زووم..
رۆژنامە فارسییەکان
کەیهان
رەنگە ئەمساڵ ئێران گەیشتنی بە چەکی ئەتۆم رابگەیەنێت
سەرۆکی لێژنەی هەواڵگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، مایک تۆرنەر بانگەشەی ئەوەی کرد، رەنگە ئێران تا کۆتایی ئەمساڵ خۆی وەک دەوڵەتێکی خاوەن چەکی ئەتۆم رابگەیەنێت.
ناوبراو سیاسەتەکانی بایدنی بە هۆکاری پەرەسەندنی گرژییەکانی زانی و گوتی: تاران هێشتا بڕیاری دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نەداوە، بەڵام ئەو پێشکەوتنانەی لە ژێر سیاسەتەکانی ئیدارەی بایدندا بەدەست هاتوون، ئەم ئەگەرەی زیاتر کردووە لە کاتێکدا ترەمپ رێگری لە ئێران دەکرد چەکی ئەتۆمی دروست بکات.
روزگار
ئێران: وەڵامی ئێمە دژی ئیسرائیل گرێدراوی ئاگربەستی غەزە نییە
ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئێران بە دوای ئاڵۆزییەوە نییە، بەڵکو پێداگری لەسەر مافی یاسایی خۆی دەکات بۆ وەڵامدانەوەی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل.
گوتیشی: ئێران مافی هەیە بەرگری لە ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی خۆی بکات لەسەر بنەمای جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کاتی گونجاویشدا ئەم مافە پەیڕەودەکات.
هەروەها رایگەیاند، ئاگربەست لە غەزە داواکارییەکی جیهانییە و ئێران لایەنگری سەرەکیی بووە لە غەزە، بەڵام ئەم بابەتە هیچ کاریگەریی نییە لەسەر وەڵامدانەوەی ئێران دژی هێرشەکەی ئیسرائیل.
ئەبرار
ئاستی زانکۆکانی ئێران لە جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە
سەرۆکی پێشووی زانکۆی تەکنەلۆجیای ئەمیرکەبیری تاران هۆشداریدا لەوەی نەبوونی مامۆستا لە زانکۆکان بەتایبەتی لە زانکۆی ئەمیرکەبیر بەهۆی خانەنشین بوونی 10٪ی بەبێ جێگرەوە.
ئەحمەد موعتەمێدی لەو بارەیەوە دەڵێت، ئەو گرفتە زیانی زۆری بە خوێندنی باڵا گەیاندووە و پرۆسەی دامەزراندنی مامۆستای نوێ تووشی کێشەی جدی بووە، بۆیە ئەم بابەتە پێویستی بە سەرنجی خێرای وەزیری زانست هەیە.
ناوبراو ئاماژەی به کێشەکانی پرۆسەی دامەزراندنی مامۆستا له ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کرد و گوتی: ریزبەندیی زانستی زانکۆکانی ئێران لە ساڵانی رابردوو لە ئاستی جیهان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
ئارمانی ئیمروز
پەرلەمان لە سەروبەندی زۆرترین دەنگدانە بە کابینەی حکومەت
لە رۆژی سێیەمی پێداچوونەوە بە لێهاتوویی وەزیرە پێشنیاز کراوەکانی کابینەی مەسعود پزشکیان، پلان و لێهاتوویی وەزیرانی کشتوکاڵ، داد، بەرگری و رێگاوبان لە پەرلەمان هەڵسەنگێندرا.
هەرکام لە وەزیرە پێشنیاز کراوەکان بەرگریبان لە پلانەکانی خۆیان کرد، دواتر چەن پەرلەمانتارێک لە هەردوو بەرەی دژ و لایەنگر، لەسەر وەزیرەکان قسەیان کرد.
لە کۆتاییدا فەرزانە سادق تاکە وەزیری پێشنیازکراوی ژن، بەرگری لە پلانەکانی خۆی بۆ وەزارەتی رێگاوبان و گەشەپێدانی شارەکان کرد و وەک یەکەم وەزیری ژن لە مێژووی وەزارەتی رێگاوبان دەنگی پێدرا.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقولئەوسەت
77 ملیۆن منداڵ لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست گیرۆدەى بەدخۆراکین
رێکخراوى یونسێفى نەتەوەیەکگرتووەکان هوشداری دەدات 77 ملیۆن منداڵ و مێرمنداڵ لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەفریقا گیرۆدەى بەدخۆراکی بوون.
