رۆژنامە عەرەبیەکان
شەرقلئەوسەت
بەریتانیا باج لەسەر قوتابخانە تایبەتەکان زیاددەکات
کەیر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا رایگەیاند، هیچ کێشەیەکى لەگەڵ قوتابخانە تایبەتەکاندا نییە کە بە رێژەى 6,5%ـى قوتابیانى وڵاتەکەى تێدا درێژە بە خوێندن دەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک هاندەدات منداڵەکانیان لەنێو کەرتى گشتى و قوتابخانە حکومیەکاندا بخوێنن و دوو منداڵەکەى خۆشی لەیەکێک لە قوتایخانە حکومییەکانی باکووری شاری لەندەن دەخوێنن.
لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتەکەى بڕیاریداوە باجی سەر خوێندنى کەرتى تایبەت 20% بەرزبکاتەوە کە بەو رێژەیە حکومەت دەتوانێت مووچەى 6500 مامۆستا دابین بکات.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەکردووە کە بەشێک لە مامۆستایانى قوتابخانە ئەهلییەکان لە ئیستادا بەدواى ئەوەدا دەگەڕێن بچنە قوتابخانە حکومیەکان یان کارێکى دیکە بدۆزنەوە و پیشەکانیان بگۆڕن.
هارى کویلتەر بینر بەڕێوەبەرى توێژینەوەى سیاسەتە گشتیەکانى بەریتانیا ناسراو بە (IPPR) رایگەیاند ئامانج لەم پلانە گرنگیدانە بەکەرتى گشتى خوێندن و دانانى سنوورێکە بۆ خوێندنى تایبەت.
عەرەب
هەشت ملیۆن کەس بەشداریی چلەى ئیمام حسێن دەکەن
سەرچاوە عێراقییەکان ئاماژە بە بەشداریی زۆرترین کەس دەکەن لە بەڕێوەچوونى رێوڕەسمى چلەى ئیمام حسێن دا کە بڕیارە سبەینێ لە شارى کەربەلا بەڕێوەبچێت.
بەگوێرەى سەرچاوەکان زۆرینەی بەشداربووەکان لە ئێرانەوە هاتوونەتە عێراق و بەشێکى دیکەشیان لە ئەفغانستان و پاکستان و لوبنان و چەند وڵاتێکى دیکەوە هاتوونەتە عێراق.
سەرچاوە عێراقییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، زۆری ئەو ژمارەیە کێشەى بۆ حکومەتەکەى سودانى و هێزەکانى ئاسایش و پاسەوانى سنوور و بەڕێوەبەرانى رێوڕەسمەکەش دروستکردووە و بە پێچەوانەى ساڵانى دیکەوە ئەمساڵ کێشەى گەورەى تێدا دەرکەوتووە، دیارترینیان پێکدادانى چەکدارانە بوو.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە هەرچەندە حکومەتەکەى سودانى بانگەشەى زۆری بۆ ئامادەکارییەکانى پێشوازی لە سەردانیکەران کرد، بەڵام دەرکەوت کە لە ئاستى پێویست دانەبووە.
مەدا
گرووپە چەکدارەکانى عێراق: وادەى ئاگربەست لەگەڵ ئەمریکا کۆتاییهات
حەیدەر لامی، ئەندامى مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەى نوجەبا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پێگەى -زی ناشناڵ-ى هەواڵیدا لەبارەى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکاوە رایگەیاند ئەمریکیەکان دەستى دەستى بە حکومەتى عێراق دەکەن.
راشیگەیاند لایەنە عێراقییەکان زۆر جەخت دەکەنەوە لەسەر ئەوەى وادەى ئاگربەست لەگەڵ ئەمریکیەکان کۆتایی هاتووە و پێویستە بەزووترین کات عێراق بەجێبهێڵن.
لە لایەکی دیکەوە جەنەراڵ پات رایدەر، گوتەبێژى پنتاگۆن رایگەیاندووە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتى عێراقدا زۆر بەهێزە، گفتوگۆکانمان بەردەوامن، لیژنەى باڵای سەربازیی هاوبەشمان دروستکردووە بۆ پاراستنى ئاسایشى هەردوو وڵات، ئەو لیژنەیە کار بۆ ئەوە ناکات پلان بۆ کشانەوەى هێزى هاوپەیمانان بکات، بەڵکو کار بۆ ئەوە دەکات چۆن بتوانین لەگەڵ عێراقدا پەیوەندیی ئاسایشی ماوە درێژمان هەبێت.
