رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقولئەوسەت
گۆڕی چەند نهۆمی لە غەزە لە پەرەسەندایە
لە گۆڕستانى دێربەلح ژمارەیەک خەڵکى خۆبەخش کاریان بووە بە ناشتنى تەرمی ئەو کەسانەى لە جەنگى غەزە و لە ئەنجامى هێرشى ئیسرائیلدا دەکوژرێن.
سەعدى حەسەن بەرەکە سەرپەرشتى تیمێکى 12 کەسى دەکات و دەڵێت، رۆژانە لە کاتژمێر شەشى بەیانى تا شەشى ئێوارە بەبێ راوەستان کاردەکەین، جاران لە هەفتەیەکدا مردووەکان نەدەگەشتنە پێنج کەس، هەر زۆر بڕۆشتایە رۆژانە یەکێک یان دوو کەسمان دەناشت، بەڵام لە ئێستادا رۆژى واهەیە 200 کەس لەم گۆڕستانە دەنێژرێت.
بەگوێرەى گوتەکانى سەعدی گۆڕستانى پێشوو پڕبووەتەوە ئێستا گۆڕستانێکى دیکەیان دروستکردووە روبەرەکەى پێنج هێکتار و نیوە، دەشڵێت ناچارین گۆڕەکانمان کردووەتە سێ نهۆم، لەبەر ئەوەى هەم جێگە نابێتەوە هەم فریاناکەوین.
سەعدی دەڵێت، شەوانە خەومان لێناکەوێت لەبەر ئەو هەموو کارەساتەى رۆژانە دەیانبینین، لە بنەماڵەى تەباتەبایی تا ئێستا 46 ئافرەتمان ناشتووە 16یان دووگیان بوون.
بەگوێرەى ئامارەکانى بزوتنەوەى حەماس، ژمارەی کوژراوەکان 40 هەزار کەسیان تێپەڕاند.
عەرەب
چۆن خۆمان لە کێشەکانى زیرەکی دەستکرد بپارێزین
لەگەڵ بەرەو پێشەوە چوونى زیرەکی دەستکرد و دەستکەوتەکانى مەترسییەکانیشى زیاتر دەبن، بۆ ئەوەى پارێزگارى لە تایبەتمەندییەکانى خۆمان بکەین و لە شەڕی ئەم پێشکەوتنە بێوێنە و مەترسیدارە بپارێزین.
دامەزراوەى راندی ئەمریکی کە تایبەتمەندی بوارى لێکۆڵینەوەى ستراتیژیی و گەشەپێدانە بڵاویکردووەتەوە زیرەکى دەستکرد بە هەموو باشى و خراپییەکانەوە لە ماوەیەکى کورتدا دەست بەسەر کۆمەڵگەدا دەگرێت، بۆ ئەوەى خەڵک خۆی لە کاریگەرییە خراپەکانى بەدووربگرێت، گەورەترین کێشەى زیرەکى دەستکرد لە داخڵکردنى داتا و زانیارییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە دەبێت لەکاتى پێدانى داتا و زانیارییدا تاوەکوو ئەوپەڕی توانا وردەکاریی ئەنجام بدرێت، یەکێکى دیکە لە کێشەکان نەبوونى هەست و سۆزی مرؤڤانەیە لە بەکارهێنانى زیرەکى دەستکرد دا، بەتایبەتى لە بوارى تەندورستى و چارەسەرى نەخۆشدا، کە لە داهاتوودا زیرەکى دەستکرد رۆڵی سەرەکى دەگێڕێت، بوارێکی دیکە بابەتەکانى ژماردن و کێشە داراییەکانە کە ئەگەر یەکێک بەتەواوى شارەزا نەبێت و نەزانێت چۆن مامەڵەى لەگەڵ دەکات کێشەى گەورەى دارایی بۆ دێتە پێشەوە، مەترسییەکى دیکەى زیرەکى دەستکرد بابەتە یاساییەکانن کە لە بەشێکى زۆری یاساکاندا بریار بەجێدەهێڵرێت بۆ دادوەر و تێڕوانینى تایبەتى بۆ کێشەکان کە هەندێکجار نەرمى تێدا دەنوێنرێت و هەندێک جاریش کۆتا سزا دیاریدەکرێت، هەر بۆیە ئەو دامەزراوە ئەمریکییە ئاماژەى بەوەکردووە کە لە داهاتوودا زیرەکی دەستکرد کێشەى کۆمەڵایەتى زۆر لەگەڵ خۆی دێنێتە پێشەوە.
