زووم..
کاتژمێر 9:38 خولەکى بەیانى رۆژى 22ـى ئابى 2024، پەڕەى سەرەکیی کەناڵى ئاسمانیی زووم لە فەیسبووک داخرا.
تیمى تەکنیکى کەناڵ دواى بەدواداچوون و پەیوەندیکردن بە کۆمپانیای مێتا بۆی روونبووەوە، هۆکارى داخستنى پەڕەکە هێرشى ئەلیکترۆنییە.
ئەمە جارى دووەمە هێرشێکى لەو شێوەیە دەکرێتە سەر لاپەڕەى فەرمیی دامەزراوەکەمان.
تیمى تەکنیکی زووم، سەرچاوەی هەردوو هێرشەکەى دەستنیشان کردووە، لەڕێی ئەم ئیمەیڵەوە ([email protected]) ئەنجامدراوە، کە خاوەندارییەکەی لێی نووسراوە، “کەناڵ8”.
هێرشی یەکەم بۆ سەر پەڕەى فەرمیی کەناڵی ئاسمانیی زووم، لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا ئەنجامدرا، ئەوکات بە هەمان ئیمەیڵ نزیکەی 10 جار هێرش کرایە سەر پەڕەکەمان.
کەناڵى ئاسمانیی زووم، ئەم هێرشە رێکخراوە ئەلیکترۆنییە وەک هەوڵێک بۆ کپکردنى دەنگى ئازاد و بەرتەسکردنەوەى کارى میدیایی لە هەرێمى کوردستان دەبینێت، گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان لە عێراق، هەرێمى کوردستان، باڵیۆزخانە، کونسوڵ و نوێنەرایەتییەکان لە پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە زووم ئاگادار دەکاتەوە و داوایان لێدەکات پاڵپشتى دەنگى ئازاد بن، فشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان بۆ رێزگرتن لە کارى رۆژنامەوانیی ئازاد، چیدیکە رێگە نەدرێت رۆژنامەنووس دەستگیربکرێت و ئەشکەنجە بدرێت، چیدیکە هێرشی ئەلیکترۆنى نەکرێتە سەر دامەزراوەکان.
هێرشى سەر پەڕەکەمان دواى تەنها سێ رۆژ دێت لە ئەشکەنجەدانی ئەڤین عەتا، زوومی هەڵەبجە لەلایەن هێزێکى ئەمنیی خورماڵەوە.
زووم، بەڵێن بە بینەرانى دەدات، فشار و هێرش رایناگرێت، کەناڵەکە لەسەر بنەماى پیشەییبوون، گەیاندنى زانیاریی راست، خستنەڕووى کێشەکان، بە ئامانجى چارەسەرکردنیان و گەیاندنى دەنگى خەڵک دامەزراوە و بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ ئامانجەکانى.
کەناڵى ئاسمانیی زووم
22ـى ئابى 2024