زووم..
وەزارەتی ناوخۆ جەختیکردەوە، بۆ رێگریکردن لە رووداوەکانی هاتوچۆ لە کاتی سەردانى زیارەتکاراندا هەموو هەنگاوێک دەگرنە بەر، ئەوەش دواى ئەو دوو رووداوە هاتوچۆیەى ئەمڕۆ لە دیالە و دیوانیە روویاندا و بەهۆیەوە زیاتر لە 70 سەردانکەری ئێرانی برینداربوون و شۆفێرێکی عێراقییش گیانى لەدەستدا.
بە گوێرەى راگەیەنراوەکە، ئەمڕۆ هەینی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، رێنمایی ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ کردووە، بۆ کارکردن بۆ بەکارهێنانی هەموو تواناکان بۆ رێگریکردن لە رووداوەکانی هاتوچۆ.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، محەمەد شیاع سودانی جەختی لە “ئاگاداری تەواوی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گشتی لە جێگیرکردنی رێنماییەکانى مەفرەزەکانی هاتوچۆ لەسەر هەموو ئەو رێگاوبانانەی، کە سەردانکەران بەکاریدەهێنن کردووەتەوە، هەروەها جەختى لە پرۆسەى چاودێریکردنیش لە رێگاى کامێرا و رادار لەسەر رێگاکانی دەرەوە کردووەتەوە.
لای خۆیەوە لێژنەی باڵای ئەمنی بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتى سەردانەکەی چلەى ئیمام حوسێن، داوای لە سەرجەم خاوەن ئۆتۆمبێلەکان کردووە لەکاتی لێخوڕیندا وریا بن و خێرایی دیاریکراو تێپەڕ نەکەن، هەروەها گرنگی بدەن بە رێنماییەکان و هاوکاری تەواوی دەزگا ئەمنییەکان بکەن بۆ ئەوەی لەم ماوەیەدا رووداوی هاتوچۆ ڕوونەدات.
بەیانى ئەمڕۆ رووداوێکی هاتوچۆ لە نێوان پاسێک، کە سەردانکەرانی ئێرانی هەڵگرتبوو، لەگەڵ تانکەرێکی گواستنەوەی نەوتی ڕەش روویدا، کە بەهۆیەوە 60 سەردانکەری ئێرانی و شۆفێرى پاسەکە گیانى لەدەستدا، هاوکات لە دیالەش رووداوێکی هاتوچۆ بووە روویدا، کە بەهۆى ئەو رووداوەشەوە 11 سەردانکەری ئێرانی برینداربوون.