زووم…
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بەهۆی ئەو پێشهاتە نوێیانەی لە ناوچەکەدا روویانداوە، راگەیاندنی کاتى کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دواخراوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا وەڵامى لێدوانێکى گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دایەوە کە گوتبووی، لەگەڵ عێراق گفتوگۆ و رێککەوتنیان لەسەر کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان نەکردووە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت: رێککەوتن لەسەر شێوازی کشانەوەی راوێژکارە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لە عێراق کراوە و تەنها ئەوە ماوە رێککەوتن لەسەر وردەکاری و کاتی راگەیاندن و هەندێک وردەکاری لۆجیستی بکرێت.
دەشڵێت، زۆر نزیکبوون لەوەی کاتى رێککەوتنەکە رابگەیەنن، بەڵام بەهۆی پێشهاتە نوێیەکانی ناوچەکەوە کاتى راگەیاندنی کشانەوەى هێزەکانى هاوپەیمانان لە عێراق دواخراوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختی لەوەشکردووەتەوە، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق جیاوازە لە پرسی هێزەکانی هاوپەیمانان و بەغداد و واشنتن پێش هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پەیوەندییان هەبووە و دواتریش هەر پەیوەندییان دەبێت.
نزیکەی دوو هەزار 500 سەربازی ئەمریکا لە بنکەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەن وەک بەشێک لە هێزەکانی هاوپەیمانان لە دژی داعش.