زووم، رۆژئاڤا:
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئاشکرایکرد، سوپای تورکیا لە 24 کاتژمێردا هێرشی کردووەتە سەر 33 گوند لە پێنج ناوچەی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا. سیناتۆرێکی ئەمریکاش دەڵێت، ئەوەی تورکیا دەیکات “کردەوەی هاوپەیمانێک نییە”.
بەگوێرەی راگەیەنراوێکی هەسەدە، کە ئەمڕۆ چوارشەممە (23ی تشرینی دووەمی 2022) بڵاویکردووەتەوە، قامیشلۆ پشکی شێری لە هێرشەکاندا بەرکەوتووە، 18 جار هێرش کراوەتە سەر گوندەکانی سنووری شارەکە “هەشت هێرشیان بە فڕۆکەی جەنگی بووە، شەشیان بە درۆن و چواریشیان بە چەکی قورس”.
حەسەکە لە دوای قامیشلۆ دێت و شەش جار هێرش کراوەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی “چوار جار بە درۆن و دوو جاریش بە چەکی قورس”.
سوپای تورکیا لەو 24 کاتژمێرەی رابردوودا، چوار جار بە چەکی قورس هێرشی کردووەتە سەر گوندەکانی سنووری شەهبا.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، کۆبانێ سێ هێرشی کراوەتە سەر، دوانیان بە چەکی قورس و ئەوی دیکەیان بە درۆن. عەین عیسا دوو جار هێرشی کراوەتە سەر، هەردوو جارەکە بە چەکی قورس بووە.
ئەمشەو بۆب مێنێندێز، سیناتۆر لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا، لە تویتێکدا گوتی، هێرش و بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤا بووەتە هۆی کوشتنی هاوڵاتی مەدەنی و زیانی بە ژێرخانی ناوچەکەش گەیاندووە.
سیناتۆرەکەی ئەمریکا، گوتووشیەتی، تورکیا بۆردومانی رۆژئاڤا دەکات بەڵام هەڕەشەی پشتگوێخستنی شەڕی داعش دەکات “ئەوەی تورکیا دەیکات لە کردەوەی هاوپەیمانێک ناچێت”.
Turkey’s airstrikes in Iraq & Syria, including against US partner forces in the SDF, have already killed civilians & destroyed critical civilian infrastructure while threatening to undermine the fight against ISIS. These are not the actions of an ally. https://t.co/WujskZdfkr
— Senate Foreign Relations Committee (@SFRCdems) November 23, 2022
لە 19ی تشرینی دووەمدا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لەژێر ناوی ئۆپراسیۆنی “چنگ – شمشێر” هێرشێکی فراوانیان لە ژمارەیەک ناوچە و شاری رۆژئاڤای کوردستان و هەرێمی کوردستان دەستپێکرد.
هەرچەندە میدیاکانی تورکیا باسی کوشتنی سەدان کەسیان کرد، بەڵام هەسەدە رایگەیاند، لە هێرشەکانی 19ی تشرینی دووەمدا، 13 هاوڵاتی مەدەنی، شەش شەڕڤان و 20 سەربازی حکومەتی سوریا کوژراون.
هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان دوای ئەوە هات کە لە ناوچەی تەقسیمی ئەستەنبوڵ، تەقینەوەیەک روویدا و لە ئەنجامدا، شەش کەس کوژران و 81ى دیکەش بریندار بوون.
دوابەدوای تەقینەوەکە، بەرپرسانی تورکیا، پەکەکە/یەپەگە/پەیەدەیان بە ئەنجامدانی تەقینەوەکە تۆمەتبار کرد و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان کرد.
هەرچەندە، هەموو پارت و هێزە کوردییەکان تەقینەوەکەیان ئیدانەکرد و رایانگەیاند کە هیچ پەیوەندیەکییان بە هێرشەکەوە نییە، بەڵام تورکیا سوور بوو لەسەر تۆمەتبارکردنیان و هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی ئەنجامدا.
لایەنە کوردییەکان، تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ، بە پلانی یارییەکی دەسەڵاتی تورکیا پێناسە دەکەن، بۆ ئەوەی بتوانێت لە هەڵبژاردنەکاندا هەستی هاوڵاتیانی تورکیا بەلای خۆیدا رابکێشێت و تەمەنی دەسەڵاتەکەی درێژ بکاتەوە.