زووم…
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
عێراق سەرقاڵی پێشێلکردنى پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە
رێکخراوى هیومان رایتس وۆچ، بەتوندى رەخنە لە هەموارى یاسای ژمارە 188ـى ساڵی 1959 دەگرێت، کە سەرەڕای ئەوەی لە راپرسییەکدا 73%ـى عێراقییەکان رەتیانکردووەتەوە، بەڵام خەریکە شیعە و سونەکان تێیدەپەڕێنن، لەسەر ئەو بنەمایەی شیعەکان دەنگ بە یاسای لێبوردنى گشتى بدەن، لەبەرئەوەى زۆرینەى سونەکان دەگرێتەوە و ئازاد دەکرێن، لە بەرامبەریشدا سونەکان دەنگ بە پرۆژەیاساى هەموارى یاسای باری کەسى بدەن، کە لە بەرژەوەندیى چوارچێوەى هەماهەنگی و شیعەکانە بەگشتى.
هیومان رایتس وۆچ رایگەیاندووە، تێپەڕاندنى پرۆژەیاسای هەمواری یاسای باری کەسی دەبێتە کارەساتێکى گەورە بۆ کچان و ژنانى عێراق، پێچەوانەشە لەگەڵ پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان.
سەباح
لیژنەى تەندروستیى پەرلەمان داوادەکات نەخۆشانى شێرپەنجە چاودێریی کۆمەڵایەتى بیانگرێتەوە
باسم غەرابی، ئەندامی لیژنەى تەندروستى و ژینگە لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، داوایانکردووە لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ ئەوەى کار بۆ نەخۆشانى شێرپەنجە بکەن و چاودێریی کۆمەڵایەتى بیانگرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش نووسراوى تایبەتیان ئاڕاستەى وەزارەتى کار کردووە.
وەزارەتەکەش رەزامەندی دەربڕیوە لەنێو نەخۆشخانەکانى تایبەت بە شێرپەنجە دەست بە کارەکانیان بکەن تاوەکو بەوردى ئاماری تەواوى نەخۆشانى شێرپەنجەیان دەستبکەوێت و دواتر بڕیار لەسەر پێدانى هاوکارییەکانیان بدەن.
غەرابی راشیگەیاند وابڕیارە لەنێوان وەزارەتى کار و تەندروستیدا لیژنەیەکى هاوبەش بۆ ئەو بابەتە پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی ئاماری تەواوەتى وەربگرن.
بەگوێرەى گوتەى ئەو ئەندامەى پەرلەمان تائێستاش لیژنەکەیان ئاماری تەواوەتی و یەکلاکەرەوەى نەخۆشانى شێرپەنجەیان لەلا نییە و نەبوونى ئاماریش مەترسییەکى گەورەیە لەو بوارەدا.
گوتیشی، رێژەى نەخۆشیی شێرپەنجە لەو پارێزگایانەدا زۆرترە کە کار و چالاکیی بەرهەمهێنانى نەوتیان زیاترە.
مەدا
نەوەیەکى نوێى ئاوڵەى مەیمون جیهانى بەگیرهێناوە
ئاژانسى رێکخراوى تەندروستیى ئەفریقی رایگەیاند، تائێستا ئامارى تووشبووان بە جۆرە گۆڕاوەکەى ئاوڵەى مەیمون تەنها لە کیشوەرى ئەفریقا 18 هەزار و 737 کەسە، لەو ژمارەیەش لە 12 وڵاتی ئەو کیشوەرەدا 541 کەسى کوشتووە.
کۆنگۆی دیموکراتیکی رایگەیاند، وڵاتەکەیان زۆرترین پشکى ئەو نەخۆشییەى بەرکەوتووە و تائێستا 16 هەزار و 800 کەس تووشی پەتاکە بوون، لەو ژمارەیەش 173 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
کۆتایی هەفتەى رابردوو، لە دەرەوەى کیشوەرى ئەفریقا دوو حاڵەتى توشبوون بە ئاوڵەی مەیمون تۆمارکراون، یەکێکیان لە سوید و ئەوى دیکەیان لە پاکستان بوو، رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، یەکەم حاڵەتى تۆمارکراوى ئاوڵەى مەیمون کە گوازرابێتەوە بۆ مرۆڤ لە ساڵی 1970ـدا بووە.
عەرەب
کارگەکانى بەرهەمهێنانى چوکلێت و چپس لە CIA نهێنیتر کاردەکەن
لەنێو دانیشتووانى ویلایەتى ڤێرجینیای ئەمریکادا نوکتەیەک بڵاوە کە دەڵێت، نهێنیترین رێکخراوى دونیا دەزگا هەواڵگرییەکان نین، بەڵکو کارگەکانى بەرهەمهێنانى چوکلێت و چپس و خواردنى سەگ و پشیلەن.
