رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
کوژانەوەى کارەبا حەوت پایتەختى وڵاتانى عەرەبی بە هیلاک بردووە
ئەو داتایانەى رۆژنامەى شەرقلئەوسەت لەزاری بەرپرسان و شارەزایانەوە وەریگرتووە، قەبارەى ئەو زیانانە رووندەکاتەوە، کە بەهۆی کوژانەوە و پچڕانى تەزووی کارەباوە، حەوت پارێزگای وڵاتانى عەرەبی تێیکەوتوون.
لە میسر سێ کاتژمێر کوژانەوەى کارەبا لە رۆژێکدا و لە لوبنان 10 کاتژمێر و عێراقیش پێنج کاتژمێری بە تێکڕا لە رۆژێکدا پێبڕاوە.
ئەمە وایکردووە لە میسر کارگەکانى بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ بوەستێت و لە لوبنانیش خێزانەکان گرفتاری گرانى نرخى کرێی مۆلیدەکانن.
ئەو گرفتە بۆ کوەیت و یەمەن و سوریا و لیبیاش درێژبووەتەوە.
قودسی عەرەبی
گەڕێکی دیکەی ئاگربەستى غەزە بەبێ حەماس بەڕێوەدەچێت
شەوى رابردوو لە دەوحەی پایتەختى قەتەر گەڕێکى دیکەى دانوستانەکانى ئاگربەستى غەزە، بەبێ بەشداریکردنى بزووتنەوەى حەماس و بە ئامادەبوونى سەرۆکى دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل و هاوتا ئەمریکی و میسرییەکە و سەرۆکوزیرانى قەتەر بەڕێوەچوو.
ئەو دانوستانە لەکاتێکدایە ژمارەى کوژراوانى کەرتى غەزە بەهۆی هێرش و بۆردومانەکانى سوپای ئیسرائیلەوە 40,000 کەسی لە 10 مانگى رابردووەوە تائێستا تێپەڕاندووە.
حەماس بە پاساوى درێژکردنەوەى ئەو جەنگە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەشداریی دانوستانەکەى نەکردووە، بەڵام بەرپرسێکی باڵا بە ئاژانسی رۆیتەرزى گوتووە، نێوەندگیران دوای کۆبوونەوەکە لەگەڵ شاندەکەى حەماس لە دەوحە گفتوگۆ دەکەن و دانوستانەکە ئەمڕۆ هەینیش بەردەوام دەبێت.
عەرەبی جەدید
ئاوڵەى مەیمون لە ئەفریقیا بڵاودەبێتەوە و تەندروستیی جیهانیش ئەوپەڕی حاڵەتى کتوپڕ رادەگەیەنێت
لە بەرزترین ئاستى هۆشداریی و ئاگادارکردنەوە، رێکخراوی تەندروستیی جیهان جارێکی دیکە و لەماوەى دوو ساڵدا مەترسیی بڵاوبوونەوە ڤایرۆسی ئاوڵەى مەیمون ناسراو بە ئێم بوکس رادەگەیەنێت.
هۆشداریی و راگەیاندنى کتوپڕی تەندروستیی جیهانی، وڵاتانى جیهانى دووچاری مەترسیی و دڵەڕاوکێ کردووە، ئەوە دوای ئەوەى ڤایرۆسەکە لە ئەفریقیا و لە وڵاتی کۆنگۆی دیموکرات بڵاوبووەوە.
تیدۆرۆس ئەندهانوم، بەڕێوەبەری تەندروستیى جیهانی دەڵێت، مەترسییەکە زۆر جدییە و ڤایرۆسە گۆڕاوەکە نوێیەکە لە رۆژهەڵاتى کۆنگۆی دیموکرات تۆمارکراوە و بەخێراییش بڵاودەبێتەوە.
