تورکیا جیاواز لە جارەکانی پێشوو، ژێرخانی رۆژئاوای کوردستان دەکاتە ئامانج و هێرشەکە زۆربەی شار و ناوچەکانی ئەو بەشەی کوردستانی گرتووەتەوە.
هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا کە بە بیانوی تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ دەستی پێکرد، خەریکە دەگۆڕێت بۆ هێرشی زەمینی .
هێرشە ئاسمانیەکان و تۆپخانەکانی دەوڵەتی تورکیا لە 19ی ئەم مانگەوە بۆسەر رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا کە زۆر جار رایگەیاندووە، شەوێک لەناکاو هەڵدەکوتینە سەریان کە مەبەستی شەڕڤانانی رۆئاوایە، ئەمڕۆ جارێکی دیکە باسی هێرشی زەمینی کرد.
ئەردۆغان گوتی، هێرشی ئاسمانی سوپای وڵاتەکەی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان بەردەوام دەبێت و ئامادەکاری بۆ ئۆپراسیۆنی زەمینیش بەردەوامە، کۆبانێ، منبج و چەند ناوچەیەکی دیکەی وەک ئامانج نیشاندا.
لەلایەکی دیکەوە، مەزلۆم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیش باسی ئەگەری هێرشی زەمینی سوپای تورکیا بۆ نێو خاکی رۆژئاوای کوردستان کرد.
مەزلۆم کۆبانێ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی رایگەیاند، هێرشی زەمینی تورکیا بۆ دەستبەسەرداگرتنی کۆبانێیە.
بەگوێرەی قسەکانی مەزلۆم کۆبانێ، تورکیا دەیەوێت لە کۆبانێوە بۆ عەفرین هەرێمێکی بێ کورد دروست بکات و بەشێکی دیکە خاکی سوریا بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی.
تورکیا دەیەوێت لە کۆبانێوە بۆ عەفرین هەرێمێکی بێ کورد دروست بکات
هەرچەندە بە زەقی باسی پرسی دروستکردنی هەرێمی ئارام لەنێو خاکی رۆژئاوای کوردستان نەکراوە، بەڵام، میدیاکانی تورکیا باس لەوە دەکەن کە تورکیا دەیەویت، نیازەکەی بۆ دروستکردنی هەرێمی ئارامی 30 کیلۆمەتری لەنێو خاکی رۆژئاوادا بکاتە کردار.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی ئەسوشێدت پرێس هەواڵێکی لەبارەی هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆکی حکومەتی سوریا بڵاوکردووەتەوە.
بەگوێرەی هەواڵەکەی ئاژانسی ئەی پی، ئەردۆغان نامەیەکی بۆ بەشار ئەسەد ناردووە و تێیدا لەبەرامبەر دژایەتیکردنی کوردی سوریا، ئەردۆغان زنجیرەیەک ئۆفەری پێشکەش بە ئەسەد کردووە، بەڵام ئەسەد چەندین مەرجی قورسی هەیە کە یەکێکیان کشاندنەوەی سەربازەکانی لە سوریا و هاوکارینەکردنی گروپە جیهادی و توندەڕەوەکانی دژبەری حکومەتی سوریایە.
ئەردۆغان خۆشی ئەم پرسەی نەشاردووەتەوە و هەر ئەمڕۆ لە کۆبونەوەی هەفتانەی پارتەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد کە دەکرێت، لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا دەست بە دانوستان بکەن و چاوی پێی بکەوێت.
ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیکیش کە بۆ ئاژانسی هەواڵی نۆرس پرێس قسەی کردووە، دەڵێت، تورکیا ژێرخانی رۆژئاوای کوردستانی بەئامانجگرتووە و دەیەوێت ناوچەکان داگیربکات و هاوڵاتیان ناوچەکانیان چۆڵ بکەن.
هەڵوێستی وڵاتانی جیهانیش، لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان لاوازە
هەڵوێستی وڵاتانی جیهانیش، لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان لاواز دەبینرێت، هەرچەندە ئەمریکا و فەڕەنسا روسیا رایانگەیاندبوو کە پێویستە تورکیا خۆی لە توندوتیژی بپارێزێت، بەڵام هێرشەکانی تورکیا بەردەوامە و لەسەر هەڵوێست و هەڕەشەکانی بۆ هێرشی زەمینی بۆ رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە.