زووم…
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
پەرلەمانتاران باسی سەربەخۆیی لە دیاریکردنى کەسێک بۆ سەرۆکى پەرلەمانى عێراق دەکەن
نزیکەى 20 پەرلەمانتاری عێراق، باس لەوە دەکەن دەستبەرداری بۆچوونى کوتلە سیاسییەکانیان بن و ئازادانە کەسێک بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان دیاری بکەن.
حسین موئنیس، پەرلەمانتارێکى عێراقییە و بە رۆژنامەى سەباحی گوتووە، پرۆسەى دیاریکردنى کەسێک بۆ پۆستى سەرۆکایەتى پەرلەمانى عێراق زیاد لەپێویست درێژەى کێشاوە، تاوەکو ئێستاش هیچ ئاسۆیەکى روون بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە بەدی ناکرێت.
دەشڵێت، ئەو دۆسیەیە خەریکە بەتەواوەتى تیکدەچێت دوای ئەوەى کوتلە و لایەنە سیاسییەکان شکستیان خواردووە لە چارەسەرکردن و ئیدارەدانى قەیرانەکە.
موئنیس باس لەوەش دەکات، هەڵبژاردنى کەسێک بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان، رەنگە بەگوێرەى چوارچێوە یاساییەکە، لە چەند کاتژمێرێکدا یەکلایی بکرێتەوە، نەک ئەوە پێشبڕکێ بەردەوام و دوور و درێژەى چەند مانگێکى خایاندووە و بێ ئەوەى یەکلابووبێتەوە و نوێنەرانى گەلیش توانیبێتیان رێکبکەون بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ پڕکردنەوەى پۆستەکە.
شەرقلئەوسەت
تەندروستیی جیهانى: دەزانین چۆن بەگژ ئاوڵەى مەیموندا بچینەوە و پەتاکەش وەک کۆرۆنا نییە
بەڕێوەبەری هەرێمایەتیى ئەوروپای رێکخراوی تەندروستیی جیهانى دەڵێت، جیهان دەزانێت پەتای ئاوڵەى مەیمون چییە و ناکرێت وەک ڤایرۆسی کۆرۆنا سەیری بکرێت.
هانز کلۆغە، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا گوتى، پەتای ئاوڵەى مەیمون، وەک پەتای کۆرۆنای گۆڕاو نییە، ئیدی زنجیرەى یەکەمى ئەو ڤایرۆسە بێت کە ئیستا لە ناوەڕاستى کیشوەری ئەفریقیا بڵاوبووتەوە، یان زنجیرەى دووەمى ڤایرۆسەکە بێت، کە لە ساڵی 2022ـدا بە جیهاندا بڵاو بووەوە.
دەشڵێت، دەزانین چۆن چارەسەری ئاوڵەى مەیمون بکەین و بەگژیدا بچینەوە.
عەرەبی جەدید
لە دانوستانى غەزە حەماس کودەتای ئەمریکای بەسەر ئاگربەستەکە رەتکردەوە
سووربوونى ئیسرائیل لەسەر مانەوەى لە فیلادلفیا و تەنساریم، بووتە هۆی شکستهێنانى رێککەوتن لەسەر ئاگربەستى جەنگی غەزە، ئەمریکاش بەرپرسیارێتى ئەو شکستە دەخاتە ئەستۆی بزووتنەوەى حەماس، لەکاتێکدا بزووتنەوەکە پابەندە بەو رێککەوتنەى رۆژی 2ـى تەمووزى ئەمساڵ ئەنجامدراوە بۆ ئاگربەست و ئاڵوگۆری بارمتەکان.
عەرەب
چی لە پشت ئەو ئارامییە چاوەڕواننەکراوەی میلیشیاکانەوەیە بۆ دواخستنی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق
هەڵوێستی لایەنە شیعەکان و میلیشیاکانی عێراق سەبارەت بە بڕیاری حکومەتەکەى محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ دواخستنی کۆتایی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئارامییەکی چاوەڕواننەکراوی میلیشیا چەکدارییەکانی دروستکردووە، بەتایبەتى بەرامبەر بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، کە ناوبەناو پاڵ بەو میلیشیایانەوە دەنێت بنکە و بارەگاکانیان بکەنە ئامانج.
