زووم..
رۆژنامە فارسییەکان
کار و کارگەر
پچڕانی کارەبا زیانی گەورەی بە نانەواکان گەیاندووە
محەممەد جەواد کەرەمی، بەرپرسی یەکێتیی نانەواکانی تاران رایگەیاند، پچڕانی لەناکاوی کارەبا لە نانەواخانەکان دەبێتە هۆی ترشبوون و بەفیڕۆچوونی هەویر و سەرمایە و کاتی نانەواکان.
کەرەمی دەشڵێت، پێویستە هەویر بەخێرایی بکرێتە نان، لەبەرئەوەی کاتێک کارەبا دەبڕێت هەویرەکە ترش دەبێت و بەکارناهێنرێت.
ناوبراو داوای لە وەزارەتی وزە کردووە کاتی دیاریکراو بۆ پچڕانی کارەبای نانەواخانەکان دیاری بکات بۆ ئەوەی هەویر بەفیڕۆ نەدرێت.
لەئێستادا نانەواکان رۆژانە ماوەی یەک بۆ سێ کاتژمێر تووشی پچڕانی لەناکاوی کارەبا دەبنەوە، بەڵام دیار نییە کەی کارەبایان دەبڕێت.
ئیمروز
پێشبینیی بەرهەمهێنانی یەک ملیۆن و 350 هەزار تۆن خورما لە ئێران
سەرۆکی ئەنجومەنی خورمای ئێران، رەشید فەروخی رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ نزیکەی یەک ملیۆن و 350 هەزار تۆن خورما لە ئێران بەرهەم بهێنرێت، لەو بڕەش 70٪ـی لە ناوخۆ بەکاردەهێنرێت و 30٪ـی هەناردە دەکرێت.
فەروخی باسی لەوەکردووە، ساڵانە هەر تاکێکی ئێرانی نزیکەی حەوت کیلۆ خورما بەکاردەهێنێت و دەڵێت، دەتوانرێت داهاتی ئەم بەرهەمە لە 350 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 500 ملیۆن دۆلار زیاد بکرێت.
لە دوای میسر، ئێران دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری خورمایە لە جیهاندا.
هەمدلی
رووداوی هاتووچۆی زیارەتکارانی ئێرانی لە بەغداد
سەرچاوه عێراقییەکان دەڵێن دوو زیارەتکاری ئێرانی بە رووداوی هاتوچۆ له باشووری بەغداد گیانیان لەدەستداوه.
رزگارکارانی مانگی سووری عێراق رایانگەیاندووە، لە رووداوەکەدا دوو کەس گیانیان لەدەست داوە و 15ـی دیکە بریندار بوون.
سەرچاوە تەندروستییەکانی عێراقیش باس لەوەدەکەن باری تەندروستیی بەشێک لە بریندارەکان باش نین و ئەگەری هەیە چەند کەسێکی دیکەیان لێ بمرن.
خوب
لە مانگی رابردوودا 10 فڕۆکەی نوێ گەیشتوونەتە ئێران
مێهرداد بەزرپاش، وەزیری رێگاوبانی ئێران رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا 10 فڕۆکەی نوێ گەیشتوونەتە ئێران و هێڵە ئاسمانییەکان توانیویانە فڕۆکەی پێویست بەدەست بخەن.
بەزرپاش دەشڵێت، حکومەت لەبری ئەوەی راستەوخۆ فڕۆکە بکڕێت، هێڵە ئاسمانییەکانی چالاک کردووە بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەن و پاڵپشتیی داراییشی بۆ دابینکردوون.
بەگوێرەی بەزرپاش بێت، فڕۆکەوانیی ئێران، سەرەڕای گەمارۆکان، توانیویەتی رێگاچارە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو بارودۆخانە بدۆزێتەوە و سزاکان پووچەڵ بکاتەوە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
گەورەترین سەرکردە و ئەشکەنجەدەری سەر بە بەعس دەستگیردەکرێت
پسپۆڕێکى ئەمنى دەڵێت، یەکێک لە سەرکردە و ئەشکەنجەدەرە گەورەکانى سەر بە حزبی بەعسی پێشوو، بەناوى خەیروڵا حەمادى عەبد جابرۆ دەستگیرکراوە، کە لە ساڵی 1971 تاوەکو کەوتنى رژێمەکە چەندین پلە و پۆستى هەبووە.