عەرەب
رێککەوتنە ئەمنییەکان رەوایەتى دەداتە بوونى سەربازیی تورکیا لەسەر خاکی عێراق
ئەو رێککەوتنە ئەمنییەی بە واژۆی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوزیرانى عێراق لەگەڵ ئەنقەرە کراوە، بوونی سەربازیی تورکیا لەسەر خاکى عێراق دەکاتە یاسایی و رێگەشی پێدەدات.
دوایین هەنگاویش لەو چوارچێوەیەدا، رێککەوتنە لەسەر دامەزراندنى ناوەندێکى هەماهەنگی هاوبەشە لە بەغداد و ناوەندێکى دیکەى راهێنان و هاوکاریی لە بەعشیقە، بە ئامانجی بەگژاچوونەوەی تیرۆر.
ئەم راگەیاندنەش دوێنی و لەڕێى کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیی لەنێوان هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەى تورکیا و فواد حسێنن وەزیری دەرەوەی عێراق، دوای کۆبوونەوەی چوارەم لە سەر ئاستى ئەمنیی باڵا لەنێوان هەردوو ووڵات بەڕێوەچوو.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
پارتی کرێکاران پێشنیازی زیادکردنى کرێ بۆ شۆفێڕی شەمەندەفەرەکان دەکات
دوو ساڵ بەسەر مانگرتن و ئاژاوەی نێو شۆفێرانی هێڵی ئاسنینی بەریتانیادا تێپەڕدەبێت، پێشنیازیان بۆکراوە لە ماوەی سێ ساڵدا مووچەکانیان بەرێژەی 15% بۆ بەرزبکەنەوە، بەبێ ئەوەی دەستکاریی شێوازی کارکردنی خۆیان بکەن.
دوو ساڵ بەسەر دەستپێکردنی ئەو مانگرتنانەدا تێپەڕدەبێت، کە کارکردنی شەمەندەفەرەکانی پەکخست، بەڵام پێدەچێت بەمزووانە کۆتاییشی پێبێت، چونکە حکومەت پێشنیازی کردووە وەک وەڵامدانەوە بە داواکاریی مانگرتووەکان مووچەکەیان بەڕێژەی 15% بەرزبکاتەوە.
ئۆرشەلیم پۆست
ئەمریکا دەڵێت رەنگە چەند رۆژێکی دیکە ئێران بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل
جۆن کێربیی، راوێژکاری پەیوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە ئێران بەبێ پێدانی هیچ ئاگادارکردنەوەیەک بە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەری، بۆیە هێشتا رەوشی ناوچەکە بە ئاڵۆزی ماوەتەوە.
رەنگە لە چەند رۆژێکی کەمی داهاتووی دیکەدا پاش پێدانی ئاگادارکردنەوەیەکی کەم یان هەر بەبێ ئاگادارکردنەوەش ئەو هێرشە بکرێت، بۆیە دەبێت ئێمە خۆمانمان بۆ ساز و ئامادەکردبێت.
دەیلی تەلەگراف
سوپای ئۆکراین تانکی بەریتانیی لە هێرشەکانیدا بۆسەر خاکی روسیا بەکارهێناوە
ئەو تانکە بەریتانییانە لە جۆری چالنجەر2ـن و سوپای ئۆکراینی بەکاریهێناون بۆ چوونە نێو خاکی روسیاوە و توانیویەتی سنووری روسیایان پێ ببەزێنێت. سەرچاوەیەکی سەربازیی بەریتانی راستیی ئەم هەواڵەی بۆ دەیلی تەلەگراف دووپات کردووەتەوە و گوتویەتی یەکەم جار سوپای ئۆکراین هێرشی کردووەتە سەر ناوچەی کورسک و چووەتە نێو خاکی روسیاوە، پشتی بەو تانکانە بەستووە. هەروەها وەزیری بەرگریی روسیاش گوتی، تانکی جۆری چالنجەر لەناوچە گوندنشینە سنوورییەکانی روسیادا بیندراوە.