ئەوانەی بەدواداچوون بۆ کاروباری عێراق دەکەن بە کۆی دەنگ لەسەر ئەوە کۆکن، حکومەتەکەى محەمەد شیاع سودانى، نەتوانێت بەبێ ئەوەی رێککەوتنی پێشوەختە لەسەر لەگەڵ هێزە شیعەکان و تەنانەت لەگەڵ ئێرانیش، بڕیارێکى لەو شێوەیە بدات.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
ئۆرشەلیم پۆست
رەنگە ئێران نەتوانێت شەڕی درێژخایەن دژی ئیسرائیل بکات
ئێرانی ئێستا لە هەلومەرجێکی وەهادا نییە، بتوانێت شەڕێکی درێژخایەن دژی ئیسرائیل بەڕێوەبەرێت.
موحسین سازگارا، کەسی بەرپرس لە دەستەی دامەزرێنەرانی سوپای پاسدارانی ئێران لە دیدارێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست گوتوویەتی ئێران تەنانەت داواشی لە ئەمریکا کردووە، نێوەندگیری بکات، ئەگەر تاران تۆڵەی لە ئیسرائیل کردەوە، واشنتن نەهێڵێت ئەو تۆڵەسەندنەوەیە ببێت بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی درێژخایەن لە نێوانی هەردوولادا.
عەرەب نیوز
چەند هاکەرێکی ئێرانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی ترەمپیان بە ئامانج گرتووە
ئاژانسە ئەمنییەکانی نێو ئەمریکا دەڵێن، ئێران لە هەوڵی ئەوەدایە کاریگەری بخاتەسەر هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی ترەمپ، کە پاڵێوراوی کۆمارییەکانە.
ئەو ئاژانسانە دەڵێن، چەند هەوڵێكی شەڕانگێزانەی چڕیان بینیوە، کە لەلایەن ئێرانەوە دەدرێت بۆئەوەی ئامبازی هەڵمەتی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ببن، بەتایبەتییش دۆناڵد ترەمپی کاندیدى کۆمارییەکانیان کردووە بە ئامانج، دەیانەوێت کاریگەریی خۆیان بخەنە سەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ناو ئەمریکا.
چاینە دەیلی
یارییەکی ڤیدیۆیی لەسەر بنەمای رۆمانێکی دێرینی چینی دروستکراوە، سەرنجی جیهان رادەکێشێت
یارییەکی ئەلیکترۆنیی نوێ لەسەر بنەمای دەقی رۆمانێکی دێرینی چینی دروستکراوە، دوێنێ خرایە بەردەست و بە ئەگەری زۆرەوە سەرنجی یاریکەرانی جیهان بەلای خۆیدا رادەکێشێت.
یارییەکەی ناوی بلاک مایس ووکۆنگە لەلایەن ناوەندی شێنژینەوە بەرهەمهاتووە. پڕکراوە لە روانینە ئەفسانەییەکانی خەڵکی وڵاتی چین، لەسەر بنەمای رووداوەکانی رۆمانێک دروستکراوە، کە ناوی (گەشتێک بەرەو رۆژئاوا)ـیە، کە لەسەدەی شازدەدا بڵاوبووەتەوە. کەسی یاریزان لەم یارییە نوێیەدا رۆڵی ووکۆنگ دەبینێت، کە مەیموونێکە و پاڵەوانی ناو دەقی رۆمانەکەیە.
ئیندیپێندەنت
کەسوکاری بارمتەکان داوادەکەن ئاگربەستێک رابگەیەندرێت، پێش ئەوەی هەموویان بکوژرێن
کەسوکاری بریتن ناداڤى بارمەتە دەڵێن، دەمانەوێت ئەو خەڵکانەمان بگەڕێنرێنەوە نێو ماڵی خۆیان، بەڵام بۆردوومانکردنی قوتابخانەیەک لەلایەن ئیسرائیلەوە گرفت بۆ کەوتنە سەرپێی گفتوگۆکانی ئاشتی دروستدەکات.