لە یەکێک لە گەڕەکە بەناوبانگەکانى واشنتندا، دەزگاى هەواڵگریی ئەمریکا، سی ئای ئەى، تابلۆى خۆی بەئاشکرا هەڵواسیوە، کەچى هەر لەو گەڕەکە دوو کارگەى بەرهەمهێنانى چوکلێت و چپس هەن تابلۆیان هەڵنەواسیوە و دوو بنەماڵەى سەرمایەدارى ئەمریکا خاوەندارێتیان دەکەن.
چاوەڕێدەکرێت لە ساڵی 2024ـدا کۆمپانیاى مارس بۆ بەرهەمهێنانی چوکلێت بایی 50 ملیار دۆلار بفرۆشێت، چاوەڕێش دەکرێت لە ساڵی 2025ـدا بەشێکى زۆری بازاڕەکانى جیهان بۆ خۆیان قۆرغبکەن.
ئەوەى جێى باسی میدیاکارانى ئەمریکایە، نهێنیی کارى کۆمپانیاکان و چۆنیەتیى ئامادەکردنی بەرهەمەکانى ئەو کۆمپانیانەیە کە لە ساڵی 1969ـەوە تائێستا پاراستوویانە. بەهەمان شێوەش کیلانۆڤا کە لە بوارى خواردنە ئامادەکراوە سوکەکان و چپسدا کاردەکات، کارەکانى خۆی بەنهێنى هێشتووەتەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
مەردوم سالاری
نرخی دۆلار لە ئێران بەرەو دابەزین چووە
نرخی دۆلار لە کاردانەوەی رووداوی کوژرانی ئیسماعیل هەنیە گەیشتبووە سەروو 61 هەزار تمەن، ئێستا دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە 57 هەزار و 500 تمەن.
هەفتەکانی رابردوو لەژێر کاریگەریی ئەم هەواڵەدا، بازاڕی زێڕ و دراوی بیانی لە تاران هەڵاوسانی توندی بەخۆیەوە بینی، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و گەڕانەوەی سەقامگیری سیاسی و کەمبوونەوەی هەڕەشە و ئاڵۆزییەکان، ئەم هەڵکشانە کۆتایی هات و نرخی دۆلار بەرەو دابەزین چووە.
هەمدلی
تا ئێستا ئاوڵەی مەیمون لە ئێران نەبینراوە
جێگری ناوەندی بەڕێوەبردنی نەخۆشییە گوازراوەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی ئاوڵەی مەیمون لە ئێران دەستنیشان نەکراوە، بەڵام لە پاکستانی دراوسێی ئێران ئەم نەخۆشییە بینراوە.
ئاوڵەی مەیمون نەخۆشییەکی پێستە و نیشانەکانی وەک تا و ئازاری جەستە و پەڵەی سووری هەیە، سەرەتا لەسەر دەموچاو و دواتر لەسەر جەستە دەردەکەون.
ئەم نەخۆشیە لە رێی بەرکەوتنی پێستەوە دەگوازرێتەوە و لە ئێستادا هیچ چارەسەرێکی نییە، بەڵام رێژەی مردنی زۆر کەمە.
پێشتر یەک حاڵەتی تووشبوون بەم نەخۆشییە لە ئێران تۆمار کراوە، کە دوو ساڵ لەمەوبەر بووە.
ئەبراری ئیقتسادی
شەش شاری ئێران لە لیستی گەرمترین شارەکانی جیهاندان
بە گوێرەی داتا نێودەوڵەتییەکان، ئێستا شەش شاری ئێران وەک تەبەس، ئومیدیە و دزفول لە گەرمترین شارەکانی جیهاندان.
لەو شارانە بەکارهێنانی کارەبا بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی %9 زیاتر بووە و ئاستەنگی زۆر بۆ دابینکردنی کارەبا دروستبووە.
هەروەها شارەکانی عێراقیش وەک بەسرە و ناسریە لە لیستی گەرمترین شارەکانی جیهاندا جێیان گرتووە.
شەپۆلی گەرمای توند بەتایبەتی لە شەودا، فشارێکی زۆر دەخاتە سەر تۆڕەکانی ئاو و کارەبا و بووەتە هۆی زیادبوونی سەردان بۆ نەخۆشخانەکان.
کەیهان
دوو ملیون و 800 هەزار کەس ئەندامی کتێبخانە گشتییەکانن
سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی کتێبخانە گشتییەکانی ئێران رایگەیاند، رێژەی ئەندامێتی خەڵک لە کتێبخانە گشتییەکان گەیشتووەتە دوو میلیۆن و 800 هەزار کەس، زیاتر لە 50 ملیۆن کتێب، لە دوو هەزار و 779 کتێبخانەی سەرتاسەری ئێراندا بەردەستە.