گوتەبێژى پنتاگۆن وەبیرى هێناوەتەوە کە پێشتریش لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندووە، ئێمە چاوپۆشى لە هیچ هێرشێک ناکەین بکرێتە سەر هێزەکانمان و وەڵامى گونجاومان دەبێت لە شێوە و کاتى خۆیدا.
قودسى عەرەبی
لە جەنگى سودان چوار هەزار و 500 منداڵى چەکدار کوژراون
جەرهام عەبدولقادر، گوتەبێژى حکومەتى سودان رایگەیاند تا ئێستا 4500 منداڵی چەکدار لە بەرەى هێزەکانى پشتیوانى خێرا کوژراون و دەستدرێژیش کراوەتە سەر 426 منداڵی دیکە.
راشیگەیاندووە تا ئێستا 12 کەسیان دەستگیرکردووە کە لەوڵاتانى عەرەبی و ئەفریقییەوە بەمەبەستى جەنگکردن لە دژى حکومەت هاتوونەتە وڵاتەکە.
جەرهام بە رۆژنامەنووسانى حکومەتەکەى راگەیاندووە تا ئێستا 19 هەزار و 481 دەستگیرکراویان لاى هێزەکانى پشتیوانى خێرا ماون و دابەشیان کردوون بەسەر 39 زینداندا و ئەوەش کاریگەریی خراپی لەسەر هاووڵاتییان دروستکردووە.
بەگوێرەى راپۆرتى بەرنامەى خۆراکی جیهانى لە سودان 14 ناوچەى بەرەکانى جەنگ لەبەر ئەوەى ئاسایشیان پارێزراو نییە کێشەى گەیشتى خۆراکیان هەیە کە زۆرینەیان دەکەونە ویلایەتەکانى دارفۆر، کەردەفان، خورتوم و جزیرە.
رۆژنامە فارسییەکان
روزگار
لە ئێران 14 ئەندامی داعش دەستگیرکران
وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران رایگەیاند، 14 ئەندامی “داعشی خوراسان” لەو وڵاتە دەستگیرکراون.
ئەم ئۆپراسیۆنە لەلایەن ئیدارەکانی ئیتلاعاتی گشتیی پارێزگاکانی تاران، ئەلبورز، فارس و خوزستان بە هاوکاری کۆمەڵگەی ئیتلاعاتی وڵات ئەنجام درا. بەگوێرەی راگەیەنراوى وەزارەتی ئیتلاعات، ئەو کەسانە بە شێوەیەکی نایاسایی لە ئەفغانستانەوە چوونەتە نێو ئێران و بەنیازی ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی بوون.
لەو کەسانەدا کە دەستگیرکراون 7 کەسیان لە پارێزگای فارس و 7 کەسی دیکە لە پارێزگاکانی تاران، ئەلبورز بوون. وەزارەتی ئیتلاعات جەختی لەوه کردەوه که بەم نزیکانه ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بڵاو دەکاتەوه.
هەمدلی
لە تاران 16 وێستگە بۆ شەحنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی کرانەوە
لە تاران 78 ئامێری شەحنکردنەوەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە 16 وێستگەدا دانراون و 70%ـی ئەو ئامێرانە چالاک کراون.
وەلی نەجاتی، بەرپرسی پەرەپێدانی گواستنەوەی پاکی تاران رایگەیاند، بۆ داهاتوو 144 ئامێری شەحنکردنەوە لە 24 شوێنی دیکەی ئەو شارە دادەنرێت. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی مانگی داهاتوودا ئامێرەکان بەتەواوی دەخرێنە کارەوە و ئێستا شوێنی دانانی ئامێرەکانی دیکە ئامادە دەکەین.
کار و کارگەر
ئاگربەستی غەزە لە بەرژەوەندیی ئێراندایە
قاسم موحیب عەلی، بەڕێوەبەری پێشووی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێی وایە کە ئاگربەستی غەزە لە بەرژەوەندیی ئێراندایە و ئەولەویەتەکانی ئێران لەم بارودۆخەی ئێستادا بریتین لە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و دوورکەوتنەوە لە شەڕ و دروستکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.
