زووم..
بەرگریی شارستانیی سۆران رایگەیاند، ورچە کوژراوەکەی باڵەکایەتی براوەتە باخچەی ئاژەڵانی هەولێر و مۆمیا دەکرێت.
کاروان میراودەلی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران لەو بارەیەوە لە رایگەیەندراوێکدا دەڵێت، ورچەکە لە بەرزاییەکانی باڵەکایەتی لە قەزای چۆمان هێندراوەتە خوارەوە و براوەتە هەولێر.
دەشلێت، تیمەکانیان دوای ماندووبوونێکی زۆر توانیان سێ کیلۆمەتر بە پیادە ورچەکە بهێننە خوارەوە، دواتر بە ئۆتۆمبێل گوازراوەتەوە بۆ بەرێوەبەرایەتییەکەیان.
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، بەهۆی نەبوونی ساردکەرەوەی تایبەت بە ئاژەڵان، گوازراوەتەوە بۆ باخچەی ئاژەڵان لە هەولێر، لەوێ لە نێو ساردەکەرەوەی تایبەت هەڵدەگیرێت، تا کاری مۆمیاکردنەکەی بۆ ئەنجام دەدرێت.
هەر سەبارەت بە رووداوی کوشتنی ئەم ورچە، هەژار ماهیر بەرێوەبەری ژینگەی سۆران بە زوومی گوت، لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی ئەوەن ئەو کەسە بدۆزنەوە بەڵام رەنگە ئەوە کارێکی قورس بێت.