عەرەب نیوز
ژمارەی کوژراوانی غەزە 40,000 کەسی تێپەڕاند
زۆربەی کوژراوەکان لە ژن و منداڵن. گەڕێکی نوێی گفتوگۆی ئاگربەست لە دۆحە دەستپێدەکاتەوە و ژمارەی ئەو فەلەستینییانەش کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لەنێو کەرتی غەزە کوژراون گەیشتوە بە 40,000 کەس.
لە دەوحەی پایتەختی قەتەریش گەڕێکی نوێی گفتوگۆکان بۆ ئاگربەست دەستیان پێکردووەتەوە. لەپاش 10 مانگ لە شەڕکردن ژمارەی ئەو ژن و منداڵانەی لە شەڕەکاندا کوژراون لە پیاوەکان زۆرترە. بەڵام لە حەوتی ئۆکتۆبەریشەوە تائێستا 17,000 چەکداری فەلەستینی کوژراون، بۆیە ئەمە دەریدەخات کە ژمارەی مەدەنییە کوژراوەکان زیاترە لە چەکدارەکان.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنی شەفەق
هەماهەنگییەکانی نێوان ئەنقەرە و بەغداد لە دژى پەکەکە زیاتر دەبێت
لە کۆبوونەوەى چوارەمین لوتکەى ستراتیژیی هەماهەنگی تورکیا و عێراق بە سەرۆکایەتی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، بڕیاردرا هەنگاوی نوێ لە دژی پەکەکە بگیرێتەبەر.
بە گوێرەى رێککەوتنى نێوان هەردوولا کە واژۆ کراوە، بڕیاردراوە لە بەغداد ناوەندێکی بەڕێوەبردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان و لە بەعشیقە ناوەندێکی سەربازیی هاوبەش بۆ راهێنانی سەربازی بکەنەوە.
جمهورییەت
رێگری لە زیاد خەرجى حکومەتى تورکیا ناکرێت
بەگوێرەى دەرخستەکانی وەزارەتی دارایی و گەنجینە لە مانگی تەمموزدا دانەوەی سووی بانکی گەیشتووەتە 145.4 بۆ 92.5 ملیار لیرە بەرزبووەتەوە.
لە گەنجینەى دەوڵەت لە مانگی رابردوودا 96.8 ملیار لیرە خەرج کراوە، لە حەوت مانگدا 844 ملیار لیرە کورتهێنانى بووە.
یەنیچاخ
لە تورکیا 17 ملیۆن کەس هەژارن
لە ماوەى 23 ساڵى دەسەڵاتی ئاک پارتی، لەمڕۆدا 41.8%ـى هاووڵاتیانی تورکیا هەژارن و دەستیان بە خواردن ناگات. 26.5%ـى هاووڵاتیانی تورکیا قەرزدارن. یەک لەسەر پێنجی هاووڵاتیانی تورکیا هاوکاری لە دەوڵەت وەردەگرن. 33.6%ـى هاووڵاتیان قەرزاری بانکەکانن و لەو رێژەیەش 9.1% دەتوانن قەرزی بانکەکان بدەنەوە.
تەقویم
نرخی سەوزە و میوە لە تورکیا گران و ناجێگیرە
نرخی سەوزە و میوە و بەروبوومە رووەکییەکان بە گران و بە نرخێکی زۆر جیاواز دەفرۆشرێت، نرخی ئەو سەوزەوات و میوەیەی لە کێڵگەکان بە سێ بۆ پێنج لیرە دەفرۆشرێت لە مارکێتەکان بە 60 بۆ 70 لیرە دەفرۆشرێت. لێرەدا جوتیار قازانج ناکات، هاووڵاتیان بە نرخێکی زۆر ناتوانن پێداویستییەکانى رۆژیان بکڕن.
لەم نێوەندەدا کەسێک بە رێژەیەکی زۆر قازانج دەکات! پێویستە حکومەت ئاوڕ لەم کێشەیە بداتەوە.