مەهدی رەمەزانی هەروەها زیادکردنی ژمارەی کتێبخانە گەڕۆکەکانی بۆ 55 و هۆڵەکانی خوێندنی بۆ 137 هۆڵ راگەیاند.
گوتیشی کێشەی باج و بیمەی خاوەنی کتێبخانەکان چارەسەر کراوە، بەڵام هەوڵ هەیە بژێویان باشتر بکرێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
ئۆرشەلیم پۆست
فشار لەسەر حەماس هەیە بۆ ئاگربەست
ئەمڕۆ بلینکن دەگاتەوە ناوچەکە و دوا قۆناغی گفتوگۆکانی ئاگربەست رۆژی چوارشەممەی داهاتوو لە قاهیرە دەبێت. قەتەر داوا لە ئێران دەکات واز لە تۆڵەسەندنەوە بهێنێت.
فشار خراوەتە سەر حەماس پرۆژەکەی ئەمریکا پەسەند بکات، کە ناوی نراوە(پرۆژەی پرد) بۆ ئاڵوگۆڕپێکردنی بارمتەکانی شەڕی غەزە.
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بگاتە ئیسرائیل بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ گفتوگۆکەی قاهیرە.
ئەمریکا ئومێد دەخوازێت دوایین قۆناغەکانی گفتوگۆ بێت. قەتەر و میسر ناوەندگیری دەکەن، بۆیە هەریەکە لە ئیسرائیل و ئەمریکا ئومێدیان هەیە بتوانن لەگەڵ حەماسدا بگەن بە رێکەوتنێک.
دەیلی مەیل
پۆلیس وێنەی 500 ملیۆن شۆفێر و ئۆتۆمبێلی سکۆتلەندای بە نهێنی گرتووە
پۆلیس نزیکەی نیوملیار وێنەی شۆفێر و ئۆتۆمبێلەکانی ناوچەی سکۆتلەندەی لەلایە، کە بە ژمارەیەک تۆڕی کامێرای نهێنی تۆمارکراون.
ئەم کامێرایانە بە سیستمی (ناسینەوەی ئۆتۆماتیکیی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان) کاردەکەن، لە چەندین شوێنی سکۆتلەندا دانراون، بەڵام پۆلیس نایەوێت شوێنەکانیان ئاشکرا بکات. مەبەستی دانانی ئەو کامێرایانە بۆ رێگریکردن بوو لە ئەنجامدانی تاوان و تیرۆر، بۆیە خستنەکاریان وایکردووە ژمارەیەکی بێ مانا وێنە لەلای پۆلیس کۆببێتەوە. شۆفێر هەیە 150 وێنەی خۆی و ئۆتۆمبێلەکەی گیراوە، بەبێ ئەوەی تاوانێکی ئەنجامدابێت.
دەیلی تەلەگراف
ئۆکراین دەیەوێت رێی پێبدرێت موشەکی شادۆی بەریتانی لە خاکی رووسیا بەکاربهێنێت
ئۆکراین داوایەکی بەپەلەی ئاڕاستەی سێر کیەر ستامەر کردووە رێگەی بدات موشەکی (ستۆرم شادۆ) بۆ لێدانی رووسیا بەکاربهێنن، کە بەریتانیا پێی بەخشیوون.
ئۆکراین لە داواکەیدا دەڵێت، ئەو موشەکانە دەتوانن ئاراستەی شەڕەکە بگۆڕن.
ئۆکراین ئەو موشەکە دوورمەودایانە بەکاردەهێنێت بۆ لێدانی ناوەندە سەرەکییەکان لە بنکەی هێزەئاسمانییەکانی روسیا. میخائیلۆ پۆدۆلیاک گەورە راوێژکاری زێلینسکی بە رۆژنامەی دەیلی تەلەگرافی گوتووە، ئەگەر بەریتانیا هەندێک لە مەرجەکانی خۆی بۆ بەکارهێنانی ئەو موشەکانە کەم بکاتەوە، ئەوا ئۆکراین دەتوانێت سودیان لێ ببینێت.
سەندەی تایمز
دیلە روسەکان هاواریان دەکرد: تەقەمان لێ مەکەن بە زۆر کراوین بە سەرباز
لە کاتی داگیرکردنی بنکەکانیاندا، لەلایەن سوپای ئۆکراینەوە، چەندان سەربازی بەدیلگیردراوی روسی بە ترس و شپرزەییەوە هاواریان دەکرد، تەقەمان لێ مەکەن، ئێمە بەزۆر کراوین بە سەرباز، فەرماندەکانمان هەڵاتوون و گەڕاونەتەوە بۆ کرەملن.