مەدا
فرۆشتنى جەستە بووەتە خۆرەى گیانى عێراقیەکان
پارێزگاری بابل رایگەیاند، ژنێکیان دەستگیرکردووە، کە سەرقاڵی فرۆشتنى کچەکەى بوو بە باندێکى بارزگانیى مرۆڤ بە بری دوو هەزار و 300 دۆلار، دایکەکە خوشکێکیشی لەگەڵدا دەستگیرکراوە.
شارەزایانی عێراقى دەڵێن، ئەمە ئاماژەیەکى مەترسیدارە رووى لە عێراق کردووە.
بەگوێرەى لایەنە ئەمنییەکانى عێراق کێشەى فرۆشتنى جەستە لە عێراق زۆر زیادیکردووە، گورچیلەیەک 48 ملیۆن دینارى عێراقى دەکات و ئەوەش وایکردووە بەشێک لە خەڵکى هەژار و دەستکورت و ئەوانەى جۆرێک لە کێشەى ژیریی و تێگەشتنیان هەیە پەناى بۆ ببەن.
بەگوێرەى یاساى عێراق هەرکەس بازرگانى بە جەستەى مرۆڤەوە بکات، لانى کەم 15 ساڵ زیندانى دەکرێت، جگە لە سزاى دارایی کە بەگوێرەى تاوانەکەى دادوەر دیاریدەکات.
بەگوێرەى راپۆرتى وەزارەتى ناوخۆی عێراق لە ساڵی 2023 دا رێژەکە زۆر کەمی کردووە لە کاتێکدا هەر لەو ساڵەدا 446 کەس تاوەکو مانگى تشرینى یەکەم بەو تاوانە دەستگیرکرابوون.
عەرەبی جەدید
گەندەڵى هەناوى سوپاى سوریاى خواردووە
سەرچاوەیەکى ئەمنى رایگەیاندووە، بەرپرسانى سەربازی و ئەمنى سوریا لەبەرامبەر پێدانى پارەدا داواکراوان و تاوانباران دەبەنە دەرەوەى وڵات و لە دەستى یاسا دەربازیان دەکەن، هەربۆیە تائێستا ژمارەیەکى زۆریان بە تاوانى گەندەڵى دەستگیرکراون.
رۆژنامەکە ئاماژەى بە چەندین کەسایەتى و پۆستى باڵاى ئەمنى لەو بوارەدا کردووە، کە دەستگیرکراون.
رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە کۆشکى کۆمارى و سەرۆکایەتیى ئەنجومەنى وەزیران ئاگاداری ئەو دۆخەن و خوازیارى ئەوەن بە زوویی کۆتایی بەو دۆخە بهێنرێت.
رۆژنامەکە ئاماژەى بە دۆسیەیەک کردووە لەو بوارەدا و بڵاویکردوەتەوە داواکراوێک لەم رۆژانەدا بە پێدانى بڕی 50 هەزار دۆلار براوەتە دەرەوەى سوریا و سەرجەم رێکارەکانى چوونە دەرەوەى لەلایەن گەورە بەرپرسێکى ئەمنیى وڵاتەکەوە بۆکراوە.
رۆژنامە فارسییەکان
ئارمانی ئیمروز
پەرلەمانى ئێران لێکۆڵینەوە لە کابینەی پزشکیان دەکات
پەرلەمانی ئێران دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لەو وەزیرانەی مەسعود پزشکیان پێشنیازی کردووە.