ناوبراو جەخت لەوە دەکاتەوە کە پرسی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بە جیا لە ئاسایشی نەتەوەیی لەبەرچاو بگیرێت و ئاماژەی بەوەشکرد کە رووخانی نەتانیاهۆ دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە و لەم حاڵەتەشدا پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ رۆژئاواش باشتر دەبێت لەبەر ئەوەی رووخانی نەتانیاهۆ دەتوانێت هەنگاوێکی ئەرێنی بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
کەیهان
ئێران 14 مانگی دەستکرد دەنێرێتە بۆشایی ئاسمان
سەرۆکی رێکخراوی بۆشایی ئاسمانی ئێران رایگەیاند، 14 مانگی دەستکردی ئێران ئامادەن بۆ هەڵدان و 30 مانگی دەستکردی دیکەش لە قۆناغی دروستکردندان و لەو ژمارەیەش 20 مانگی دەستکرد لە لایەن کەرتی تایبەتەوە دروست دەکرێن.
حەسەن سالاریە گوتی: لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا هەشت مانگی دەستکردی ئێران بە سەرکەوتوویی گەیشتوونەتە بۆشایی ئاسمان و ئەم ئامارە پێشکەوتنی بەرچاوی پیشەسازی بۆشایی ئاسمانی ئێران لەم قۆناغەی ئێستادا نیشان دەدات.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
ئەندامێکی ئاکپارتی رەخنە لە سیستمی سەرۆکایەتی دەگرێت
بولانت ئەرنج، ئەندامی ناسراوی ئاکپارتی لە چاوپێکەوتنێکیدا رایگەیاندووە سیستمی سەرۆکایەتی بە هەڵە دەزانم.
ئەرنج لە درێژەى گوتەکانیدا رایگەیاندووە سیستمەکەى تورکیا مۆدێلێکی ئەڵاتورکیا واتە سیستمێکە تایبەت بە تورکیا، تەنانەت دەسەڵاتەکانى سیستمی سەرۆکایەتی تێپەڕاندووە، لەئێستادا دەستوور جێبەجێ ناکرێت، ئێمە ماوەى 22 ساڵە لەسەر دەسەڵاتین، پێوییستە ئاکپارتی گۆڕانکاری لەنێوخۆیدا بکات.
ئەکشام
گەشتیاریی روسی ژمارەی پێوانەى شکاندووە
لە حەوت مانگی 2024دا، زۆرترین گەشتیاریی روسی روویان لە تورکیا کردووە، بەجۆرێک ئەمساڵ ژمارەی پێوانەیی شکاندووە لەمساڵ هاتنى گەشتیاری بیانی بۆ تورکیا گەیشتۆتە 28 ملیۆن و 978 هەزار کەس، لەو ژمارەیەش بە پلەی یەک رووسەکان بووە بە رێژەى سێ ملیۆن و 611 هەزار و 218 کەس.
یەنی بیرلیک
لە ئیستەنبوڵ لوتکەى رێگەى گەشەپێدان بەڕێوەدەچێت
عەبدولقادر ئورەلئۆغڵو وەزیری ژێرخان و گواستنەوەى تورکیا رایگەیاند گەیشتوینەتە قۆناغێکی گرنگ لە پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان لەنێوان عیراق و تورکیا، راشیگەیاندووە لە 29ـی ئەم مانگە لە ئیستەنبوڵ لەنێوان وەزیرانی چوار وڵات کۆبوونەوە ئەنجامدەدرێت کە پێشتر رێککەوتنى چوار قۆڵی لەنێوان تورکیا، عیراق، قەتەر و ئیمارات لەسەر پڕۆژەکە واژۆ کراوە.
یەنیچاج
65%ـی خەڵکی تورکیا لە دەربڕینی بیروبۆچوونیان دەترسن
بەگوێرەى راپرسییەکی ناوەندی ئارێدا سورڤی دەرکەوتووە زۆربەی خەڵکی تورکیا لەترسی ئەوەى دەخرێنە زیندانەوە ناوێرن بیروبۆچوونی خۆیان ئازادانە دەربڕن. تەنانەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش ناوێرن پۆست بکەن.
