی دەیلى مەیل، زانیویەتی شا چارڵسی پاشای بەریتانیا، لەلایەن سەرکردە ئاینییەکانی وڵاتەکەوە رێنمایی پێدراوە، کە واباشە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ شازادە هاریی کوڕیدا باش بکاتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە پاشاوە بە رۆژنامەکەى گوتووە، هەندێک ورەی رۆحی دراوە بە پاشا، هانی دەدەن پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوڕەکەیدا باش بکاتەوە.
بۆ چاککردنەوەی ئەو پەیوەندییانەش دەىێت پاشا بە دەربڕینی ئاشکرا باس لەوەبکات، کە تووڕەییەکانی خۆیی بەلاوە ناوە، چونکە پاشا خۆی ماوەیەکە خەمی هەیە، بیری کوڕەزاکانی خۆی دەکات و ناشتوانێت بیانبینێت.
دەیلی تەلەگراف
رەنگە مەسک ئەو ئەستێرەوانانە رزگاربکات لە بۆشایی ئاسمان گیریان خواردووە
ئیلۆن مەسک، هەوڵدەدات ئەو دوو ئەستێرەوانە بگەڕێنێتەوە سەر زەوی، کە ماوەیەکە لەنێو بنکە نێودەوڵەتییەکەی بۆشایی ئاسماندا گیریان خواردووە. هەریەکە لە فەرماندە باری ویلمۆر و فڕۆکەوان سوونی ویڵیەمز لەڕێی موشەکی (بۆینگ ستارلاینەر)ـەوە گەیشتوون بە بنکە ئاسمانییەکە، بەڵام بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە، کە لە ستارلینەردا روویداوە ناتوانن بگەڕێنەوە سەر زەوی، ئەگەرچی ماوەیەکی زۆریش بەسەر کاتی گەڕاندنەوەیاندا تێپەڕیوە.
ئەم دوو کەسایەتییە لە مانگی حوزەیرانی رابوردوودا بۆ گەشتێکی هەشت رۆژە چوونە بنکەی نێودەوڵەتیی نێو بۆشایی ئاسمان، بەڵام زیاد لە دوو مانگە لەوێ گیریان خواردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە.
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
بەبۆنەی رۆژی ئاڵای ئۆکراینەوە ئاسمانی کیێڤ پڕکرا لە رەنگی زەرد و شین
دانیشتووانی کیێڤی پایتەختی ئۆکراین بۆ ئاهەنگگێڕان بە رۆژی سەربەخۆیی و هەڵکردنی ئاڵای وڵاتەکەیانەوە ئاسمانی شارەکەیان پڕکرد لە رەنگی شین و زەرد، کە رەنگی ئاڵای وڵاتەکەیانە.
کۆبوونەوە جەماوەرییەکە بەبۆنەی تێپەڕبوونی 33 ساڵ بوو بەسەر وەرگرتنی سەربەخۆیی ئەو وڵاتە و دەرچوونی لە قەڵەمڕەوی دەستەڵاتی یەکێتیی سۆڤیەت لە رۆژی 24ـی ئابی 1991ـدا.
ئەم ئاهەنگگێڕانە هاوکات بوو لەگەڵ گەیشتنی نارێندرا مودیی سەرۆکی هیندستان بەو وڵاتە.
ئیندیپێندەنت
دواجار ئەو فڕۆکەوانە ئەفغانییەی ناونرا پاڵەوان لەگەڵ ژن و منداڵەکەیدا یەکیگرتەوە
رۆژنامەی ئیندیپێندەنت یەکەمین ناوەند بوو، پشتیوانیی لە فڕۆکەوانە ئەفغانییەکە کرد و نەیهێشت بنێردرێتەوە بۆ نێو وڵاتەکەی خۆی، ئێستاش لەپاش دوو ساڵ چاوەڕوانیکردن دەتوانێت لەگەڵ خێزانەکەیدا یەک بگرێتەوە.
ئەم فڕۆکەوانە هاوشان لەگەڵ سوپای بەریتانیادا شەڕی دژی تاڵیبانی کردووە، ئێستا توانیویەتی لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکەیدا لە بەریتانیا یەک بگرنەوە و ژیانێکی نوێ دەستپێبکەن.
