یەکێتى تۆپى پێى عێراق ڕایگەیاند، خیسۆس کاساسى ئیسپانى ڕاهێنەرى هەڵبژاردەى عێراق پێکهاتەى یاریزانە پیشەگەرەکانى بۆ دوو یارى داهاتووى هەڵبژاردەکە دیاریکردووە.
یەکێتییەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، هەڵبژاردەکە لە نێوان ٢٥ى ئەم مانگە بۆ یەکى مانگى ئەیلولى داهاتوو یەکەیەکى مەشق و ڕاهێنان لە دەوحەى پایتەختى قەتەر ئەنجام دەدات و ٢١ یاریزان بەشدارى تێدادەکەن.
دواى کەمپەکە هەڵبژاردەى شێرەکانى ڕافیدەین دەگەڕێتەوە بەسڕە و ئامادەکارى بۆ دوو یارییەکەى بەرامبەر هەڵبژاردەى عومان لە پێنجى ئەیلول و هەڵبژاردەى کوەیت لە ١٠ى هەمان مانگ دەکات لە پاڵاوتنی مۆندیالدا.
کاساس دووپاتیکردووەتەوە، ناوى یاریزانە زیادەکان لە لیستى سەرەتاییدا، لە ئامادەباشیدا دەبن بۆ بانگهێشتکردنیان بۆ هەڵبژاردەکە لە کاتێکدا هەر یاریزانێک توشى حاڵەتێکى لەناکاوبێت.