فازیل ئەبو رەغیف، لە نووسینێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتى ئێکس دەشڵێت، توانراوە هەڵاتوو خەیروڵا حەمادى دەستگیر بکەن، کە دەستى سوورە بە خوێنى عێراقییەکان و لەرابردوودا بەشێوەیەکى ترسناک بە چەندین شێوە ئەشکەنجەى عێراقییەکانى داوە و چەندین رێگەی جیاوازی بۆ ئەشکەنجەدان بەکارهێناوە.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، لە ساڵی 1991 تاوەکوو ساڵی 1970 لە پۆستە ئەمنییەکانى حزبی بەعسدا بووە، لەنێوان ئەو ساڵانەدا ژیانی ئەشکەنجەدان و تاوانکاریی دژ بە کورد و شیعە مەزهەبەکان ئەنجامداوە.
شەرقلئەوسەت
شیعە دوا وادە دەداتە سونە بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکى پەرلەمانی عێراق
پۆستی سەرۆکى پەرلەمانی عێراق، کە پشکى پێکهاتەى سونەیە، ماوەی نۆ مانگە بە بەتاڵی ماوەتەوە. چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان وادەی کۆتایی دەدەنە سونەکان، بۆ هاوڕابوون و کۆدەنگی لەسەر مەحمود مەشهەدانی یان دەرگای کاندیدکردن بۆ کەسانى دیکە بکەنەوە.
کێبڕکێکان بۆ ئەو پۆستە، لەنێوان پارتی تەقەدوم، کە محەمەد حەلبوسی سەرۆکایەتی دەکات، لەگەڵ سیادە، کە خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتى دەکات قەتیس ماوە.
بەڵام پێدەچێت نزیکبوونەیەک هەبێت بۆ رێککەوتن لەسەر مەحمود مەشهەدانی، کە پێشتر سەرۆکى پەرلەمان بووە و لەلایەن نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقەوە پاڵپشتی دەکرێت.
قودسی عەرەبی
بایدن: گەیشتینە خاڵی گۆڕانکاری و حەماس پڕکردنەوەى بۆشاییەکانى لەلایەن ئەمریکاوە رەتکردەوە
ئەنتۆنى بلینکنن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە تەلئەبیب، بە ئامانجى فشارکردن و چڕکردنەوەى هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستى غەزە.
بەرپرسێکی باڵاى ئەمریکى لە وەزارەتى دەرەوەى وڵاتەکە دەڵێت، بلینکن رۆژی دووشەممە لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى ئیسرائیل کۆدەبێتەوە، لە سەروو هەمووشیانەوە بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆکوزیران، کە دوێنێ داوای کردبوو فشار لە حەماس بکرێت بۆ رازیبوون بە پێشنیازی ئاگربەست.
سەردانەکەى بلینکن دەیەمین سەردانێتى، دوای هەڵگیرسانى جەنگی غەزە لە 7ـى ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا.
چاوەڕوان دەکرێت لە سەردانەکانى بۆ وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بچێتە میسر.
بەرپرسێکى ئەمریکى لە زاری بایدنەوە دەڵێت، گەیشتووینەتە خاڵی گۆرانکاریی لە ئاگربەستى جەنگی غەزە و ئاڵوگۆڕی بارمتەکان، بەڵام حەماس رەتیکردووەتەوە پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییانەى لە دانوستانەکان هەن لەلایەن ئەمریکاوە پڕبکرێنەوە.
عەرەبی جەدید
سنوورەکانى عێراق و سوریا بوونەتە جێی دڵەراوکێی هەمیشەیی بەغداد لە پەڕینەوە و سنووربەزاندن
سنوورەکانى نێوان عێراق و سوریا بووەتە بازنەى گرنگیپێدانى هێزە ئەمنییەکان و بەرپرسانى سیاسیی عێراق، ئەوەش دوای ئەوەى سەدان زیندانی لە مانگى تەمموزی ئەمساڵ، لە گرتووخانەکانى ژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سوریای دیموکرات ئازادکران، کە ناوچەکە نزیکە لە سنوورەکانى عێرق و سوریا.
