زووم، ژینەر ستار:
یاریدەدەرێکی سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، بۆ زوومی ئاشکراکرد، لە کۆی ئەو 104 خوێندکارەی دەستگیرکرابوون، تاوەکو ئێستا 102 خوێندکاریان ئازادکراون، تەنها دووانیان لە ئاسایشی سلێمانی ماونەتەوە.
پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران، گوتیشی “بەڵێنیان پێداوین سبەی پێنجشەممە ئەو دوو خوێندکارەش ئازادبکرێن”.
ئەو 104 خوێندکارەی زانکۆکانی سلێمانی و پۆلیتەکنیک لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە دەستگیرکرابوون، پاشئەوەی بەنیازبوون دەست بە خۆپیشاندان بکەنەوە بۆ داواکردنی دەرماڵە و کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی پاراڵێڵ.
بەڵێنیان پێداوین سبەی پێنجشەممە دوو خوێندکارەکەی دیکە ئازادبکرێن
خۆپیشاندانی هەفتەی پێشووی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی لە بەردەم کەمپی نوێی زانکۆکەدا، گرژیی تێکەوتبوو، خوێندکاران و هێزە ئەمنییەکان روبەڕوی یەکدی دەبوونەوە. خوێندکاران بەردیان دەهاویشت و هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ و فیشەکی پلاستیکی بڵاوەیان پێدەکردن.
ئاڵۆزبوونی خۆپیشاندانەکان، سەرۆکایەتیی زانکۆی ناچارکرد دەوامی خوێندن بۆ ماوەی سێ رۆژ رابگرێت، پاش دەستپێکردنەوەی دەوامیش لە رۆژی یەکشەممەدا هێزی ئەمنی لە نزیک کەمپی نوێی زانکۆ جێگیرکرا و “رێگەیان بە خوێندکاران نەدا دەست بە خۆپیشاندان بکەنەوە”.
پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، دەڵێت “بڕیاری دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندن، بەگوێرەی رێنمایی ئەنجومەنی زانکۆ بووە، بۆیە پێویستە خوێندکاران پابەند بن.. هەر خوێندکارێکیش نەچێتە هۆڵەکانی خوێندنەوە، ناچاردەبن غایبیان بدەن”.
هەر خوێندکارێک نەچێتە هۆڵەکانی خوێندنەوە، غیاب دەدرێت
پاش تێپەڕبوونی سێ رۆژ بەسەر دەستگیرکردنی خوێندکارانی ناڕازیدا، هێشتا دوو خوێندکار لە ئاسایشی سلێمانی دەستبەسەرن، پێشڕەو حەمەجان دەڵێت، بەڵێندراوە سبەی ئەوانیش ئازادبکرێن.
لوقمان سدیق، باوکی یەکێک لەو خوێندکارانەیە، کە هێشتا لە ئاسایشی سلێمانی دەستبەسەرە، ئەو بە زوومی گوت، “لەوەندی کوڕم لە کاتژمێر هەشتی سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممەوە دەستگیرکراوە، تاوەکو ئێستا رێگەیان نەداوە چاوم پێی بکەوێت”.
باوکی لەوەند لە رۆژی دووشەممەوە کورەکەی دەستگیرکراوە و چاوی پێ نەکەوتووە
باوکی خوێندکارەکە، گوتیشی “پاش ئاسایشی سلێمانی سەردانی سەرۆکی زانکۆی سلێمانیم کرد و لەوێ پیێانگوتم ئەمڕۆ دەوام کۆتاییهاتووە، سبەی کوڕەکەت ئازاد دەکرێت”.