لەکاتی رووماڵى کوژرانی گەنجە کۆڵبەرەکەی قەزاى خورماڵ، هێزەکانی ئاسایشی هەڵەبجە هێرشیانکردە سەر ئەڤین عەتا، زوومی هەڵەبجە و دەستێکیان شکاند.
لە مەرزی سپیەی سەر بە ناحیەی بیارە، گەنجێکی کۆڵبەر بەناوی ئارام خەلیل، خەڵکی گوندی سەرگەتی هەورامان بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوورى عێراق کوژرا.
بەشێک لە کەسوکارى کۆڵبەرەکە لە کاردانەوەى رووداوەکە هەوڵیاندا بچنە سەر خاڵێکى پاسەوانی سنوور، لەکاتى رووماڵى ئەو رووداوە هێزەکانی ئاسایش پەلاماری تیمی رۆژنامەوانی زوومیان دا.
ئەڤین عەتا، زوومى هەڵەبجە و ژیار کامیل، وێنەگرى تیمەکە دەستگیرکران و ئەشکەنجەدران، دەستیش بەسەر هەموو کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانیاندا گیرا.
هێرشکردنە سەر تیمی رۆژنامەوانی زووم کاردانەوەی لێکەوتەوە، لقی هەڵەبجەی سەندیکای رۆژنامەنووسانى کوردستان لە راگەیەندراوێکیدا دەڵێت، لە کاتی رووماڵدا پەلاماری رۆژنامەنووسانی زووم دراوە و لێیان دراوە، ئەوەی کراوە پێشێلکارییەکی نوێیە بەرامبەر رۆژنامەنووسان.
دەشڵێت، رێگریی لە تیمی زووم پێشهاتێکی مەترسیدارە بۆ سەر ئازادیی رۆژنامەنووسی، هیوادارین لەژێر هیچ بیانوویەکدا رێگریی لە رۆژنامەنووسان نەکرێت.
هاوکات رەحمان غەریب، رێکخەرى سەنتەرى میترۆ رایگەیاند، ئیدانەى هێرشەکە دەکەن و ئەمە مەترسییە لەسەر ئازادى رۆژنامەنووسى لە هەرێمى کوردستان بە تایبەت کە بەرامبەر بە ژنە رۆژنامەنووسێک ئەنجامدراوە.
هەروەها کاردانەوەى هێرشەکەى سەر تیمى زووم لە هەڵەبجە گەیشتە بەغدادیش، نەغام کامیل لە کۆمەڵەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەگەری لە عێراق دەڵێت، لەکاتى رووماڵى کوشتنى کەسێک لەلایەن پۆلیسى پاسەوانى سنوورەوە لە هەڵەبجە، هێزەکانى ئاسایش هێرشیان کردووەتە سەر پەیامنێرى زووم و برینداریان کردووە.
هەر لەبارەى هێرشکردنە سەر تیمى زووم، تاریق فاتیح، سەرنووسەری رۆژنامەی هاووڵاتی دەڵێت، دەسەڵاتی سیاسی بەو ئاڕاستەیە کاردەکات کە خەڵک چاوترسێن بکات و ئازادی رادەربڕین سنووردار بکات.
ئەمە جارى یەکەم نییە تیمە رۆژنامەنووسییەکانى زووم رووبەڕووى پێشلکاریی دەبنەوە، سەرەتاى مانگى رابردووش لە کاتى رووماڵى لەشکرکێشییەکانى سوپاى تورکیا لە ئامێدى، هێرشکرایەسەر هەژین فەتاح، زوومى دهۆک و وێنەگر و شۆفێرەکەی، تیمەکەى زووم لەلایەن ئاسایشی دهۆکەوە دەستگیرکران و سەرجەم کەلوپەلە رۆژنامەوانیەکانیان لێسەندرا، دواى 10 کاتژمێر ئازادکران.