زووم…
بەهۆی رەخنەگرتنی لە چۆنێتی بەڕێوەچوونی کارەکانی زانکۆ لە کۆبوونەوەیەکی بەرپرسانی حکومەت، د. پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی زووم، دوو هەفتە پێش ئێستا بە ئامادەبوونی 26 ئەندامی ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و بەرپرسی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی و وەزیری خوێندنی باڵا و پارێزگاری سلێمانی، د. پێشڕەر حەمەجان رەخنەی لە کەمتەرخەمی دارایی دەسەڵات گرتووە.
هەر بەگوێرەی زانیارتییەکان، د. پێشڕەر حەمەجان رەخنەی لە پێنەدانی دەرماڵەی دوو ساڵی 23 هەزار خوێندکاری زانکۆی سلێمانی گرتووە، کە وێرانی بەشە ناوخۆییەکان و نادادپەروەری لە داشکاندنی 40%ـی کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران کە سەدان خوێندکاری زانکۆی سلێمانی لێی بێبەشبوون.
زووم ئەوەشی زانیووە، ئەم رەخنانە هۆکار بوون بۆ خێرا دوورخستنەوەی لە پۆستی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی.
پێشتریش د.پێشڕەو حەمەجان رایگەیاندبوو، بیانووی دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی تەواوبوونی ماوەی یاساییەتی، لەکاتێکدا چەندانی دیکە ماوەی حەوت ساڵە لە پۆستەکانیاندان، دەشڵێت، وەزیری خوێندنی باڵا ساڵێک دوای بوونی بە وەزیر فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ دەرکردووە.