زووم…
بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆ لە نێو تونێلی دەربەندیخان، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون، سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزانن.
هاتوچۆى دەربەندیخان لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، شەوى رابردوو لە تونێلى دەربەندیخان بارهەڵگرێکی گواستنەوەی سوتەمەنی لەنێو تونێلی دەربەندیخان وەرگەڕاوە، ئۆتۆمبێلێکی تایبەتی بە پێنج سەرنشینەوە کردووە بە ژێرەوە.
سلێمان محەمەد قایمقامی دەربەندیخان لەو بارەیەوە بە زوومی گوت: دەستبەجێ دوو لەسەرنشینەکان گیانیان لەدەستداوە، ئەوانی دیکە تووشی برینی سەخت بوون و رەوانەی نەخۆشخانەکراون.
بە گوتەی قایمقامی دەربەندیخان، هەر پێنج سەرنیشنەکە ئەندامی یەک خێزانن و دانیشتووی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
هەر بەهۆی رووداوەکەوە، تونێلی دەربەندیخان داخرا، بۆیە هاتوچۆی قەزاکە داوا لە شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی بچوک دەکات رێگای شاخی بەرانان بگرنەبەر، ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریش چاوەرێ بکەن تا رێگەی تونێلەکە دەکرێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، تیمەکانی بەرگریی شارستانی چەند کاتژمێرێک لە هەوڵی دەرهێنانی تەرمی دوو کەسەکەدا بوون و کەمێک لەمەوبەر تەرمەکانیان دەرهێنرا و ئۆتۆمبێلەکەش لە تونێلەکە کرایە دەرەوە.