رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
هێزەکانی تورکیا نیازیان نییە عێراق جێبهێڵن
تورکیا دەڵێت، لەگەڵ عێراق رێکنەکەوتوون هێزە سەربازییەکانیان ئەو وڵاتە جێبهێڵن، پێداگریش دەکات لەسەر بەردەوامیی جەنگی دژ بە تیرۆر.
ناوەندی بەگژاچوونەوەی چەواشەکاریی میدیایی تورکیای سەر بە سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە دەڵێت، ئەو یاداشت و لێکتێگەیشتنەى لەلایەن یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا و محەمەد عەباسیی، وەزیری بەرگریی عێراقەوە واژۆ کراوە، هیچ نیازێکی وای تێدانییە تورکیا لەسەر خاکی عێراق بکشێتەوە.
ناوەندەکە دەشڵێت، بەگوێرەى یاداشتەکە، هەردوو وڵات ناوەندێکی ئەمنیی هاوبەش لە بەغداد و ناوەندێکی راهێنانی هاوبەش لە بەعشیقە پێکدەهێنن و هەردوو ناوەندەکەش دەتوانن بەگژ ئەو هەڕەشە و مەترسییانەدا بچنەوە کە رێکخراوە تیرۆریستەکان لەسەر سەروەریی هەردوو وڵات دروستى دەکەن.
قودسی عەرەبی
ئیسرائیل دەیان هێرشی کردووەتە سەر لوبنان و حزبوڵاش بە فڕۆکەى بیفڕۆکەوان وەڵامی هێرشەکان دەداتەوە.
رووبەڕووبوونەوە مەیدانییەکان دوای تێپەڕبوونی شەوێکى گەرم و دەیان هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر گوندەوارەکانى باشووری لوبنان بەردەوامییان هەیە.
ئەڤیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتى، سوپا لە دەیان هێرشدا بۆ سەر باشووری لوبنان، زیاتر لە 10 پێگە و ناوچەى جیاوازی حزبوڵای کردووەتە ئامانج.
حزبوڵاش لە وەڵامدانەوەی ئەو هێرشەى ئیسرائیل بۆ سەر گوندەوارەکانى باشووری لوبنان، بە موشەکى قورس و فڕۆکەى بیفڕۆکەوان، دەیان هیرشی کردووەتە سەر بنکە و بارەگا سەربازییەکانى ئیسرائیل و لەو هێرشانەش بەردەوامە.
لە سەرەتای جەنگی غەزەشەوە نزیکەى شەش هەزار و 500 مووشەکى ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە و زیاتر لە 189 هەزار دۆنم زەوى گڕتێبەرداوە.
عەرەبی جەدید
تەلئەبیب بۆ واشنتن: لە فیلادلفیا پاشەکشە ناکەین
چارەنووسی دانوستانەکانى ئاگربەستى غەزە گڵۆڵەى کەوتووەتە لێژیی و حکومەتەکەى بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە هێزەکانى سوپای ئیسرائیل لە بەرەى فیلادلفیان کە ناوچە سنوورییەکانى ئیسرائیلی لەگەڵ میسر پیکهێناوە، پاشەکشە بکات، هاوکات پێداگریش دەکات لە رێگای تەنساریمیش ناکشێتەوە کە کەرتى غەزە دەکات بە دوو بەشەوە و بەشی باکوور و ناوەڕاستى کەرتەکە لە باشوور دادەبڕێت.
عەرەب
حزبی بەعسی سوریا بۆ جاری سێیەم حەمودە سەبباغ دەکاتەوە بە سەرۆکى پەرلەمان
حەمودە سەبباغ لە چوارەمین خولی پەرلەمانى سوریا، جارێکی دیکە و لەسەر پێشنیازی بەشار ئەسەد، پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی گەلی سوریا بەدەستدەهێنێتەوە، ئەوەش لە میانی دووەمین دانیشتنی تایبەتی ئەندامانی ئەنجومەنەکەدا بۆ سوێندخواردنى دەستووری.
ئەمە سێیەم جارە لەسەریەک سەبباغ بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرێت، هەڵبژاردندنەوەکەشی وای لە چالاکانى سوریا کردووە بە نەرێنی بزانن و بە پێچەوانەی ئەو هەوڵەى بەشار ئەسەدی سەرۆککۆماری سوریای دەزانن کە پێشنیازی کردبوو گۆڕانکاری لە پەرلەمانی نوێی ئەو وڵاتە ئەنجامبدرێت.
