زووم، سلێمانی:
دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق، بڕیاریدا بە پابەندکردنی حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کارکردن بە یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو، بەگوێرەى یاساکە کەمترین موچەى خانەنشینى 500 هەزار دینار دەبێت.
د. یوسف محەمەد، سەرۆکى پێشووى پەرلەمانى کوردستان، کە لە خولى رابردووشدا پەرلەمانتارى عێراق بوو، یەکێکە لەوانەى سکاڵاکەیان لە دادگاى باڵاى فیدراڵى لەبارەى دۆسێکە تۆمارکردبوو، ئەمڕۆش لە دانیشتنەکەى دادگا ئامادەبوون.
ئەو بە زوومى گوت، دادگاى فیدراڵى بڕیاریدا بە نادەستوریبوونی کارکردنی حکومەتى هەرێمى کوردستان بە یاسای خانەنشینی ژمارە 27ی ساڵی 2006ی هەڵوەشاوە. بەگوێرەى ئەم یاسایە کەمترین موچەى خانەنشینى 220 هەزار دینارە، تاوەکو ئێستا کار بەو یاسایە کراوە لە هەرێمى کوردستان.
دادگا بڕیاریدا بە پابەندکردنی حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کارکردن بە یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، ژمارە 9ى ساڵی 2014ى هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان
بەگوێرەى یاساکە کەمترین موچەی خانەنشینی لە 500 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات، رەچاوى چەند خاڵێکى دیکەش دەکرێت؛ لەوانە بڕوانامە سەرەڕای ساڵانی خزمەت، رێژەی گرانبوونی باری بژێوی لەسەر ئاستی عێراق، پێدانی 12 مانگ موچەی تەواو بە دەرماڵەوە وەک پاداشتی کۆتایی خزمەت بۆ ئەوانەی 25 ساڵ و زیاتر خزمەتیان هەیە، لەگەڵ هەندێک جیاوازى دیکە، کە لە هەرێمى کوردستان نییە.
بەگوێرەى مادەی (94)ی دەستوری عێراق، بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی یەکلایکەرەوەیە و دەبێت سەرجەم دەسەڵاتەکان پابەندبن بە جێبەجێکردنى.
دادگاى باڵاى فیدراڵى خۆشى رێکارى جێبەجێکردنى بڕیارەکانى داناوە، بەگوێرەى مادەی (36)ی پەیڕەوی ناوخۆی دادگاکە، لە ژمارە 1ی ساڵی 2022، جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی، لایەنى جێبەجێنەکار روبەڕوى لێپرسینەوەی سزایی دەکاتەوە.
سکاڵاکە دوو مانگە تۆمارکراوە، د. یوسف محەمەد دەڵێت، لەگەڵ ژمارەیەک لە خانەنشینانی هەرێم لە رێکخراوی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان و چەند یاساناسێکی دیکە رۆژى 8ى ئەیلول سکاڵاکەمان لە دادگاى فیدراڵى تۆمارکرد. دوا دانیشتنی دادبینیی سەبارەت بە سکاڵاکە بە ئامادەبونی نوێنەری خانەنشینانی داواکار و پارێزەرەکانیان لە 19ى تشرینى یەکەم و 8ى تشرینى دووەم بەڕێوەچوو، بەڵام نوێنەرى سکاڵالەسەرکراوان (مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان و ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایی هەرێمى کوردستان) ئامادەى دانیشتنەکە نەبوون.
ئەو دەڵێت، لە دانیشتنی دووەمدا پاش ئەوەی سکاڵایەکى دیکەمان بۆ رونکردنەوە لە رێگەی پارێزەرەکانەوە پێشکەشی دادگا کرد، دادبینی کۆتاییهات و لە لایەن سەرۆکی دادگاوە ئەمڕۆ، چوارشەممە بۆ بڕیاردان لەسەر دۆسییەکە دیاریکرا.
بەگوێرەى مادەی (37)ى خاڵى یەکەمى پەیڕەوى ناوخۆى دادگاى باڵاى فیدراڵى، بڕیارەکانی دادگاکە لە رۆژی دەرچوونیانەوە جێبەجێدەکرێن، واتە دەبێت لەمڕۆوە حکومەتى هەرێمى کوردستان موچەی سەرجەم خانەنشینان هاوتاى خانەنشینی یەکگرتووی بکات.
دەبێت لەمڕۆوە حکومەتى هەرێمى کوردستان موچەی سەرجەم خانەنشینان هاوتاى خانەنشینی یەکگرتووی بکات
سەبارەت بەو ساڵانەى حکومەتى هەرێم، واتە لە ساڵى 2014ەوە، کە کارى بە یاساکە نەکردووە، د. یوسف محەمەد، کە خۆى پسپۆرییەکەى یاسایی و دەستورییە دەڵێت، بۆ قەرەبووکردنەوەى ساڵانى پێشوو دەبێت سکاڵایەکى دیکە لە دادگاى باڵاى فیدراڵى تۆماربکرێت.
بڕیارەکە ئەمڕۆ لە زارى سکاڵاکارەکانەوە بڵاوکرایەوە، هێشتا دادگاکە خۆى بە فەرمى بڵاوی نەکردووەتەوە. حکومەتى هەرێمى کوردستانیش رونکردنەوەى لەبارەوە نەداوە، پابەندى دەبێت یان هۆکارى خۆى دەخاتەڕوو، هاوشێوەى ئەو بڕیارەى لەبارەى نادەستوریبوونى یاساى نەوت و غازى هەرێمى کوردستانەوە دادگاکە لە 15ى شوباتى ئەمساڵ دەریکرد.