زووم..
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بۆ گفتوگۆی ئەمنی و رووبەڕووبونەوەی تیرۆر گفتوگۆی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا دەکات.
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، کە هاوکات جێگری سەرۆکوەزیرانیشە لە تۆڕی ئێکس لە تویتێکدا دەڵێت، بۆ ئەنجامدانی ژمارەیەک کۆبوونەوەی گرنگ گەیشتوەتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا.
دەشڵێت، لە تورکیا لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوە کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی ژمارەیەک دۆسیەی گرنگ و هاوبەش دەکەن، لەسەروی هەموویانەوە، دۆسیەی ئەمنی و رووبەڕووبونەوەی تیرۆر لەگەڵ هاریکاری و هەماهەنگی بەرژەوەندی هەردوو وڵات.
بەگوێرەی ئەو وێنەیەشی فوئاد حسێن بڵاویکردوەتەوە، هەریەک لە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەگەڵیدایە بۆ تورکیا.
ئەمە چوارەم کۆبوونەوەى بەغداد و ئەنقەرەیە، رۆژنامەی یەنی بیرلیک دەڵێت، پێش کۆبوونەوەی گرووپى پلانى هاوبەش هەردوو وەزیر، لوتکەیەکی دووقۆڵی ئەنجامدەدەن.