سەرۆککۆمار و وەزیرە پێشنیازکراوەکان بەرگری لە خۆیان و بەرنامەکانیان دەکەن و ئەندامانی پەرلەمان بۆچوونەکانیان لەسەر ئەو وەزیرانە دەخەنە روو.
پێشبینی دەکرێت زۆرینەی وەزیرە پێشنیازکراوەکان پشتیوانی نوێنەران بەدەستبهێنن و رەنگە تەنها چەند وەزارەتێک تووشی ئاستەنگ ببنەوە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی متمانەی پەرلەمان.
تاوەکو ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە حکومەتی نوێ پێکدەهێنرێت و ئەو وەزارەتانەی کە وەزیرەکانیان دەنگی متمانە وەرناگرن سەرپەرشتیان بۆ دیاریدەکرێت.
ئەسکەناس
نیوەی داواکاریی جووتیارانی گەنم جێبەجێ نەکراوە
کڕینی گەنم لە لایەن حکومەتەوە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 19% زیادی کردووە و گەیشتووەتە 11 ملیۆن تۆن، بەڵام تەنها 45%ـی داواکاریی جووتیاران دراوە و هێشتا قەرزێکی زۆریان لای حکومەتە و ئەم دواکەوتنانە نیگەرانی بۆ دەستپێکردنی وەرزی چاندن دروستکردووە.
جووتیاران چاوەڕێی وەرگرتنی پارەکانیان دەکەن بەهۆی پێویستی بە پارە بۆ کڕینی کەرەستەی کشتوکاڵی.
عەتاوڵا هاشمی، سەرۆکی دامەزراوەی نیشتمانیی گەنمچێنەران رایگەیاند، کەمتر لە ملیارێک دۆلار بە جووتیاران دراوە و زیاتر لە ملیارێک دۆلارێش هێشتا لای حکومەت ماوەتەوە.
بەگوێرەی یاسا، حکومەت پێویستە لە ماوەی 24 کاتژمێردا پارەی جووتیاران بدات.
ئەفکار
ژێرخانەکانی ئێران مەترسیی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە
سەحەر تاجبەخش، سەرۆکی رێکخراوی کەشناسیی ئێران رایگەیاند، زۆرێک لە پرد و رێگەوبانەکان توانای خۆڕاگریی پێویستیان نییە و رەنگە بە ئاسانی وێران ببن.
لە ئێستادا ئێران خۆی ئامادەنەکردووە بۆ بەرگەگرتنی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، بەڵام وڵاتانی پێشکەوتوو خۆیان لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە گونجاندووە و ئامادەکارییان بۆ هەموو ئەگەرێک کردووە.
تاجبەخش ئاماژەی به کێشەکانی لافاو له چەند ساڵی رابردوو لە ئێراندا کرد و رۆڵی گۆڕانی کەشوهەوای وەبیرهێنایەوە، کە پێویستە لە پلانی دروستکردنی شار و رێگاوباندا گرنگی بە گۆڕانی کەشوهەوا بدرێت.
کەیهان
سەرکردەکانی بەرەی مقاومە جەخت لە تۆڵەسەندنەوە دەکەنەوە
لەگەڵ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران و گرووپەکانی وەک حزبوڵای لوبنان و ئەنساروڵای یەمەن خۆیان بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل ئامادە دەکەن.
شێخ نەعیم قاسم، جێگری سکرتێری گشتیی حزبوڵای لوبنان بڕیاری وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیلی راگەیاند و جەختی لەوە کردەوە ئەم وەڵامدانەوەیە بەمزووانە دەبێت.
هاوکات عەبدولمەلیک ئەلحوسی، رێبەری ئەنساروڵای یەمەن، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پێویستی وەڵامدانەوەی تاوانەکانی ئیسرائیل گوتی، هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ رێگریکردن لە وەڵامەکەمان بێهودە دەبێت.
