زووم…
فەرمانبەرێکی مەرزی پشتە لە ناحیەی بەمۆی پارێزگای هەڵەبجە 250 ملیۆن دیناری مەرزەکەی بردووە و هەڵاتووە.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی مەیدان بە زوومی گەرمیانی راگەیاند، “فەرمانبەرەکە ماوەی 15 ساڵە لە مەرزەکەدا کار دەکات، 250 ملیۆن دیناری لە داهات و باجی مەرزەکە بردووە و هەڵاتووە.”
ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت: هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش لە لێکۆڵینەوەدان و هەوڵی دەستگیرکردنی فەرمانبەرەکە دەدەن، بەڵام تا ئێستا دەستگیرنەکراوە.
زوومی گەرمیان بۆ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە پەیوەندیی بە بەرپرسانی مەرزەکەوە کرد، ئەوان هەواڵەکە رەتناکەنەوە، بەڵام ئامادەنین لێدوانی فەرمی بدەن.
سمکۆ سالار، بەڕێوەبەری ناحیەی بەمۆ رووداوەکەی بۆ زووم پشتڕاستکردەوە، بەڵام رایگەیاند، نزیکەی ساڵیکە ئەوان سەرپەرشتی مەرزی پشتە ناکەن و لەلایەن دەروازەی پەروێزخانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
مەزری پشتە دەکەوێتە سنوری گەرمیان و پارێزگای هەڵەبجە لە ناحیەی بەمۆ، لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای هەڵەبجەیە، بەڵام بەشێک لە فەرمانگەکانی سەر بە ئیدارەی گەرمیانن.