پێویستە ئیسرائیل قایل بێت هەر ئێستا ئاگربەست رابگەیەندرێت بۆئەوەی بە بارمتەگیراوەکان بگەڕێنرێنەوە بۆ کەسوکاریان. ئەمە هاوار و داخوازیی چەند خێزانێک بوو، کە دوێنێ تەرمی شەش بارمتەی کوژراویان وەرگرتەوە، یەکیان هاووڵاتیی ئیسرائیل و بەریتانیاشە.
ئەو کەسە ناوی ناداڤ پوپڵوێلە، تەمەنی 51 ساڵە و لە یۆرکشایەر لە دایکبووە. کەسوکارەکان دەڵێن، دەمانەوێت بارمتەکانمان بە زیندوویی بگەڕێنرێنەوە، نەوەک بە مردوویی.
رۆژنامە تورکییەکان
میللییەت
باخچەلی پشتیوانى خۆی بۆ ئەردۆغان دووپاتدەکاتەوە
بڵاوبونەوەى وێنەى دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە، لەگەڵ عەلی کۆچ، سەرۆکی یانەى فەنارباخچە، دەنگۆى ئەوەى بەدوادا هات باخچەلی دەیەوێت پەیامێک بە ئاک پارتی بدات، بەڵام دەولەت باخچەلی بێدەنگی شکاند و دەڵێت، پلانگێرییەکانى گولەنیەکان لە 15ـى تەمموز و 15 بۆ 17ـى کانوونی یەکەم نەیانتوانی شکست بە ئیرادەى میللەت بهێنن، لەمەودواش ناتوانن زیان بە هاوپەیمانێتی کۆماریی بگەیەنن.
یەینچاغ
خۆپیشاندانى جووتیاران لە باکوورى کوردستان بەردەواممە
لە مەڕەشی باکووری کوردستان و چەند پارێزگایەکی دیکە، جووتیاران بەردەوامن لە مانگرتن، بە تراکتۆر شەقامەکانیان گرتووە و وەک ناڕەزایەتییەک بەرهەمەکانیان فڕێ داوەتە سەر شەقامەکان.
داوادەکەن حکومەت هاوکارییان بکات لە دیاریکردنى نرخی فرۆشتنى بەرهەمەکانیان بەجۆرێک لەگەڵ شایستەى تێچو و قازانجی جوتیاراندا بێت.
میلاد
دژی ئیسرائیل فرۆشی کۆکاکۆلا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمی کردووە
وەک کاردانەوەیەک لەسەر هێرشەکانى ئیسرائیل فرۆشی کۆکاکۆلا لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
بەگوێرەى ئامارەکان لەمساڵدا وەک کاردانەوەیەک لەسەر هێرشەکانى ئیسرائیل بایکۆتی زۆرى کاڵا و بەروبومەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کراوە لەوانەش کۆکاکۆلا بەشێوەیەکی بەرچاو فرۆشی کەم بووە.
جمهورییەت
خانەنشینانى تورکیا خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەکەن
لە 81 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان خانەنشینان لەسەر شەقامەکان گردبوونەوە دەکەن، بە دروستی ناتوانین ژیان بەڕێبکەین، داوادەکەن مووچەکانیان بۆ زیادبکرێت.
لە خۆپیشاندانەکانى ئیستەنبوڵ سەرۆکی رێکخراوی کرێکاران رایگەیاند، نرخی هەموو شتێک بەرزبووەتەوە، تێچووەکان زیاتر بووە. کرێکاران و خانەنشینان ناتوانن بەو جۆرە و بەو گرانییە ژیان بەڕێبکەن.
