زووم…
نور زوهێر کە بە تۆمەتباری سەرەکی دزی سەدە ناسراوە، لە رووداوێکی هاتوچۆ لە بەیروتی پایتەختی لوبنان برینداربوو.
رووداوەکە درەنگی شەوی لە ناوچەی حەدەس لە بەیروتی روویداوە و بە گوێرەی زانیارییەکانی میدیای لوبنان، لە پشکنینەکاندا دەرکەوتووە، زەبری قورس بەر سنگ و مل و بڕبڕەی پشتی نور کەوتووە.
وەکو لە وێنە بڵاوکراوەکانیشدا دەردەکەوێت، برینی دیکەش بە جەستەیەوە دیارە.
چەند رۆژێک پێش ئەم رووداوە، نوور زوهێر لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی شەرقیە دەرکەوت، داوای رێکخستنی دادگایی ئاشکرایکرد و گوتی: ئەگەر بە ئاشکرا دادگایی بکرێم، ناوی تەواوی ئەو بەرپرس و کەسانە ئاشکرا دەکەم لەو بابەتە [دزی سەدە] تێوەگلاون.
لە کەیسی دزی سەدە، کە گەورەترین دزییە لە مێژووی عێراق، تائێستا دەیان کەس دەستگیرکراون، نور زوهەیر تۆمەتباری سەرەکییە و تائێستا لە دەرەوەی عێراقە، بڕیارە سێشەممەی داهاتوو دادگاییکردنی بەڕێوەبچێت.
لە دزی سەدەدا زیاتر لە شەس ترلیۆن دینار دزراوە، رۆژی14ـی ئەم مانگە یەکەم دادگاییکردنی نور بوو، بەڵام بەهۆی “دۆخی تایبەت”ـی تۆمەتبارەوە دادگاییەکە بەڕێوەنەچوو.