زووم..
دکتۆر ماجد خەلیل فەتاح لەبارەی کوژرانی کۆڵبەرەکوردەکەی خورماڵەوە گوتارێکی نووسیوە و دەڵێت،
لە پەراوێزی رژانەوەی خوێنێکی تری بەناهەقدا، لە هەورامان. بە دەستی هێزی چەکداری کورد! لەو سنوورە دەستکردانەی داگیرکەران، کە کورد پاسەوانیانە! گەر ئەو ئارامەیان لە مێژوودا ناسیبێتم، زانیبێتم زمانێکی جەسور و جوامێرانەی دەرهەق بە جوتیار و کرێکاری کوردەواری نواندووە. زانیبێتم چ شاسوارێکە و شیمانەی شۆڕشەکەی بەرەو چ لەنگەرێکی لۆژیکیی تاوداوە، ئەوا دەشزانین چ چاڵێکی قوڵی بۆ هەڵکەندرا و بە چ قەیرانێکی قوڵ قۆڵی ئەندێشە و ئازادیخوازیی ئەویان بڕییەوە.
چ خوێنێکی خاوێنی خەبات، لە دەمارەکانیدا دەجوڵا
بەڵام بەچاوی خۆم، ئەم ئارامەیانم بینیومە.. ئارامی هەورامان.. دەزانم چ داستانێکی دەمەزەرد، چ شۆڕشێکی شوناس، چ خوێنێکی خاوێنی خەبات، لە دەمارەکانیدا دەجوڵا.. دەشزام چ شانازییەک بە شوێنپێی ئەسپەکەیەوە ئازارەکانی ژیانی هەژاریی جێدەهێڵا! لە شەوە تاریک و نوتەکەکانی ئاوایی سەرگەت و هانەی دندا، دەیانجار بە دەنگی پێی نان و نەسرەوتندا گوێم لێدەبوو، دەیانوت: ئەوە ئارامە.. ئەوە ئارامە لە شەوانی سارد و سڕ و کڕێوە و زریاندا، زەواری خۆی و هاوڕێکانی بەڕێوەیە.. ئەوە ئارامە لە شەوانی گەرمی گیانبازیی و گەمەی گەندەڵی ئێرەدا، ئەو هێشتا وەک پەڵە بەفرێکی سپی، بە نساری نەریتە خاوێنەکەی شاخەکانی هەورامانەوە هەڵۆیانە ڕێدەکات… دەیانگوت: ئەوە ئەو لاوە لێوەشاوەیەیە، لایە لایە بۆ بەژنی بەرزی شرام و داڵانی و ئاوی کەوسەری کانیاوەکان و خاکی گەوهەری ئێرە دەکات..
ئەوە ئارامە ئەیەوێت، ئازادانە و دوور لە چاوی فیشەکی فەرهودچییەکان نان و حەکایەتی حەڕاڵێتی بنوسێتەوە.. دەمزانی چەندە چاپوکسوارانە، چارەنوسی خۆی و خێزان و خەڵکی ئاوایی ئەنوسییەوە. بەڵێ دەمزانی ڕووخۆشی ئارام، ڕاسانی نان و نەریتی سەربەرزانەی ئارام، لە ڕازی ڕۆحە ڕەسەن و دۆنادۆنەکەی دنیای ئێرەوە سەرچاوەی گرتووە. لێرە لۆژیکی ژیان لەسەر پێی خۆی ڕاوەساوە.. لێرە سیحری ژیان سەمەرە دەکات، سەمەرەیەک سیستەمی مێژوو پێی ناوێرێ.. سەمەرەیەک کۆیلە و کرێگرتە و کۆڵەبەسەکانی ئێران و توران لەبەردەم ئاوێنەی مێژووی ئێرەدا ناتوان خۆیان ببیننەوە..