رۆژنامە فارسییەکان
مەردوم سالاری
بەنزین لە ئێران بووە بە گرێ کوێرە
بەکارهێنانی رۆژانەی بەنزین لە ئێراندا گەیشتووەتە 127 ملیۆن لیتر و رۆژانە لە زیادبووندایە، لە کاتێکدا بەرهەمی ناوخۆیی وەڵامدەرەوە نییە.
لە بودجەی ئەمساڵدا شەش ملیار دۆلار بۆ هاوردەکردنی بەنزین تەرخانکراوە، ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت، لە سێ ساڵی داهاتوودا هەموو داهاتی نەوتی ئێران بۆ هاوردەکردنی بەنزین خەرج دەکرێت، ئەم دۆخە بۆ ئابوورییەک کە پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، قەیرانە.
بەهۆی هەرزانی نرخی بەنزین لە ئێران، رۆژانە نزیکەی 30 ملیۆن لیتری قاچاخ دەکرێت بۆ دەرەوە، هەروەها تێکڕای بەکارهێنانی سووتەمەنی ئۆتۆمبێلەکانی ئێران نزیکەی دوو هێندەی ستانداردی جیهانییە و ئەمانەش قەیرانەکەیان قووڵتر کردووە.
کەیهان
ئێران: دەستوەردانمان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا نەکردووە
نوێنەری ئێران لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، بانگەشەی ناوەندە هەواڵگرییەکانى ئەمریکا، کە دەڵێن ئێران دەستێوەردانی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا کردووە، بەبێ بنەما زانی و رەتیکردەوە.
ئەم کاردانەوەیە دوای ئەوە هات سێ دەزگای هەواڵگری ئەمریکا ئێرانیان بە هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر بارەگاکانی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا تۆمەتبارکرد. نوێنەری ئێران لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەوە کردەوە، “ئەو جۆرە ئیدیعایانە بێ بنەمان و ئەگەر حکومەتی ئەمریکا راستگۆ بێت، پێویستە بەڵگەنامەکانی خۆی بخاتەڕوو”.
ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئێران دەستی هەبووە لە هێرشی ئەلیکترۆنی ئەم دواییە دژی هەڵمەتی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ.
ئارمانی ئیمروز
ژمارەی دانیشتوانی ئێران 91 ملیۆنی تێپەڕاند
ئەم ئامارە لە کاتێکدا راگەیەندراوە کە ئاماری دانیشتوانی ئێران ماوەیەکی زۆرە لە لایەن حکومەتەوە گرنگی پێنەدراوە.
زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و تێپەڕاندنی رێژەی 91 ملیۆن کەسی لەم بارودۆخەی ئێستادا هاوکاتە لەگەڵ کێشەکانی وەک پچڕانی کارەبا، هەڵاوسان، کەمیی ئاو و وشکەساڵی و نەبوونی سیاسەتی ورد بۆ داهاتوو کە نیگەرانیی زۆری لێکەوتووەتەوە.
هەروەها نەبوونی ئاماری ورد لەسەر ژمارەی کۆچبەرانی ئەفغانی، کە رەنگە لە نێوان هەشت بۆ 15 ملیۆن کەس بێت، دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.
ئەبراری ئیقتسادی
کەلوپەلی ناوماڵی ئێرانی بە براندی بیانی دەفرۆشرێت
ئەکبەر پازوکی، بەرپرسی یەکێتی بەرهەمهێنەران و فرۆشیارانی کەلوپەلی ناوماڵی ئێران، فرۆشتنی بەرهەمە ناوخۆییەکانی بە ناو و براندی بیانی راگەیاند و گوتی کە هەندێک لە ساختەکاران ناوی مارکەکانی ناوخۆیی دەگۆڕن و وەک کاڵای بیانی دەیانفرۆشن.
پازوکی ئاماژەی بەوەشکرد، رەنگە ئەو کاڵایانە بگوازرێنەوە بۆ شارۆچکە سنوورییەکان و دوای دووبارە براندکردن وەک کاڵای بیانی بفرۆشرێن، چونکە هاوردەکردنی کەرەستەی ناوماڵ لە شەش ساڵ لەمەوبەرەوە قەدەغە کراوە.