ترسی عێراقییەکان بۆ ئەوەیە، ئەو زیندانییانەى ئازادکراون بەشێکیان سەر بە داعش بن و سنوورەکان ببەزێنن و بپەڕنەوە عێراق، بەتایبەتی دوای ئەو پێکدادانەى لەنێوان هێزەکانى سوریای دیموکرات و هۆزە عەرەبەکانى دێرەزوور لەماوەکانى رابردوو و دوای ئازادکردنى زیندانییەکان روویاندا.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
ئیندیپێندەنت
کتێبى هاوڕەگەزخوازى و رەگەزگۆڕین لەنێو قوتابخانەکانی بەریتانیا قەدەغەکراون
لێکۆڵینەوەیەک دەڵێت، هەموو ئەو کتێب و ئەدەبیاتەی لەبارەى هاوڕەگەزخوازى و رەگەزگۆڕین نووسرابوون، لەپاش یەک سکاڵا هەموویان کۆکرانەوە. ئەو کەسانەی لەگەڵ ئەم جۆرە هەڵمەتەدا نین دەڵێن، ئەمە حوکمێکی لایەنگرانەبووە.
هەموو کتێبەکانی تایبەت بە بواری هاوڕەگەزخوازی و رەگەزگۆڕینەکان لەنێو خوێندنگە و قوتابخانەکانی بەریتانیدا کۆکرانەوە، پاش ئەوەی چەندان دایک و باوکی خوێندکاران لەوبارەیەوە سکاڵایان کردبوو.
رێژەی 50%ـى ئەو ناوەندانەی خوێندن لە بەریتانیا ئەو جۆرە کتێبانەیان لەنێو رەفەی کتێبخانەی قوتابخانەکاندا نەهێشتووە.
عەرەب نیوز
لە چەند هێرشێکی ئاسمانیدا بۆسەر غەزە 21 کەس کوژراون و شەشیان منداڵن
بەرپرسانی کەرتی تەندروستیی فەلەستین دەڵێن، لە بۆردومانێکدا، کە بە فڕۆکە کراوەتە سەر کەرتى غەزە 21 کەس کوژران، کە شەشیان منداڵن.
هەر لەم نێوەندەدا ئەنتۆنی بلینکنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتووەتەوە بە ناوچەکە و دوێنێ لە تەلئەبیب بوو.
مەبەست لە هاتنەکەی بریتییە لە چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماتییەکان بۆ گەیشتن بە راگەیاندنی ئاگربەستێک لەم هەفتەیەدا.
دەیلی تەلەگراف
رەخنە لە ستامەر، کە دەگیردرێت هاوکارییەکانی بۆ ئۆکراین کەمکردووەتەوە
پەستانێکی نوێ خراوەتە سەر کییە ستامەر، سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا و دەگوترێت هەندێک رێگریی نوێی خستووەتە سەر ئۆکراین، کە نەتوانێت مووشەکەکانی ستۆرم شادۆی بەریتانی بەکاربهێنێت، لەبەرئەوەی زێلینسکی گوتبووی بەریتانیا وەک جاران یارمەتیمان نادات.
زێلینسکی گلەیی کردبوو، گوتبووی یارمەتییەکانی بەریتانیا بۆ ئۆکراین کەمبوونەتەوە، ئەودەمەی هێزەکانی سوپای ئۆکراین لە ناوچەی کورسکەوە چوونەتە نێو خاکی روسیاوە، بەریتانیاش هاوکارییەکانی خۆیی کەمکردووەتەوە.