بەگوێرەى راپرسییەک لە زۆربەی شارەکانى تورکیا ئەنجامدراوە سەدا 65ـی خەڵکی تورکیا خۆیان بەدوور دەگرن لە دەڕبڕینی بیروبۆچونەکانیان. لەکاتێکدا ئەم رێژەیە لە ساڵى 2021 دا کەمتر بووە و سەدا 34.5 بووە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
هیڵێی: دەسەڵاتی پوتین بەسەر روسیادا خەریکە لاواز دەبێت
وەزیری بەرگریی بەریتانیا دەڵێت ئەو هێرشە لەناکاوەی ئۆکراین لەماوەی رابردوودا کردیە سەر ناوچەیەکی روسیا ‘تۆوی گومانی’ لەبارەی دەسەڵات و توانای ڤلادیمیر پوتین-ی سەرۆکەوە لە ناوخۆی وڵاتەکەدا دروستکردووە.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەکە، جۆن هیڵێی وەزیری بەرگریی دەڵێت، هێرشەکەی سەر ناوچەی کورسک کە لە ٦ی ئەم مانگەدا بوو، گەورەترین هێرشی دەرەکییە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە کرابێتە سەر خاکى روسیا.
گاردیەن
‘زستانێکی دڵڕەق’ چاوەڕێی بەریتانیا دەکات
ملیۆنان خەڵکی هەژاری بەریتانیا لە چاوەڕوانی زستانێکی ‘دڵڕەق’دان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و پلانی حکومەت بۆ کۆتاییهێنان بە بودجەی خۆشگووزەرانی کە وەک هاوکاریی بە هاوڵاتییانی وڵاتەکە دەدرێت. بەوهۆیەوە، ئەندامانی پەرلەمان و چالاکوانان فشار دەخەنە سەر کیەر ستامەر بۆئەوەی ماوەی پێدانی هاوکارییەکان درێژ بکاتەوە، لە کاتێکدا لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە ئەم هاوکارییانە کۆتاییان پێدێت.
لەوبارەیەوە چالاکانان هۆشداریی دەدەن رەنگە هەزاران کەس بەهۆی سەرماوە لە وڵاتەکەدا گیان لەدەست بدەن لەکاتێکدا نرخی سوتەمەنیش پێشبینی دەکرێت بەڕێژەی لەسەدا ١٠ بەرز ببێتەوە.

ساوس چاینە مۆرنینگ پۆست
یەکەم سەردانى سولیڤان بۆ پەکین لە سەردەمی بایدندا
بڕیارە ئەم هەفتەیە، جاک سولیڤان، راوێژکاریی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا، سەردانی پەکینی پایتەختی چین بکات و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە وانگ یی-دا کۆ ببێتەوە. ئەمەش دەبێتە یەکەم سەردانی ئەندامێکی باڵای تیمەکەی بایدن لەماوەی حوکمڕانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا.
لە گەشتەکەیدا، سولیڤان بڕیارە پرسی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چین، بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، پەیوەندیی سەربازیی و زیانەکانی زیرەکیی دەستکرد لەگەڵ بەرپرسانی چیندا تاوتوێ بکات.

عەرەب نیوز
ئێستا ئیسرائیل منداڵانی لوبنانیش دەکوژێت
لە هێرشە درۆنییەکانی دوێنێی ئیسرائیلدا بۆسەر باشوری لوبنان، منداڵێکی تەمەن 10 ساڵ گیانی لەدەستدا کە لە هێرشەکەدا شەش چەکداری حزبوڵڵا کوژران و یەکێکیان مامی ئەو منداڵە بوو کە لەکاتی بەدەمەوەچوونی مامیدا گیانی لەدەستدا.
ئیسرائیل دەڵێت هێرشەکە لەکاتێکدا ئەنجامدراوە کە ئەو چەکدارانە پلانیان دادەنا بە مووشەک هێرش بکەنە سەر وڵاتەکەی. هەر لە هێرشێکی دیکەدا دوو ئەندامی دیکەی حزبوڵڵا گیانیان لەدەستدا و سیانی دیکەش برینداربوون.