بەگوێرەى سەرچاوەکانى نزیک لە دیمەشق، پێشتر بڕیارێکی لەو شێوەیەیان ئاشکرا کردبوو کە لەلایەن سەرکردایەتی ناوەندیی حزبی بەعسی عەرەبی دەسەڵاتدارەوە، بۆ هێشتنەوەی سەبباغ وەک سەرۆکى پەرلەمان، هاوکات لەگەڵ ئەگەری ئەوەی سەرلەنوێش حسێن ئارنۆس دووبارە راسپێردرێتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ و جارێکی دیکە ئەویش بکرێتەوە بە سەرۆکى حکومەت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
فاینەنشیەڵ تایمز
دووەم گەورەترین ئەڵماس لە مێژوودا دۆزرایەوە
لە بۆسوانا لە ئەفریقا پارچە ئەڵماسێک دۆزرایەوە کە دووەم گەورەترین ئەڵماسە هەتا ئێستا دۆرزابێتەوە. ئەم پارچە نوێیە کێشەکەی دوو هەزار و 492 مسقاڵە کە دەکاتە نزیکەی 500 گرام. ئەم ئەڵماسە نوێیە لەلایەن کۆمپانیای لوکارا دایەمۆندی کەنەدییەوە لەناوچەی باشوری ئەفریقا دۆزراوەتەوە. 100 ساڵ پێش ئەم ئەڵماسە گەورەترین پارچە ئەڵماس لە مێژوودا دۆزراوەتەوە، کە ساڵانێکە لەسەر تاجی پادشای بەریتانیا جێگیرکراوە. چاودێران دەڵێن ئەوەی کە دوێنێ دۆزراوەتەوە نرخەکەی دەگات بە چل ملیۆن دۆلار.
ویلیەم لامب بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە بە رۆژنامەی فاینەنشیەڵ تایمزی گوتووە، دۆزینەوەی ئەم ئەڵماسە گەورەیە رۆشناییەک دەخاتەوە ناو ئەو بازاڕەی کە ماوەیەک بوو سست ببوو.
دەیلی ئێکسپرێس
بۆچی دەبێت تەنها خەڵکی دەوڵەمەند بتوانن چارەسەری ئالزەهایمەر بکڕن؟
دەرمانی چارەسەرکردنی نەخۆشیی ئەلزەهایمەر خرایە بازاڕەوە، بەڵام دامەزراوەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان نەیتوانی بیکڕێت بۆ خستنەبەردەستی بۆ خەڵک بە گشتی. نرخەکەی هێندە بەرزە، کە مەگەر تەنها کەسانی سەر بە کەرتی تایبەت بتوانن بیکڕن. نزیکەی حەفتا هەزار کەس لەناو بەریتانیادا هەن، کە پێویستیان بە وەرگرتنی ئەو جۆرە دەرمانە هەیە، مافیشیان هەیە وەریبگرن، بەڵام ناتوانن بیکڕن. دەیڤد تۆماس سەرۆکی بەشی توێژینەوەکانی نەخۆشیی ئالزەهایمەر لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا دەڵێت دیارە ئەم چارەسەرە بۆ هەموان ناڕەخسێت، بەڵکو تەنها دەوڵەمەندەکان دەتوانن بیکڕن.
عەرەب نیوز
بڵێی هەرگیز نەگەین بە ئاشتی؟
ئەگەرچی ئەمریکا فشارەکانیشی بۆ سەر نەتانیاهۆ توندکردووەتەوە، بەڵام هێشتا راگەیاندنی ئاگربەست ئەگەرێکی نزیک نییە.
دوێنێ فەلەستینییەکانی خەڵکی غەزە لەبارەی نائومێدبوونی خۆیان لە ئەگەری گەیشتن بە ئاگربەست و راگەیاندنی ئاشتی قسەیان دەکرد. چونکە هەتا دێت سوپای ئیسرائیل قووڵتر بەناو خاکی فەلەستینییەکاندا رۆدەچێت. لە هێرشەکانی دوێنێدا بەلای کەمەوە 27 کەس کوژراون. لە دێرلبەلەح و خان یونسی باشوور تانکەکانی ئیسرائیل زۆر رێگەیان لەبەر هاتوچۆی خەڵکدا داخست. تانکەکانی ئیسرائیل لەناو خان یونسدا بەرەو ناوچەی رۆژئاواش کشان، چەندان خێزانیان دەرکرد، کە بە ناچاری لەناو چەند خێوەتگایەکدا داڵدەی منداڵەکانی خۆیانیان دابوو.