ئەمانەی ئێستا دەستیان تفەنگ دەگرێت، خووی خەباتەکەیان وایە، فێرکراون، هەمیشە قۆناغی تفەنگەکانیان بەرەو دوژمن بووە، ئەمە فەلسەفەی فەرهوود گۆشیکردوون، گۆی پەنجەی پێشمەرگایەتیان هێندە داخکراوە، هەمیشە لولەی لە خەڵکی خۆیان بووە.. ئەوان ئەوسا مێژوویان مەلجەئی تیمار و تەمەڵخانەکان بوو، ئێستەش تیکتۆکچییەکان، بەردەوامیش بە بۆنی ئێسکی براکوژی بەرەو مەنجەڵی مەبەستی داگیرکاریی براون و دەبرێن. ئەها، ئێستا لەبەردەم ئاوێنەکەدا ئامادەن، ئەوەتا بێ لە دوکەڵی سوتانی بارەگایەکی بێزراو، بێ لە کوژانەوەی سەماوەری چایچییەکان و بێ لە دیمەنی دڵتەزێنی ڕژانی خوێنی ئارام چی تر دەبینن.. خوێنی ئارامەکەی هەورامان، ئەم خوێنە بەناهەقڕژاوترین خوێنی سەرزەەمینی ئێرەیە، نابێت و ناکرێت هەروا سەربنرێتەوە.. ئەم خوێنە نوێنەرایەتی شادەمار و شوناسی شۆڕشێکی جەماوەرییە. شۆڕشێک هەر لەژێر ناوی خوێنی ئارام و ئازاد و ئەواندا ئەویندارانە باوەشی بۆ کرایەوە. وەلێ ئێستا، لەپاکترین پەیمانی کوردبووندا، لە خاوێنترین خاک و نەژادی زاگرۆسدا، لە سنگی سیستەمی فیشەک و فەلسەفەی فەوزا و پاشاگەردانییەوە،
فوکراوە بەم ئاگرە خامۆشکراوەی خەباتدا، ئیتر نابێت جارێکی تر بکوژێنرێتەوە.. ئێرە ئەلف و بێی کوردبوونی نوسیوتەوە. دڵنیابن دڵۆپێک خوێنی ئارام، زەڕڕەیەک خاکی وەتەنە و نادێرت بە قەسری قەیسەری قارونەکان، چ جای ئەوەی بەسوتانی بارەگایەکی بێخاوەن! و زۆڵی ناو زەوارەکەی زاگرۆس بگۆڕدرێتەوە.. بەڵێ، بەو پەڕی پیرۆزی و پەیمانی کوردبوونەوە دەڵێین: ئەمڕۆش نا سبەی، پێویستە ئەم خوێنە خاوێنەی (بیست و حەوت)ساڵەکەی فەتوای فایەق بێکەس قانعی شاعیری چەوساوەکان و (بیست و حەوت)ساڵەکەی تەمەنی ئارام بڵێینەوە: بوکی ئازادیم دەوێ خوێنم خەنەس بۆ دەست و پێی سەد هەزار نەفرەت لەوەی نۆکەری بێگانەیە.
خوێنی ئارام، کەشێکی بەهارییە، بوێریی و بازدانێکە بەسەر ویژدانی وەرزەکاندا، ئیتر وەرزی وێرانە و وانەی خستنە ناو زبڵدانی هەموو ئەوانە ئەنوسرێتەوە. ئارام کوڕی کەلتوورەکەیە، ئارام کۆرسی پەروەردەکەیە، ئارام پاکترین پێشمەرگەی ئارام و ئازاد هەورامییە دزراو و دوو لە ڕۆحەکەی ئەوانە.. ئەوان بوونە خۆرەی خەباتێکی ڕەوا و ئارامیش بوویە بازوویەکی بەهێزی ژیان.
ئەوان بوونە بازرگان بەسەر جەستەی جەوانی ئارام و ئازاد هەورامی و ئەمیش بوویە نیشانەشکێنی ئامانجەکەی ژیانێکی سەربەرزانە. ئارام بە نیشانەکانی، سنوورە دەسکردەکانی دەشکان، ئەوان ببوونە وەردیان و پاسەوان و کلکی کەلتووری کۆیلایەتیی.. ئارام شۆڕەسواری شۆڕشە ڕاستەقینەکە بوو، نوێنەری خەڵکی چەوساوە و چارەنوسە چەپاوەکە بوو، ئارام نەبویە داردەست، نەبوویە کەواسووری پێش پاراستنی گەندەڵی و هێزە ساختەکەی سیستەمە بودەڵەکە. ئارام لەبری هەڵگرتنی چێژوچڵێسی دنیا و چەکی بندیواریی بۆ خەفەکردنی خەڵکەکەی، چەکی چاکەکاریی و کەسابەت و کۆڵبەریی کردەشانیی. خۆزگە دەتانزانی! کۆڵبەرێک لەبەردەم دیوانی خودا و ئاوێنەی ئایاتەکانی ئاسمان و ئەدەبی مرۆڤە مەزنەکانی مێژوو و دڵی ئێمەدا چەندە شکۆ و شیرینی لێدەبارێ.. خۆزگە نەیارانیش دەیانزانی! خوێنی ئارام، لە چ شادەمارێکی شوناسی ئێرەوە ڕژاوە، جا دەیانزانی، بەدەست و لۆژیک و چاوی داخراوی خۆیان، چ دوا بزمارێکیان لە تابووتی تەرمی خۆیان داوە..