ئێران رایانگەیاندووە، تیرۆری هەنیە بێوەڵام نابێت و ئەمانە ئاماژەن بۆ دۆخێکی مەترسیدار و ناسەقامگیر لە ناوچەکە.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
لە تورکیا باج لەسەر شەقام و پردەکان زیاد کرا
حکومەتى تورکیا وەک باران باج بەسەر هاووڵاتیان دەبارێنێت. لە مانگی رابردوودا لەپاش زیادکردنی نرخی کارەبا، غازی ماڵان بە رێژەى 38%، لەئێستادا نرخی شەقام و پردەکانیش زیاد کرا.
لە ساڵی نوێوە 288% نرخی پرد و شەقامەکان لەسەر هاووڵاتیان زیادکراوە. لەئێستادا ئاماژەکان ئەوە نیشاندەدات رێژەى هەڵاوسان بەرزە، بەڵام دەزگای ئاماری تورکیا بە پێچەوانەوە بەردەوام دەڵێت، هەڵاوسان دابەزیوە!
یەنی شەفەق
600 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە ئیستەنبوڵ دەڕوخێنرێت
موراد قوروم، وەزیری گۆڕانی کەشوهەواو شارستانیی و ژینگەى تورکیا رایگەیاندووە لە 39 شارۆچکەى ئیستەنبوڵ مەترسی رووخان لەسەر یەک لەسەر پێنجی بیناکان هەیە، بەمەش یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس ژیانیان لە مەترسیدایە.
کوروم راشیگەیاندووە، لە هەنگاوى یەکەمدا حکومەت کار بۆ رووخاندنى 600 یەکەى نیشتەجێبوون دەکات.
تورکیا
رێگریی لە دیاردەى کۆچکردن لە عێراقەوە دەکرێت
بەگوێرەى رێککەوتنە نوێیەکەی نێوان حکومەتی عیراق و تورکیا، ڤیزەى تورکیا بە خۆڕایی دەدرێتە هاووڵاتیانی هەڵگریی پاسپۆرتی عێراقی تەمەن سەروو 50 ساڵ و خوار 15 ساڵ، ئامانج لەو سیاسەتە نوێیەى ڤیزە بۆ رێگرییکردنە لە شەپۆلی کۆچکردن لە عێراقەوە بۆ تورکیا و بۆ وڵاتانی دیکە.
بەرپرسێکی حکومەت بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە، بەم سیاسەتە نوێیە و سنووردارکردنى پێدانی ڤیزە بە گوێرەى تەمەن، دەتوانین بەتەواوى رێگریی لە هاتنى پەنابەر و دیاردەی کۆچ بکەین.
ئایدنڵک
پارتی نیشتیمان نەخشەڕێگەیەکی 11 خاڵی بۆ پەیوەندییەکانى تورکیا و سوریا دەخاتەڕوو
دۆغو پێرینچێک، سەرۆکی گشتیی پارتی نیشتیمان رایگەیاند، مەرجەکانى ئاک پارتی بۆ کشانەوەى سوپای تورک لەنێو خاکی سوریا قبوڵکراو نییە، دەبێـت سوپای تورکیا لەوێ رووبەڕووی چەکدارەکانى پەکەکە و یەپەگە ببێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت هەماهەنگی لەنێوان حکومەتى ئەنقەرە و حکومەتى شام هەبێت.
تورکگون
لە ماوەى 10 مانگدا هەڵاوسان دادەبەزێت
محەمەد شیمشەک، وەزیری دارایی تورکیا رایگەیاند، لەماوەى 10 مانگدا بەشێوەیەکی خێرا رێژەى هەڵاوسان دادەبەزێنین.
شیمشەک راشیگەیاندووە، لە مانگی ئابدا رێژەى هەڵاوسان دابەزیوە و کار بۆ ئەوەش دەکەن بەشێوەیەکی بەردەوام رێژەى هەڵاوسان داببەزێنن تاوەکو 10 مانگی دیکە بگەنە ئەنجامێکی باش.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
ئیندپێندێنت
سەرەڕای زیادکردنی مووچە مانگرتنی شۆفێرانى هێڵە ئاسنینەکانی بەریتانیا زیاتر دەبێت
رێبوارانی بەریتانیا لە سێ مانگی داهاتوودا جارێکی دیکە رووبەڕووی قەیرانی هێڵەکانی گواستنەوەی شەمەندەفەر دەبنەوە، چونکە یەکێتی شۆفرێرەکانی ئەو کەرتە رایگەیاند بۆماوەی سێ مانگ و هەموو کۆتایی هەفتەیەک ماندەگرن و هێڵەکانیان کار پێناکەن.
