زووم..
ئەمڕۆ کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیانەوە، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بایکۆتی کارەکانیان کرد.
زوومی سلێمانی لەبەردەم بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئەوەی گواستەوە، لە کاتژمێر 08:00-10:00ـی بەیانی دەرگای بەڕێوەبەرایەتییەکە بە رووی هاووڵاتیاندا داخرا.
بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی لە نێو حەوشەی بەڕێوەبەرایەتییەکە کۆبوونەوە و قەرەباڵغییەکی زۆر دروستبوو، دواتر دەرگای راییکردنی مامەڵەکانیان بە روودا کرایەوە.
ماوەی 38 رۆژە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەهۆی کێشەی بەغداد و هەولێر دواکەوتووە و هێشتا دیار نییە کەی مووچەی مانگی حەوت دەنێردرێت.
لە 21-07-2024، واتە 28 رۆژ لەمەوبەر وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرد و لە چەند رۆژی رابردوو وردبینی لە لسیتەکەدا تەواو کرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زوومی بەغداد، لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق باسی مووچەی هەرێم کراوە و تەیف سامی گوتوویەتی، “ناتوانێت ئیمزا لەسەر لیستەکە بکات بەهۆی ئەوەی هێشتا بەشێک لە داهاتی نانەوتی حکومەتی هەرێم رادەستی بەغداد نەکراوە.”