ئەوە لە کاتێکدا بەگوێرەى بەدواداچونێکى رۆژنامەوانى فەرەنسا 55%ـى منداڵانى 20 وڵاتى دیکەى ناوچەکە لەوانەى تازە دەچنە قوتابخانە تووشى قەڵەوى و زیادی کێشى جەستەیان بوون، لە هەمان کاتدا 24 ملیۆن منداڵ و مێرمنداڵی دیکە تووشى بەدخۆراکی بوون؛ لە جۆرەکانى کورتەباڵایی، کەمى کێش و وشکبوونەوە و لاوازیی.
ئەدیل خزر، بەڕێوەبەرى ناوچەیی رێکخراوى یونسێف دەڵێت، ئەوەى تووشى شۆکمان دەکات ئامارەکانمان هیی ساڵی 2024ـن و هۆکارەکانیشی گەڕاندووەتەوە بۆ بەردەوامی جەنگ و ناکۆکییەکان لەناوچەکە، قەیرانەکان و ئەو ئاڵنگارییانەى دیکە، کە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و کیشوەرى ئەفریقیا بەردەوامن.
سەباح
دووەمین کۆبوونەوەى وەزیرانى وڵاتانى عەرەب بەڕێوەدەچێت
بڕیارە سبەینێ چوارشەممە 21ـى ئاب دووەمین کۆبوونەوەى وەزیرانى وڵاتانى عەرەب بەمەبەستى تاوتوێکردنى کێشەى نیشتەحێبوون و سەرچاوە ئاوییەکان و سنووردانان بۆ کارەساتەکان کۆببنەوە.
ئیبراهیم مالیکی، یاریدەدەرى ئەمینداری گشتیى کۆمکاری وڵاتانى عەرەب رایگەیاند، ئەو کۆبوونەوەیە لەکاتێکدا ئەنجامدەدرێت ناوچەکە رووبەڕوى کێشەى گەورە بووەتەوە لە گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا، بەبیابانبوون، سووتانى دارستان و پوش و پاوەن و چیاکان، کەمبوونەوەى ئاو و چەندین بابەتى دیکە، کارەساتە مرۆییەکانیش زۆر بوون لەوانەش ناکۆکییە چەکدارییەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەفریقیا، بەو هۆیانەوە زیانێکى زۆرمان بەرکەوتووە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى رۆژنامەى سەباح نزار ئامێدى، وەزیری ژینگەى عێراق بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکات و خشتەى کارەکانیش تایبەت دەبێت بە دانانى پلانێکى گشتگیر و پێکەوەیی بۆ کەمکردنەوەى کارەساتەکان و ئامادەکاریی بۆ هەر گۆڕانکارییەک بەتایبەتى کەمکردنەوەى تیشکە زیانبەخشەکانى لەکاتى ئەگەرى بەکارهێنانى چەکی ئەتۆمدا، هەروەها دانانى پرۆژەیەکى هاوبەش بۆ کەمکردنەوەى کێشە دەریاییەکانى وڵاتانى عەرەب.
عەرەب
بۆمبى بێکاریی خەریکە لەبەردەم چوارچێوەى هەماهەنگیدا بتەقێتەوە
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى پلاندانانى عێراق بە رۆژنامەى عەرەبی راگەیاندووە، رێژەى بێکاریی لە عێراق گەشتوەتە 15% و هەژاریش 20%، ئەوەش ئاماژەیە بۆ تەقینەوەى ئەو بۆمبە رانەگەیەنراوەى لە بەردەم حکومەتى ئێستاى عێراق و چوارچێوەى هەماهەنگیدا هەیە.
حازم رەدینى جێگری ناوەندى ستراتیژیی عێراقیش رایگەیاند، نزیکەى 10 ملیۆن هاووڵاتى عێراق لەژێر هێڵی هەژارییەوەن، حازم راشیگەیاند یەکێک لە هۆکارەکان هەبوونى دەستى کارى بیانییە لە عێراق، کە لە ئێستادا نزیکەى یەک ملیۆن کرێکارى بیانى بەفەرمی کاردەکەن، کە تەنها چل هەزاریان لەو ژمارەیە تۆمارکراون.
رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، رێژەیەکى زۆری بێکارەکان لە ئێستادا لاوەکانن بەتایبەتى ئەوانەى دەرچووى زانکۆو پەیمانگاکانن.
حازم رەدینى ئاماژەى بەوەشکردووە پەیوەندییەکى راستەوخۆ لەنێوان هەژاری و ئەنجامدانى تاواندا هەیە بەتایبەتى لە بەغدادى پایتەخت، کە رێژەى تاوان زۆر زیادیکردووە.
رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە دیاردەى بیکاریی و بەرزبوونەوەى رێژەى هەژاریی بۆمبێکە لەبەردەمى حکومەت و پارتە دەسەڵاتدارەکانى عێراقدا دەتەقێتەوە.
عەرەبی جەدید
تێکشکانى بەلەمەکانى غەزە زیانى شەست ملیۆن دۆلاری لە راوچییەکان داوە
سەندیکاى راوچییەکانى فەلەستین بڵاویکردەوە، لەسەرەتاى جەنگەکەى ئیسرائیلەوە لەدژى غەزە بەتەواوەتى راوکردن وەستاوە، تەنها جاروبار و بەشێوەیەکى تاکە کەسى نەبێت.
سەندیکاکە رایگەیاندووە، بەهۆی هێرشەکانى ئیسرائیلەوە ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە بەلەمى راوچییەکان تێکشکاون کە نزیکەى لە 80% و ئەوەش بووەتە هۆی زیانى نزیکەى 60 ملیۆن دۆرلار.
سەندیکاى راوچییانى فەلەستین ئاماژەى بەوەشکردوە ئیسرائیل 10 شوێنى مانەوەى راوچییەکانى لە کەناراوى باکوورى غەزە و 30 خانوى لە خان یونس و 25ـى دیکەى لە رەفەح وێرانکردووە، هەربۆیە راوکردن لەنێو دەریاى سپی بەرێژەى 100% وەستاوە.
بەگوێرەى ئامارێکى سەندیکاکە لەسەرەتاى جەنگەکەوە تائێستا 150 راوچى فەلەستینى گیانیان لەدەستداوە.
رۆژنامە تورکییەکان
میلات
ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانى تورکیا بەراورد بە ساڵى رابردوو 80% زیادی کردووە
ماوەی چەندین هەفتەیە سییەکانی تورکیا بە بەرچاوی هەموو دنیاوە دەسوتێت، ساڵی رابردوو لەماوەی هەشت مانگدا هەزار و 419 ئاگر کەوتبووەوە، ئەمساڵ دوو هەزار و 529 ئاگر کەوتووەتەوە، ئەم ژمارەیە هی ئەوە نیە بڵێیت بە هەڵەی سەیران، سوتاندنی گژی گیا یان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە روویداوە.
یەنی شەفەق
لەمەودوا هەموو ماڵەکان بە غازی سروشتی قەرەدەنیز گەرم دەبنەوە
ئالپارسلان بایراکتار، وەزیری وزەوسەرچاوە سروشتیەکانى تورکیا رایگەیاند، تاوەکو ساڵی 2028 لە کێڵگەی غازی ساکاریا رۆژانە بەرهەمی 60 ملیۆن مەترسێجا بەرهەمدەهێنن. ئەمە ساڵانە دەکاتە 20 ملیار مەتر سێجا، لەکاتێکدا لە تورکیا 22 ملیار مەتر سێجا لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەکاردەبرێت.
سەباح
سینگلی هۆکاری ئالوودەییە بە جیهانی دیجیتاڵەوە
لە لێکۆڵینەوەیەکی دەزگای BTK دا کە لەسەر خوێندکاران ئەنجامیان داوە، دەرکەوتووە ئالودەبوون بە یارییە دیجیتاڵیەکان و تۆڕی کۆمەڵایەتی، هۆکارە سەرەکییەکەی سینگلییە.
ئەمە لەکاتێکدایە بەگوێرەى لێکۆڵینەوەی ئەو دەزگایە 50%ـى خوێندکارانی ئامادەیی و 35%ـى قوتابیانی بنەڕەتی ئالودەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانن.
سۆزجو
بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.5 لە ئیستەنبوڵ رووبدات 20%ـى شارەکە زیانى گەورەى بەردەکەوێت
بەگوێرەى راپۆرتێکی ئاژانسی پلاندانانی ئیستەنبوڵ ئەگەر بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.5 لە ئیستەنبوڵ رووبدات، 20%ـى شارەکە زیانی گەورەی بەردەکەوێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ، لە 17ـى ئابی ئەمساڵ لە ساڵیادی بومەلەرزە گەورەکەی مەرمەڕەدا، کە ساڵی 1999 رویدا، ئاماژەی بەوەدا، هێشتا ناوچەی مەڕمەڕە لەژێر هەڕەشەدایە.