ئەمەش دوای ئەوە دێت حکومەتی وڵاتەکە پێشنیارێکی زیادکردنی مووچەکانیانی بەڕێژەی لەسەدا ١٥ پێشکەش کردن.
بەشێکی دیکەی ناڕەزایەتییەکانی یەکێتییەکە پەیوەندیی هەیە بەوەی گوایە کۆمپانیای شەمەندەفەری وڵاتەکە پێشێلی گرێبەستەکانی کردووە پێشتر لەگەڵ شۆفێرەکاندا واژۆیان کردووە.
دەیلی تەلەگراف
دامەزراوەی داواکاری گشتیی تاجی بەریتانیا لەبارەی لوسی لێتبییەوە هەڵەى کرد
دامەزراوەی داواکاری گشتیی بەریتانیا لە راپۆرتێکدا دانی بەوەدا ناوە، لەبارەی دۆسیەى لوسی لێتبی، ئەو پەرستارەی دادگا بە تاوانبار ناساندی لەبارەی کوشتنی حەوت منداڵی تازە لەدایکبووەوە، بەهەڵەداچوون و بەڵگەیەکی گرنگ کە کاتی چوونە سەرکاریی کارمەندەکانی بەشی منداڵانی ئەو نەخۆشخانەیەی تاوانەکەی تێدا ئەنجامدراوە دەریخستووە، هەڵە بووە.
ساڵی رابردوو لێتبی بەتۆمەتی کوشتنی حەوت منداڵی تازەلەدایکبوو و هەوڵدان بۆ کوشتنی شەش منداڵی ساوای دیکە بە زیندانى هەتاهەتای سزادرا و هیچ لێبوردنێکیش نایگرێتەوە.
ساوس چاینە مۆرنینگ پۆست
تادێت داواکان بۆ زیادکردنی گەشتی فڕۆکەوانی لە چینەوە بۆ تورکیا زیاتر دەبن
کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی هۆنگ کۆنگی چین رایگەیاند، هۆنگ کۆنگ دەتوانێت رۆڵی خۆی بەهێزتر بکات وەک ناوەندێکی گرنگی جیهانی لەڕێی زیادکردنی گەشتەکانی بۆ وڵاتی تورکیا.
داواشیکرد هەردوو لایەن کەرتی بازرگانیی لەنێوانیاندا زیاتر بەرەوپێش ببەن وەک بەشێک لە هەوڵەکانی شی جینگی سەرۆکی وڵاتەکە بۆ بەئامانج گەیاندنی پرۆژەی رێگەی ئاوریشمی وڵاتەکە کە لەڕێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە رۆژهەڵاتی ئاسیا بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە.
عەرەب نیوز
نیگەرانی بەرامبەر سووتانى گوندێکى فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەکانەوە زیاتر دەبن
دوای ئەوەی زیاتر لە 100 کەسی چەکدار و دەمامکدار لە ئیسرائیلییە هاوردەکان هەڵیانکوتایە سەر کەرتی رۆژئاوای فەلەستین، کە لە ئێستادا شەڕی تێدا نییە، و گڕیان بەردایە گوندێک لە نزیک شاری نابلوس و تەقەیان بەسەر خەڵکی ناوچەکەدا کرد و ئاگریان لە ماڵ و ئۆتۆمبێلەکانیان بەردا، کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا و لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ئیدانەی ئەو کارە توندوتیژییە کرا، لە رووداوەکەدا سەرەڕای زیانە ماددییەکان پیاوێکی تەمەن 23 ساڵ کوژرا.