زووم..
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، زیادبوونی بڕی مووچە بەهۆی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانەوەیە، ناو و دۆسییەی فەرمانبەرانیش هیچ کێشەیەکیان نییە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، پێشتر بە حکومەتی عێراقیان گوتووە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بایۆمەتریی مووچەیان بۆ نەکراوە، بۆیە پێویستبووە بەغداد پشت بە کارتی نیشتیمانی ببەسێت.
دەشڵێت، وردبینی بۆ ناوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کراوە، ناو و دۆسییەکانیان هیچ کێشەیەکیان نییە.
سەبارەت بە زیادبوونی بڕی مووچەی مانگەکانی شەش و حەوت، وەزارەت دارایی دەلێت، لەسەر بنەمای بڕیاری دادگای فیدراڵی مووچەی خانەنشینانی هاوتا کردووە و بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ناردووە، بەو هۆیەوە کۆی بڕی مووچە 54 ملیار و 208 ملیۆن دینار زیاد بووە.
هەروەها دەشڵێت، ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی لە کەرکوکن میلاکیان لەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستانە، کێشەیەکی کۆنە و لە ساڵی 2003 وە، هەیە، چارەسەرکردنی پێویستی بە رێکەوتنی سیاسی هەیە.