تایمز
کەسە ئەکادیمییە باڵاکانی بەریتانیا رەخنەی ئەوە لە پارتی کار دەگرن، کە پانتایی ئازادیی دەربڕینی نەهێشتووە
چەند کەسایەتییەکی ئەکادیمیی دیاری بەریتانی رەخنەی ئەوە لە وەزیرەکانی سەر بە پارتی کرێکاران دەگرن، کە خۆیانیان داوەتە دەستی کلتوری رەتکردنەوەی مافی دەربڕینی کەسانی تر، چونکە نەیانتوانیوە پارێزگاری لە مافی ئازادیی رادەربڕین لەناو زانکۆکاندا بکەن. بریجێت فیلیپسن وەزیری پەروەردە مانگی رابوردوو گوتویەتی کارکردن بە چەند دەقێکی یاسایی هەڵدەپەسێرێت، کە بۆئەوە دانراون زانکۆکان بتوانن پشتگیری لە دەربڕینی راوبۆچونی ئازادی کارمەندانی خۆیان بکەن. ئەو وەزیرە گوتویەتی ئەو یاسایە کە تائێستا کاری پێکراوە، بە کەڵکی رۆژگاری ئێستا نایەت.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنی بیرلیک
مانگی داهاتوو سەرۆکی میسر سەردانى ئەنقەرە دەکات
عەبدول فەتاح سیسی سەرۆککۆماری میسر لە 4ـی ئەیلولی مانگی داهاتوو سەردانی ئەنقەرە دەکات.
بەگوێرەى زانیارییەکان سەرۆکی میسر بەشداری لە کۆبونەوەى لوتکەى هەماهەنگی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات دەکات و کۆمەڵێک رێککەوتنى ئەمنیی، ئابووریی و سیاسیی لەنێوانیان واژۆ دەکەن.
ئاساییبونەوەى پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات لە پاش سەردانەکەى ئەردۆغان بۆ قاهیرە دێت لە 15ـی شوباتی ئەمساڵ.
یەنی چاخ
قەیرانی دارایی کاریگەریی لەسەر هەفتەبازاڕەکانیش دروست کردووە
بەهۆی گرانبونی نرخی سەوزە و میوە هاووڵاتیان ناتوانن بە خواستی خۆیان لە هەفتەبازاڕەکان پێداویستییەکانی رۆژانەیان بکڕن ئەمەش کاریگەریی لەسەر کاسپکاران دروست کردووە.
مەسعود شەنگول سەرۆکی ژووری بازاڕگەریی ئیستەنبوڵ دەڵێت بەهۆی گرانییەوە هاووڵاتیان کەمتر سەردانى هەفتەبازاڕەکان دەکەن، ئەمەش وایکردووە کاسپکاران کەمتر کار بکەن.
سۆزجو
حکومەتى ئاک پارتی ئیفلاسی بە جوتیاران کردووە
لە کێڵگەکاندا جوتیار کیلۆیەک شوتی بە یەک لیرە دەفرۆشێت لە مارکێتەکان بە حەوت بۆ 10 لیرە دەفرۆشرێت. سەلیم ئەکشی جوتیارێکی تەمەن 61 ساڵە دەڵێت: لەئێستادا لە خراپترین دۆخداین. توتکو چەکرئۆزەر پەرلەمانتاری جەهەپەش دەڵێت: لەبەرئەوەی حکومەت کەسی شیاوی بۆ کەرتی کشتوکاڵ دانەناوە لەمڕۆدا مافی جوتیاران دەخورێت.
یەنی ئاکیت
بۆ تێسلا 500 هەزار درەخت بڕایەوە
لە تورکیا بەهۆی بڕینەوەى 15 درەخت خۆپیشاندان لەژێر دروشمی کۆمەڵکوژی درختەکان دەستیپێکردبوو کەچی لە ئەڵمانیا بۆ دروستکردنى کۆمپانیای تێسلا لە بەرلین 500 هەزار درەخت بڕاوەتەوە. کەچی سیاسیی و راگەیاندنەکانى ئەڵمانیا لەهەمبەر بڕینەوەى 500 هەزار درەخت بێدەنگییان نواندووە.