بە ئاماژەدان بەوەی لە هەر سێ بینای شارەکە، دوانیان لە پێش ساڵانی 2000 دروستکراون، لە کۆی 6.8 شوێنی نیشتەجێ 1.3 ملیۆنیان مەترسی لەسەرە لەکاتی بومەلەرزەدا.
لەکۆی ئەو بینایانەی لە بومەلەرزەی 1999 دەبوو دەستکاری بکرانەیە، تەنها یەک لەسەر چواریان دەستکاری کراون و بەرگەی بومەلەرزە دەگرن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز
چەند ملیۆنێرێک لە نێو یەختێکدا تیاچوون
یەکێک لە دەوڵەمەندترین سەرمایەدارەکانی بەریتانیا و کچێکی تەمەن 18 ساڵـی خۆی لە ناو ئەو شەش کەسەدان، کە یەختەکەیان لە سنوورە ئاوییەکانی سیسیلیای ئیتالیادا ژێرئاوکەوتووە و تیاچوون.
مایک لینچی تەمەن 59 ساڵ سەرمایەدارێکی کەرتی تەکنەلۆجیایە، بە بیڵ گەیتسەکەی ناو بەریتانیا ناسراوە، یەختەکە تایبەت بووە بەو.
لەگەڵ کچەکەی و شەش کەسی دیکە لە گەشتێکدا بوو لە سنوورە ئاوییەکانی ناوچەی سیسیلیای ئیتالیا، بەهۆی هەڵکشانی ئاستی ئاوەوە یەختەکەیان ژێر ئاو کەوتووە.
لەگەڵ ئەواندا سەرمایەدارێکی دیکە بە ناوی جۆناسان بلومەر خۆی و ژنەکەی و سێ منداڵی خنکاون، بەڵام هاوسەرەکەی لینچ رزگار کراوە.
دەیلی تەلەگراف
ستامەر پێی باشە فەرمانبەران لە ماڵی خۆیانەوە کار بکەن
پریزێنتیڤیزم روانگەیەکی ئابووریی نوێیە لەبارەی کارکردنەوە، پێیوایە دەبێت کەسی کارکەر بچێتە شوێنی کارەکەی بۆئەوەی توانای بەرهەمهێنانی باشی هەبێت، بەڵام روانینێکی تریش هەیە دەڵێت ئەگەر کەسەکان لە ماڵی خۆیانەوە کاری فەرمانگەکەیان ئەنجامبدەن، بەرهەمێکی باشتریان دەبێت.
ستامەری سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەگەڵ ئەم روانینەی دووەمیاندایە.
گوتەبێژی سەرۆکوەزیران پێشنیازی یاسایەکی کردووە ناوی ناوە (مافی ئاڵوگۆڕکردن) بە گوێرەی ئەم پرۆژەیە کرێکار و فەرمانبەر دەتوانن ئاڵوگۆڕ بە کاتی چوون بۆ فەرمانگەکەیان بکەن، هەندێک کار لە ماڵی خۆیانەوە ئەنجام بدەن و هەندێکی دیکە لە فەرمانگە.
ئیندپێندێنت
دەستگیرکردنی بەلێشاوی راستڕەوەکان زیندانەکانی بەریتانیای پڕکردووە
لە پاش روودانی گرژی و خۆپیشاندانی راستڕەوەکانەوە پەستانێکی زۆر بۆسەر گرتووخانەکانی بەریتانیا دروست بووە، بۆیە حکومەت هەڵمەتی(بەرەبەیانی زوو)ـی دەستپێکردووە، بۆ ئازادکردنی زیندانیان لە دەستبەرە، چونکە لە تەواوی وڵاتدا تەنها جێگای 300 زیندانی ماوە.
گەڵف نیوز
دیموکراتەکان تاجی کاندیدبوون لە سەری کامالا هاریس دەنێن
کامالا هاریس وەک پاڵێوراوی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا جێگیر کرا
ئەم تاج لەسەرنانە دەبێت بە وەرچەرخانی گرنگ بۆ ئەم ژنە، کە لە ئێستادا جێگری سەرۆکی ئەمریکایە.
هاریسی تەمەن 59 ساڵ، یەکەمین ژنی رەشپێستە بە رەچەڵەک خەڵکی باشووری ئاسیایە، کە توانیویەتی بلیتی کاندیدبوون لە یەکێک لە گەورەترین پارتە سیاسییەکانی ئەمریکا وەربگرێت، بۆئەوەی پێشبڕکێ لەسەر مەزنترین پۆستی ئەمریکا بکات.