فیۆدۆر سماکیلۆ خوێندکارێکی کۆلیژی ئەندازیاریی تەلارسازییە و تەمەنی 22 ساڵە، لە کۆلیژەکەیەوە براوە بۆ خزمەتی سەربازی و پێیگوتراوە ماوەیەکی کەم مەشقی هاوینەت پێدەکرێت، نەیزانیوە پاش مەشقەکە راستەوخۆ دەیبەن بۆ خزمەتی سەربازی لە مەیدانی شەڕ لە بەرەی رۆژئاوای جەنگ، یەکێک بوو لە بەدیلگیراوەکان، زۆری نەمابوو بکوژرێت.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
کچێکی خەڵکی ئیزمیر بەهۆی رەخنەگرتن لە ئەردۆغان دەستگیرکرا
دیلروبا قەیسەریئۆغڵو کچێکی خەڵکی ئیزمیرە، چەند رۆژێک پێش ئێستا لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەنووسیدا رەخنەى لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گرت بەوەى بە میزاجی خۆی ئیستاگرام رادەگرێت و گوێ بە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی نادات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەهۆی گڕگرتنی دارستانەکانى ئیزمیرەوە قسەیان بە مستەفا کەمال ئەتاتورک گوتووە، قسەیان بە خەڵکی ئیزمیر گوتووە، هیچ کەس رووبەڕووی یاسا نەکراونەتەوە، کەچی دیلروبا لەسەر رەخنەکانى دەستەجێ دەستگیرکرا.
قەرار
400 باڵەخانە لە ئیستەنبوڵ لە ئانوساتدایە بڕووخێن
لە 25 ساڵى رابردوودا، بێپلانی لە دروستکردنى باڵەخانەکانی ئیستەنبوڵ هەبووە، لەئێستادا پسپۆڕانی بیناسازی هۆشداری دەدەن لەوەى دەستبەجێ 600 باڵەخانەى بچووک چۆڵ بکرێن و 150 هەزار لەو ژمارەیەش سەرلەنوێ دروست بکرێنەوە.
دکتۆر ئیحسان قەرەگۆز، ئەندازیاری تەلارسازی گوتوویەتی، 25 ساڵە لایەنی پەیوەندیدار هیچ شتێکی نەکردووە بۆ ئەو بینایانەى لە ئیستەنبوڵ مەترسیی رووخانیان لەسەرە، دەبێت حکومەت بەدەم بانگەوازى ئەکرەم ئیمامئۆغڵوە بچێت کە داوای کردووە دەستبەجێ پرۆژەى سەرلەنوێ دروستکردنەوەى باڵەخانەکان دەستپێبکەن.
یەنیچاغ
هێندەى 14 هەزار یاریگای تۆپی پێ دارستان لە تورکیا سووتاوە
بەهۆی کەوتنەوەى ئاگر لە شەش شارۆچکەى تورکیا، 10 هەزار و 290 هێکتار دارستان سوتاوون. دەیان ماڵ، پارک، باخچە، کێڵگە، ئاژەڵی ماڵی و کێوى لەنێوچوون.
چەند رۆژێکە ئاگر لە دارستانەکانى بۆڵو، مەنیسا، ئایدن، کەرەبوک و موغڵە کەوتووەتەوە، 16 ماڵ بەتەواوی سووتاون، 87 ماڵ و 45 شوێنی کار و چەندین لەوەڕگاى ئاژەڵ چۆڵکراون.
لە ماوەى دوو رۆژدا، فڕۆکە ئاگرکوژێنەرەوەکان 583 کاتژمێر فڕیون بۆ ئەوەی ئاگری دارستانەکان بکوژێننەوە، حەوت هەزار و 662 تۆن ئاویان بەکارهێناوە.
بیرگون
ئەردۆغان زیاتر لە یەک ملیار لیرەی خەزێنەی دەوڵەتی بۆ پاسەوانانی خۆی و ماڵەکەی خەرجکردووە
رۆژ لە دوای رۆژ خەرجییەکانی پاسەوانانی سەرۆککۆماری تورکیا زیاتر دەبن، لەکاتێکدا قەیرانی ئابووری لە وڵاتەکەدا تادێت زیاتر لێکەوتەى لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دەبێت.
بەگوێرەى داتاکان، ئەردۆغان بڕی یەک ملیار و 100 ملیۆن لیرەی لە خەزێنەى دەوڵەت بۆ پاسەوانانی خۆی و ماڵەکەی خەرجکردووە، ئەم خەرجییەش دەکاتە مووچەی 90 هەزار خانەنشین لە تورکیا.