ئەم رۆژنامەیە کاری زۆری کردووە لەسەر ئەوەی ئەم فڕۆکەوانە ئەفغانییە بتوانێت لەنێو بەریتانیدا لەگەڵ خێزانەکەیدا یەک بگرنەوە.
ئەم ئەفسەرە فڕۆکەوانە یەکێکە لەو کەسانەی لە وڵاتەکەی خۆیەوە هەڵاتووە و لەڕێی بەلەمە بچووکەکانەوە بە نایاسایی خۆیی گەیاندووە بە نێو خاکی بەیتانیا، بەڵام بەریتانیا ئامادەنەبوو مافی پەنابەریی پێبدات.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
سورییەکانى سوریا خۆش دەژین
وەک لەم دوو وێنەیەدا دیارە سورییەکانى تورکیا و سورییەکانی سوریا خۆش دەژین و سەرقاڵی کەیف و سەفای خۆیانن.
13 ساڵ پێش ئێستا بەهۆی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەیانەوە ملیۆنان سوری روویان لە تورکیا کرد، بەڵام گرتە نوێیەکانى دیسکۆکانى شام دەرکەوتووە گەنجانى ئەو وڵاتە خۆش دەژین و خەریکی دانس و کەیفی خۆیانن.
گرتە نوێیەکەی شام سەری لە هەموان شێواندووە، کە بڵێین ئایا ئەوە سوریایە، کە شەڕی تێدایە.
حوڕییەت
ئیستەنبوڵ ژمارەی پێوانەیی لە گەشتیاردا شکاندووە
لە ماوەى حەوت مانگی ئەمساڵدا 10 ملیۆن و 467 هەزار و 313 گەشتیاری بیانی سەردانى ئیستەنبوڵیان کردووە. لەمساڵدا بە بەراورد بە ساڵانی پێشتر هاتنى گەشتیار بۆ ئیستەنبوڵ زیادی کردووە، هاوکات لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا زۆرترین گەشتیار روویان لەو شارە گەشتیارییە کردووە.
بەگوێرەى ئامارەکان گەشتیارە روسەکان بە پلەی یەکەم دێن، دوای ئەوانیش زۆرترین گەشتیاری ئەمریکی روویان لە ئیستەنبوڵ کردووە.
یەنی شەفەق
ئۆپراسیۆن لە چیاى گارە بەردەوامە
بنکەى بەعشیقە بووەتە بنکەیەکی سەرەکی بۆ ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان بۆ سەر چیاى گارە، سوپای تورکیا و سوپای عێراق لەو بنکەیە راهێنانی سەربازی دەکەن.
چاوەڕێ دەکرێت لە رۆژانى داهاتوودا ئۆپراسیۆنێکی گشتگیرتر بۆ سەر چیای گارە بکرێت.
بەگوێرەى زانیارییەکان نزیکەى هەزار ئەندامی پەکەکە لە چیای گارە هەن. سەربازەکان لە بنکەی بەعشیقە بۆ ماوەى 32 هەفتە راهێنانیان کردووە.
هاوکات کۆنتڕۆڵکردنی گارە، بۆ دابینکردنى ئاسایشی پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان گرنگە، لەبەرئەوەی رێگای ئاسنین و رێگەی وشکانی لە نێوان موسڵ و تورکیا بەو سنورەدا تێدەپەڕێت.
بۆ جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیە پێویستە ناوچەی گارە و شنگال لە پەکەکە پاک بکرێتەوە.
میلاد
مەشغوڵکردنی هێڵی فریاکەوتن 61 دۆلار سزای دارایی لەسەرە
پارێزگاری ئەسکیشەهیر رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەوانەى بەبێ هۆکار بەیوەندییان بەهێڵی 112ـى فریاکەوتن کردووە ژمارەیان زیادبووە، بەجۆرێک تائێستا 35 کەس سزای ئیداریی دراون.
سزای هەرکەسێک کە بە هەڵە یان بەبێ هۆکار پەیوەندیی بە هێڵی 112ـى ئەمبوڵانسەوە بکات بڕی دوو هەزار و 52 لیرە سزای دارایی دەدرێت، کە دەکاتە 61 دۆلاری ئەمریکی.
ئەگەر ئەو کەسە بۆ جاری دووەم بەبێ هۆکار ئەو کارە دووبارە بکاتەوە سزاکەی دەبێتە دوو هێندە.