زووم…
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەرباری ئەو تۆمەتانەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس دەیدەنە پاڵ یەکدی بۆ کۆسپ خستنە بەردەم گەیشتن بە ئاگربەستی غەزە، بەڵام هێشتا ئەگەری گەیشتن بە ئاگربەست هەر هەیە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: دانوستانەکانی ئاگربەستی غەزە هێشتا بەردەوامن و ئەمریکا دەستبەرداری هەوڵەکانی لەوبارەیەوە نابێت.
ئەم لێدوانانەی سەرۆکی ئەمریکا لەکاتێکدایە، دوێنێ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئیسرائیل و ئامانجی سەردانەکەشی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بوو بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی غەزە و جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان.
چەند هەفتەیەکە وڵاتانی نێوەندگیر کە بریتین لە قەتەر، میسر و ئەمریکا لە هەوڵێکی چڕدان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەزە و میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە، رەنگە گەیشتن بە رێککەوتن نزیک بێت.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتێکیدا چەند رۆژێک لەمەوبەر ئاشکرایکرد، رەنگە ئێران هێرشی تۆڵەی بۆ سەر ئیسرائیل دوابخات تا کات بدات بە لایەنە نێوەندگیرەکان بگەنە رێککەوتن.
ئێران لەدوای کوژرانی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی پێشووی مەکتەب سیاسی حەماس، لە تاران لە کۆتایی مانگی رابردوو بڕیاری هێرشی تۆڵەی بۆ سەر ئیسرائیل داوە، ئیسرائیلیش دەڵێت، هەر هێرشێک بکرێتەسەری بە تووندی وەڵامی بۆی دەبێت.
زیاتر لە 300 رۆژە جەنگ بەردەوامە کە بەهۆیەوە زیاد لە 40 هەزار کەس لە کەرتی غەزە کوژراون و زیاتر لە 15 هەزار کەسیان منداڵن، ژمارەی بریندارەکانیش نزیک دەبێتەوە لە 93 هەزار بریندار.