ئۆرشەلیم پۆست
حەماس پێشنیازەکەى ئەمریکای رەتکردووەتەوە، بەڵام بلینکن دەیەوێت کارێک بۆ ئازادکردنى بارمتەکان بکات
بزووتنەوەى حەماس پرۆژەپێشنیازکراوەکەی (پرد راکێشان)ـی بۆ گەیشتن بە ئاگربەست رەتکردەوە، بەڵام هێشتا بلینکن لە ناوچەکە ماوە و شەوی یەکشەممە چووە ئیسرائیل بۆ دیداری بەرپرسانی ئەوێ، بەو ئومێدەی لەم هەفتەیەدا بتوانن بگەن بە رێککەوتنێک لەبارەی ئاڵوگۆڕی بارمتەکانەوە.
پرۆپۆزەڵی پردڕاکێشان هەندێک مەرجی نوێی خستووەتە سەر ئازادکردنی ئەو فەلەستینییانەی لەنێو ئیسرائیلدان و بە بارمتە گیردراون.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
لەماوەى 10 ساڵدا خەرجییەکانى کۆشکی کۆماری 50 هێندە زیادى کردووە
بورهانەدین بوڵوت، یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی جەهەپە رایگەیاند، لە ساڵى 2014 خەرجییەکانى کۆشکی کۆماری 244 ملیۆن لیرە بوو، لەمساڵدا گەیشتووەتە 12 ملیار لیرە. ئەم بڕە پارەیە دەکاتە مووچەی 984 هەزار خانەنشین.
لەکاتێکدا خانەنشینان بە مووچەی 12 هەزار و 500 لیرە ناتوانن ژیانی مانگێکیان بەڕێ بکەن، بەڵام خەرجییەکی زۆر و پارەیەکی زۆر بەهەدەر دەدرێت لە کۆشکی کۆماری.
ئەڤرەنسەل
ژنانى ئامەد لە ناچاریدا لەژێر فشارێکی زۆردا کاردەکەن
لە شارۆچکەى چنارى سەربە ئامەدی باکووری کوردستان پلەى گەرما دەگاتە سەروو 40 پلە، ئەو ژنانەى لە کێڵگەکاندا کاردەکەن لە هەلومەرجێکی سەختدان و دەڵێن، لەژێر فشارێکی زۆردا کاردەکەین، سەرەڕای ئەوە پلەکانی گەرما بەرزە و لەژێر تیشکی خۆردا کاردەکەین.
ئەوان دەڵێن، مافى خۆمان بەرامبەر ئەو کارەی دەیکەین وەرناگرین، هیچ بژاردەیەکیشمان بۆ دابینکردنى بژێوی ژیانمان نییە.
یەنیچاغ
رێژەى هەڵاوسانی سووتەمەنی لە تورکیا بەرزە
ئاک پارتی لە زیادکردنى نرخەکان وێنەى نییە، دەسەڵاتی ئاک پارتی لە هەر هەڵبژاردنێکدا دەڵێن، چاڵە نەوت و غازمان دۆزیوەتەوە و نرخەکان بۆ هاووڵاتیان دادەبەزێنین، بەڵام بە پێچەوانەوە لەپاش هەر هەڵبژاردنێک نرخەکان زیاد دەکات لەئێستادا تورکیا ناوى لەو وڵاتانەدایە کە نرخی سوتەمەنیان بەرزە.
بەگوێرەى ئامارێکی رێکخراوی هەماهەنگی گەشەپێدانی جیهانی لە ساڵى 2024 ناوى تورکیا لە ریزبەندی یەکەمین وڵات هاتووە، کە رێژەى هەڵاوسانی سوتەمەنی تێدا بەرزە بە ریژەى 98.8%.
ئایدنڵک
جووتیاران بەرهەمەکانیان فڕێ داوەتە سەر شەقامەکان
تادێت ناڕەزایی جووتیاران زیاتر دەبێت، لەئێستادا لە پارێزگای بورسە و بەڵکێسیر و مەراشی باکووری کوردستان جووتیاران وەک ناڕەزایەتییەک لەبەرامبەر دابەزینی نرخی بەروبومەکانیان بەرهەمەکانیان فڕێ داوەتە سەر شەقامەکان.
ئەو جووتیارانە داوا دەکەن حکومەت نرخی بەروبومەکانیان بە جۆرێک بۆ دیاریبکات لە ئاست تێچوو و قازانجکردنى جووتیاران بێت.